پەیڤێک بۆ 34 هەمین ساڵەی ئەنفالی دۆڵی جافایەتی
ئارام هەڵەدنی
3 ساڵ لەمەوپێش
ئارام هەڵەدنی
پێش شاڵاوی ئەنفال بەشێك لەدانیشتوانی گوندەكانی دۆڵی جافایەتی هەستیان بە مەترسی سەربازی رژێم كردبوو چونكە رۆژ بەڕۆژ بۆردومانی گوندەكان لەڕێی فڕۆكەو تۆپبارانەوە زیادی دەكرد.
بەشێك لەهاووڵاتی ناوچەكە بۆ رزگاربوون و نەفەوتانی خوێندنی مناڵەكانیان كە لەساڵی 1986 ەوە خوێندن لەچەند گوندێك وەستا رەوانەی شارەكانیان كردن بۆ ئەوەی لە خوێندن دانەبڕێن و ژیانی ئاسایی مناڵانیان نەوەستێت.
بۆردومانی چەكی كیمیایی بۆ سەر ناوچەكە ئاماژەیەكی مەترسیدار بوو كەڕژێم كردەیەكی سەربازی زۆر مەترسیداری بەدەستەوەیە و دەسپێكی شاڵاوی ئەنفال بوو بۆیە چەند كاژێرێك دوای بۆردومانی گوندەكانی دۆڵی جافایەتی سوپای زەبەلاحی عێراق پڕچەك بە چەكی كیمیایی و پێشكەوتوو كە بۆ ئەوكات بەپێی ریزبەندی پێنجەمین سوپای دنیابوو.
پرۆسەی ئەنفالی یەك ( سنوری دۆڵی جافایەتی و دەوروبەری ) نزیكەی یەك مانگی خایاند لە 22 ی شوباتی 1988 تا 19 ی ئازاری هەمان ساڵ ، دەسپێكی پەلاماری رژێمی بەعس بوو بۆ ناوچە كوردییەكان، شاڵاوێكی فراوان و گشتگیر بوو لەهەموو لایەكەوە فۆكس خرابووە سەر ناوچەكە بۆ ئەوەی كەس دەربازی نەبێت و بەئاسانی بگیرێت و هورەی هێزە هیلاكەكەی كە ماوەی هەشت ساڵ بوو لەشەڕی دژی ئێراندابوو بەرز بكاتەوە ، لێرەوە پەیام بگەیەنێت بە هاووڵاتیانی كوردستان كە هەموو كوردستان داگیر دەكات و دەست لەهیچ ناوچەیەك و شتێك ناپارێزێت بۆ ئەم مەبەستە لە پێگەی سەرەكی قەزاو ناحیەكانی ( دوكان ، بنگرد ، سورداش ، سەرچنار، چوارتا، قەڵاچوالان ) ی سەر بەپارێزگای سلێمانی واتە رۆژهەڵات و باشور و رۆژئاواوە هێرشی كردە سەر ناوچەكە تەنها لای باكور مابوو كە سنوری بەئێرانەوە بوو هەرئەوەش بووە هۆی دەربازبوونی بەشێكی زۆری دانیشتوانەكە و رزگاربوونی بەشی زۆری هاووڵاتیان.
لەو شاڵاوە بەرفراوان و بەهێزە بە پێشكەوتووترین چەكی ئەو سەردەمە و جەیش و جاشێكی زۆر بۆ لەناوبردنی دانیشتوانی دۆڵی جافایەتی بەكارهات بە مەبەستی كۆتایی هێنان بەپێگەی بەرگری و فشار لەسەر رژێم ، لای رژێم وا وێنا كرابوو سونبولی بەرگری و پەناگەی هێزی پێشمەرگەو دڵسۆزی كوردو كوردستان ئەو ناوچەیەیە.
سەركردایەتی یەكێتی و بارەگای بەشێك لە حزبە كوردیەكان لەو ناوچەیە بوون لەبەر هەموو ئەو هۆكارانە ویستی سەدام بوو كە ناوچەكە خاپور بكات و جارێكیتر گەلی كورد بیر لەشۆڕش و كوردایەتی نەكاتەوە.
بۆیە ئامادەسازی باشی بۆ كرد بەبەرنامەیەكی باش و ستراتیجی پلانەكەی جێبەجێكرد ، لەو پێناوەشدا پێش دەستپێكردنی هێرشەكە بۆ ئەو ناوچەیە هەندێك ئەندامانی سەركردایەتی گشتی هێزە چەكدارەكانی عێراق لەگەڵ سەركردەی فەیلەقی یەك و پێنج سەردانێكیان بۆ ناوچەكە كرد بەمەبەستی داڕشتنی دواپلان كە چۆن و بەچ شێوەیەك سەركەوتو دەبن لەپرۆسەكەدا.
لەكۆتایی مانگی كانونی دووەم و سەرەتای مانگی شوباتی 1988 هێزێكی یەكجار زۆر لە دەوروبەری دۆڵی جافایەتی كۆكرایەوە بەتایبەت لە بناری گۆیژە كە دەكەوێتە باكوری رۆژهەڵاتی سلێمانی و باشوری رۆژهەڵاتی دۆڵی جافایەتی، كارێزە، دەشتی مەرگە كە دەكەوێتە رۆژئاوای دۆڵی جافایەتی و سورداش ، هەر لەهەمان كاتدا سەربازگەكانی ( سەلام و سارداو ) پڕ هێزو چەك كران و چادر بۆ سەربازگەكان هەڵدراو چەندین كەتیبە و تۆپ و تانك و چەكی قورس ئامادە كرا بۆ پەلامارەكە.
بەمەبەستی سەركەوتن لەپرۆسەكە رژێم بە بەرنامە خۆی بۆ كردەكە رێكخست و لەڕۆژانی ( 6،7،8/2/1988 ) سوپا گەورەو زەبەلاحەكەی ئابڵوقەی ناوچەكەی دا لەشوێنی دیاری كراو دواتر لەچەندین قۆڵەوە هێرشێكی بەرفراولانیان دەستپێكرد.
قۆڵی یەكەم/
لەڕێگەی سەرەكی كارێزە بەرەو گوندی گاپیڵۆن ، لەوێشەوە هێزەكەیان بوو بەسێ بەشەوە:
• گاپیڵۆن بۆ سەر زنجیرە شاخی هێلانە بەرازو شاخی سورو گوندی گەڕەدێ و گەورەدێ.
• گاپێڵۆن بۆ گوندەكانی باڵخ و وڵاغلوو شاخی گۆجار.
• گاپیڵۆن بەرەو شاخی خەجەلەرزۆك.
قۆڵی دووەم/
لە دۆڵە رووتەوە بەرەو گوندی قزلەر لەوێ هێزەكەیان كردە دووبەشەوە بەم شێوەیە:
• گوندی قزلەر بەرەو كەڵكی قزلەر.
• گوندی قزلەر بەرەو شاخی یاخیان و لوتكەی چیایەر بەرامبەر زێوێ.
سەرپەرشتیاری ئەم دوو قۆڵە مقدم ( عارف حسێن محمد ) بوو.
قۆڵی سێیەم/
لەسەر جادەی سورداشەوە بەرەو زێوێ.
قۆڵی چوارەم/
لەسەر جادەی سورداشەوە بۆ قوڵە پوشین، قوڵە سەوز، كلكەی سپیلك، لەوێشەوە بەرە گوندی شەدەڵە.
قۆڵی پێنجەم:
لەسەرجادەی دوكانەوە بۆ گوندی سورداش، هۆمەرقەوم، شەدەڵە، شاخی دابان.
قۆڵی شەشەم/
لەسەر جادەی دوكانەوە بەرەو گوندی قەمچوغەی كۆن، گوندی سەرمۆرد.
قۆڵی حەوتەم/
لەقەرەسردەوە بەرەو گوندی قەڵەمپاشا ، كڵاوسپی.
قۆڵی هەشتەم/
لەجادەی بنگردەوە بۆ گوندەكانی هەنجیرە، شارەستێن ، سێدەر، دۆڵەبی ، هەوارەبەرزە.
قۆڵی نۆیەم:
لەبنگردەوە بەرەو ئاوەژێ، چنارنە، سیروان.
هەردوو قۆڵی هەشت و نۆ لەلایەن عەمید روكن ( سوبحی فازیل ) جێگری فەرماندەی فەیلەقی پێنج سەرپەرشتی دەكرا.
هێرشەكە زۆر بە بەرنامە و فراوان رێكخرابوو وەكو شەڕ لە گەڵ دەوڵەتێكی زلهێزی بەرابەر خۆی بكات.
سەرپەرشتیاری هێرشەكە ( لیوا روكن سوڵتان هاشم احمد ) بوو ناوبراو زۆر شارەزای ناوچە كوردستانیەكان بوو، چونكە كاتێك لە پلەی ملازمدا بووە راژەی سەربازی لە ناوچەكانی كوردستان بەجێهێناوە.
فەرمانی سەرپەرشتی كردنەكەش لەلایەن سەرۆكی ئەركانی سوپا ( نزار عبدالكریم خەزرەجی ) و یاریدەدەرەكەی ( حسێن رەشید )ەوە پێی سپێردرا.
هێزەكان كە بەشداربوون لە ئەنفالی یەكدا بریتیبوون لە ( 60 ) فەوج و دەیان فەوجی سوك و مەفرەزەی تایبەت جگە لە دەیان كەتیبەی تۆپی 130ملم و 150ملم عەمید ( علی حسێن مزعەل ) فەرماندەی هێزەكانی ( بدرالكوبرا ) كە تەنها لە ئەنفالی یەكدا شەش مەدالیای بەخشی