دیوە شاراوەكانی ناكۆكی لایەنەكان تایبەت بەهەڵبژاردنی داهاتوو
محەمەد عەلی
3 ساڵ لەمەوپێش
محەمەد عەلی
كاتێك باس دێتەسەر هەڵبژاردن، ئیدی لایەنە سیاسییە جیاوازەكان هەریەكەو بەگوێرەی بەرژەوەندییەكانی لێكدانەوەو شرۆڤەی جیاواز بۆ چوارچێوە یاساییەكەی دەكەن و بۆ پەردەپۆشكردنی مەبەستەكەیانە، كە دواخستنی هەڵبژاردنە، بەو هۆكارەشی كە پارتی دیموكراتی كوردستان زۆرینەی ناو پەرلەمانە و سەرۆكایەتبی زۆرینەی جومگەكان و دامەزراوە جیاوازەكانی ناو حكومەتی هەرێم دەكات، ئیدی هەمووان مەبەستیانە بەهەر جۆرێك بێت رێگری بكەن لەداهاتوودا زۆرینە بێت و هاوكات دواخستنی هەڵبژاردنیش بخەنە ئەستۆی، لەكاتێكدا پێچەوانەكەی دروستە.
تایبەت بەهەیكەلیەتی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و راپرسی، ئەوەی لایەنەكان داوای دەكەن كەتەنها بۆشاییەكان پڕبكرێتەوە و گۆڕانكاری لە پێكهاتەیدا نەكرێ، پێچەوانەی یاسا و بۆچوونی خۆیانە لەڕابردوودا، بەو پێیەی ئەندامیەتی كۆمسیاران لە كۆمسیۆن تەنها بۆ چوار ساڵە و لەئێستادا دووساڵ تێپەڕیوە بەسەر ماوە یاساییەكەیاندا، هاوكات لەڕابردوودا شێوازی پێكهاتەكەی كۆمسیۆن لەسەر داواكاریی حزبەكان خۆیان، كە هاوبەشی پارتی دیموكراتی كوردستان بوون لەكابینەی رابردوو بەپێی ژمارەی كورسییەكانیان بوو لەپەرلەمان، بۆیە ئەگەر بێت و سەیری پێكهاتەی پەرلەمانی ئێستا بكەین، هەم ژمارەی كورسییەكانی حزبەكان گۆڕاوە و لەهەمان كاتیشدا حزبی نوێ بوونی هەیە لە پەرلەمان، كەوابێ ئەم داواكاریانە هەم نایاسایی و هەمیش ناواقعین و تەنها مەبەست بۆ دواخستنی هەڵبژاردنە.
هاوكات هەر كاتێك بابەتی هەڵبژاردن بێتە رۆژەڤ، زۆرینەی لایەنەكان بابەتی كەمكردنەوەی كورسیی پێكهاتەكان دێننەوە بەرباس و دەیكەن بەكارتێك بۆ مەبەستی تایبەت، ئەگینا ئەوەتا لەهەڵبژاردنی ١٠/١٠ لەعێراق بە تایبەتی لەبەغدا هێزەكانی نزیك لەحەشدی شەعبی زۆرینەی كورسیی كۆتاكانیان بۆ خۆیان یەكلاكردەوە، بەشێوەیەك كاندیدی كۆتاكان لە هەندێك شوێن دەنگی هێناوە كە هەمووی شیعەن، كەچی هیچ لایەنێكی كوردی تێبینی نەبوو، ئەمە جگە لەوەی بەهانەیەكە بۆ دواخستنی هەڵبژاردن، هاوكات مەبەستیانە لەم رێگەیەوە پەیامێكی نادروست بۆ لایەنە نێودەوڵەتییەكان بنرێن، كە ئەوانەی لەپەرلەمانن نوێنەرایەتیی پێكهاتەكان ناكەن، لەهەمان كاتیشدا ئەم وێنە پێكەوەژیانەی چەندین ساڵە كوردستان شانازی پێوە دەكات، بیشێوێنن.
خۆ ئەگەر بێینە سەر باسی خودی یاسای هەڵبژاردن، بەهەمان نەفەسی دواخستنی هەڵبژاردن مامەڵەی لەگەڵدا دەكەن، لەماوەی رابردوو لەسەروبەندی هەمواركردنی یاسای هەڵبژاردنەكانی عێراق تایبەت بە فرەبازنەكردنی هەڵبژاردنەكان، زۆرترین بەرهەڵستی و رەخنە لەلایەن حزبە كوردستانییەكانەوە بوو كە دەیانگوت ئەم شێوازە لە خزمەتی حزبە گەورەكانە و بۆ لەقاڵبدانی بچووكەكانە، كەچی ئێستا لە كوردستان داوای فرەبازنەیی دەكەن، هاوكات فۆكسی زۆربەی لایەنە ئۆپۆزسیۆنەكان لەڕابردوودا لە سەر ئەوە بووە كە پەرلەمانی كوردستان بەپێی پێویست كارا نەبووە، كە هۆكاری سەرەكی دەگەڕێتەوە بۆ خودی یاساكە، كە نیمچەكراوەیی سیستەمەكە جۆرێك لە ئەندام پەرلەمانی هێناوەتە پێش، كە لە ئاست ئەم ئەركەدا نین، بەڵكو بەشێوەیەك مامەڵە دەكەن كە پێگەی ئەم دامەزراوە گرینگەیان زۆر لەكەدار كردووە، لەكاتێكدا داخراویی سیستەمەكە دەبێتە هۆكارێك بۆ ئەوەی حزبەكان بتوانن باشترین كادیرو بەپێی پسپۆڕیی جیاواز بنێرن بۆ پەرلەمان.
لێرەدا دەكرێ تیشك بخەینە سەر هۆكارە سەرەكییەكانی پشتەوەی هەنگاوەكانی ئەم لایەنانە بۆ دواخستنی هەڵبژاردن، یەكێتیی نیشتیمانی دوای رووداوەكانی ٨ی تەمموز بە سەرۆكایەتی (بافڵ تالەبانی) خەریكی رێكخستنەوەی حزبەكەیەتی، بۆیە ئامادە نییە بەم شێوەیەی ئێستا بچێتە هەڵبژاردنێكی ترەوە، بزووتنەوەی گۆڕان لەئێستادا سەركردایەتیی نەماوە لە دوای دەستلەكاركێشانەوەی سكرتێرو گشت ئەندامانی جڤاتی گشتی، كۆمەڵی دادگەری حاڵی لەوانی تر باشتر نییە و تاكو ئێستا تای پاشەكشە چاوەڕوانكراوەكەی ١٠ی ئۆكتۆبەر بەرینەداوە، نەوەی نوێش هەمان بۆچوونی هەیە و ئەویش دواخستنی هەڵبژاردنە بەو هۆكارەی مەبەستیەتی كات بەدەست بهێنێت بۆ ئەوەی بتوانێ مانۆڕی زیاتر بكات بۆ بەدەستهێنانی سۆزی جەماوەری كوردستان بەچەند مانۆرێكی چەواشەكاری، ئەمە لە كاتێكدایە ئەوەی لەهەمووان زیاتر ئامادەی ئەم هەڵبژاردنەیە، پارتی دیموكراتی كوردستانە، بەجۆرێك زۆرینەیە لە پەرلەمانی كوردستان و لەكۆتا هەڵبژاردنی عێراقیش خەڵكی كوردستان دووبارە متمانەی پێ دایەوە، كە بێگومان سەركرایەتییەكی سەقامگیری هەیە.