رژێمی ئێران و (دانوستان) وەک ئامێرێک بۆ مانەوەی لەدەسەڵاتدا!

 دانوستان لەگەڵ رژێمی ئێران دژی بەرژەوەندی گەلانی ئێرانە!

 نووسینی عەبدولڕەحمان گەورکی

3 ساڵ لەمەوپێش



 نووسینی عەبدولڕەحمان گەورکی

 نووسەرو شرۆڤەکاری سیاسی لاپەڕەکانی مێژوو گەورەترین و گرینگترین شایەتحاڵن بۆ ئەو رووداوانەی کە لەهەناویدا تۆمارکراون و بۆ نەوەکانی دواتر ماون کە داوەری بکەن بەسەر رووداوو دۆسێیەکاندا. یەکێک لەگرنگترینەکانی مێژووی ئێراندا بریتییە لە (پرسی دانوستان) لەگەڵ رژێمی ئێستای ئێران!  دانوستان یەکێکە لەڕێگە لۆژیکییەکان بۆ چارەسەرکردنی کێشەی نێوان دوو لایەنی تر یان زیاتر. بەدرێژایی مێژوو هەبووە بەئێستایشەوە. بەڵام مەرجی پێویست بۆ رەوایەت و سەرکەوتن لە دانوستانەکاندا، باوەڕی پتەوی لایەنەکانە به دانوستان. ئەگینا، نەک کێشەکە بە چارەسەر ناگات، بەڵکو فۆرمێکی ئاڵۆزتر وەردەگرێت.

لەئێرانی ئەمڕۆدا، دانوستانەکانی رژێم لەگەڵ لایەنانی تر درۆزنانەیە و دانوستانی لایەنی بەرانبەریشی، یاریکردنیەتی لە سەر زەویی رژێمی ئێراندا. بۆچی؟ ئەوەی بەدرێژایی دەسەڵاتی ویلایەتی فەقیهی لەئێران سەلمێندراوەو بووە بەئەزموون ئەوەیە کەڕژێمی ئێران لەئاستی ئێران و دەرەوەی ئێرانداو لە بنچینەدا، باوەڕی بە "دانوستان" نەبووەو نییە.

بەتایبەتی لەو کاتەوە کە خومەینی، وەک دامەزرێنەری ئەم رژێمە، بە شەخسی فتوای کوشتنی دژ بەخەڵک و موقاوەمەتی سەرتاسەری ئێران دەرکرد! ئاماژەدان بە چەند نموونەیەک لەم بوارەدا، دەمانباتە سەر ئەو راستییەی کە دانوستان لەگەڵ ئەم رژێمە جووڵەیە لەسەر هێڵی مانەوەی رژێمی ئێران و خۆبەدەستەوەدانی لایەنی بەرانبەری رژێم:  لەناو ئێران: لەدوای کۆمەڵکوژییەکەی رۆژی 20ی حوزەیرانی 1981 (30ی جۆزەردانی 1360 خۆری) لەتاران کە بە فەرمانی خومەینی خۆی، (500) هەزار کەس لەخەڵکی ئەو شارە لە لایەن هێزەکانی حکومەتەوە خرانە بەر دەستڕێژی گوللە ، هەموو رێگەیەکی هێمنانەو سیاسی و لەوانە دانوستانکاری، بەڕووی گەل و لایەنە جەماوەری و شۆڕشگێڕ و نەتەوەییەکانی ئێراندا داخران. لەو کاتەوە خاڵی کۆتایی دانوستان لەگەڵ ئەم رژێمە دەرکەوت و خومەینی بژاردەی سەرکوت و بەکارهێنانی هێزو زۆرداری خستە بەردەم خەڵک و لایەنە سیاسییەکانی کۆمەڵگە.

ئەوەیش واتە بژاردەی ملکەچبوون و خۆبەدەستەوەدان. کەواتە لەوکاتەوە، هەر دانوستان و دانوستانێک لەگەڵ ئەم رژێمە، وەک پێشێلکارییەکی بنەڕەتی و هێڵی سووری نێوان خەڵک و دەسەڵاتی ئایینی لە ئێران دیاریکراوەو لەلایەن هەموو لایەنە سیاسیەکانیشەوە قبووڵ کراوەو (ئەنجومەنی نیشتمانیی موقاوەمەتی ئێران)یش لەسەر هەمان هێڵی سوور دامەزراوە. چونکە ئەم رژێمە هیچ باوەڕێکی بەدانوستان و گفتوگوو پێکەوەژیان و قبووڵکردنی ناڕازییان و نەیاران و (تەنانەت رەخنەگران) نەبووە و نییە. کارنامەی 43 ساڵەی رژێمی ئێران بەڵگەی ئەو راستییەیە و تیرۆرکردنی دوو سکرتێری گشتیی (حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران) لەلایەن تیمە تیرۆریستیەکانی ئەم رژێمەوە لەوڵاتانی ئەوروپایش هەم لەو رێڕەوەدایە و لێکدانەوەی بۆ کراوە. لەئاستی ناوچەکەدا: لەم دواییەدا عەبدوڵڵا ئەلموعەلیمی، نوێنەری سعودی لە نەتەوەیەکگرتووەکان لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ رۆژنامەی (عەرەب نیوز)ی سعودیدا رایگەیاند کە "هیچ ئەنجامێکی گرنگ بەدەست نەهاتووە لەپرۆسەی دانوستانی نێوان هەردوو وڵات". بەرپرسێکی ئێرانی بەڕۆیتەرزی راگەیاند کە کۆبوونەوەکە فەرمی نەبووەو هیچ بەرپرسێکی ئێرانی بەشدار نەبووە لە کۆبوونەوەکەدا.  

لەڕووی جیهانییەوە: دوای ئاشکراکردن و خستنەڕووی زانیارییەکانی تایبەت بە پرۆژە ئەتۆمییەکانی رژێمی تیرۆریستیی ئیران لەلایەن موقاوەمەتی ئێرانەوە، کۆمەڵگەی جیهانی بە پیلانە ترسناک و مەترسیدارەکانی رژێمی ئێرانی زانی! لە رۆژی 9 ی ئازاری 2003 ئەنجومەنی نیشتمانیی موقاوەمەتی ئێران، دوا بڕیاری رژێمی ئێرانی ئاشکراکرد لەمەڕ چەکی ناوەکی. دوابەدوای ئەم بڕیارە و لەکۆبوونەوەیەکی نهێنیدا، بەسەرۆکایەتیی عەلی خامنەیی، ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی رژێمی ئێران بڕیاری دەرکرد کە بە نهێنیکاری و گفتوگۆکردن و فێڵکردن و پاساوی دانوستاندن، پرۆژەی پیتاندنی یورانیۆم بە مەبەستی درووستکردنی بۆمبای ئەتۆم بەئەنجام بگەیەنێت و بەو رێگەوە، بەزمانی زبرو هەڕەشە قسە لەگەڵ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بکات. بەتایبەت لەگەڵ وڵاتانی ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا! بەردەوامبوونی خستنەڕووی زیاتری پڕۆژە ناوکییەکانی رژێمی ئێران لەلایەن ئەنجومەنی نیشتمانیی موقاوەمەتی ئێرانەوە، مەترسییەکانی دەسەڵاتی ئێرانی زیاتر دەرخست بۆ دەوڵەتانی جیهان.

بە جۆرێک کە لەبەرزترین ئاستی دەوڵەتانی زلهێزی جیهانیشدا دانی پێداهێنراو رۆڵی موقاوەمەتی ئێران لەخستنەڕووی پرۆژە ناوەکییەکانی رژێمی ئێران پشتڕاست کرایەوە. بەڵام بەرهەم و دەرهاویشتەی زاڵبوونی سیاسەتی سازشت و موداراکردن بەسەر حکوومەتەکانی رۆژئاواوە تایبەت بەڕژێمی ئێران، ملکەچبوونی ئەو حکومەتانە بوو لەهەمبەر دانوستان لەگەڵ رژێمی ئێران و لە هەنگاوی دواتردا چارەنووسی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی خستە مەترسییەوە. هەرچەندە کشانەوەی ئیدارەی ئەمریکا لەدانوستانە ئەتۆمییەکان لەگەڵ رژێمی ئێران، لە سەردەمی سەرۆکایەتیی پرێزیدێنت دۆناڵد ترەمپ، هەنگاوێکی دوورکەوتنەوە بوو لەدانوستاندن، بەڵام بەهاتنە سەرکاری ئیدارەی نوێی ئەمریکا، رژێمی ئێران توانی سەرلەنوێ و لەژێر ناوی (دانوستان) پرۆسەی بەدەستهێنانی بۆمبای ئەتۆم دەستپێبکاتەوە.

ئێستا ئەوە حکومەتەکانی ئەوروپاو ئەمریکان کە دەڵێن رژێمی ئێران دانوستان هەڵناگرێت و قابیلی گفتوگۆکردن نییە. چونکە رژێم بەدوای ئەوەدا دەگەڕێت کە "کات" بکڕێت تا بۆمبای ئەتۆمی بەرهەم بهێنێت!. لە راستیدا رژێمی ئێران توانیویەتی لە ژێر سایەی دانوستان و گفتوگۆکردندا، تەمەنی خۆی درێژ بکاتەوە کە بێگومان بەر لەهەر هەمووان، خەڵکی ئێران و موقاوەمەتی ئێران تیایدا زەرەرمەند بوون. کەوایە بە پشتبەستن بە مێژوو و زۆرێک بەڵگەی حاشەهەڵنەگر، ئێستا دەبێ کاتی کۆتاییهاتن بێت بەدانوستان لەگەڵ ئەم رژێمە. وەک چۆن موقاوەمەتی ئێران بە بەردەوامی رایگەیاندووە، تاکە رێگا بۆ چارەسەرکردنی کێشەی ئێران، زمانی زبرو سیاسەتی بڕەڕە بەرانبەر بەو رژێمە.

ئاسەوارە زیانبەخشەکانی بەردەوامبوون لەدانوستان لەگەڵ ئەم رژێمە، ئێستا بۆ هەمووان دەرکەوتووەو درێژەدان بە دانوستاندن لەگەڵ ئەم رژێمە، بە تایبەت کە ئاستێ ئێراندا، لەهەموو کاتێکی تر مەترسیدارترە.  دواخاڵ، ئێستا بەو ئەزموونانەی لەمەڕ کارنامەی رژێمی ئیران تایبەت بە"دانوستان" بە دەستهاتووە و هەمووان دانی پێدادەنێن، هەر چەشنە دانوستانێک لەگەڵ رژێمدا لەسەر ئاستی ئێران و ناوچەکە و جیهان لەگەڵ رژێمی ئێران بێئەنجام و بێ مانایەو یەکەم سوودمەندیش تیایدا، هەر وەک رابردوو، ئەو دەسەڵاتە دیکتاتۆرییەی ئێرانە. دانوستان لەگەڵ ئەم رژێمە بەپێچەوانەی داخوازی و راپەڕینەکانی خەڵکی ئیرانە لەپێناو کۆتاییهێنان بە رژێمی ئێران.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار