خەڵکی ئێران بەردەوامن بەرەو رووخاندنی دیکتاتۆرییەت!
عەبدولرەحمان گەوركی(مهاباتی)
3 ساڵ لەمەوپێش
عەبدولرەحمان گەوركی(مهاباتی)
ئەمساڵ بەنزیکبوونەوەی ساڵیادی شۆڕشی دژە پاشایەتی خەڵکی ئێران دژ بەدەسەڵاتی محەمەدڕەزاشا پەهلەوی لە 22ی رێبەندانی 1979 سروشت و پێناسەی هاوبەشی هەردوو دیکتاتۆری پێشوو (شا) و دیکتاتۆرییەتی ئێستا (ویلایەتی فەقیهی) زیاتر بۆ رای گشتی ئێران و جهان دەرکەوت و بارودۆخی روو لەتەقینەوەی کۆمەڵگەی ئێران زیاتر لەهەموو ساڵێکی تر ئاسۆی ئەم رەوتەی خستەروو. رژێمی شا رژێمێکی دژەمرۆیی و سەرکوتکەر بوو.
تاوان و تاڵانکارییەکانی، سەری ئەم دیکتاتۆرییەتەی خوارد. هەر بۆیە لەسەر دەستی خەڵکی ئێران لەناوچوو. پێشتریش، تا لێواری روخاندن چووبوو. بەڵام پیلانی هاوبەشی زلهێزان و کۆنەپەرستان لە رووخاندنی. لەوانەیش، کودەتای شوومی ساڵی 1953 کە بووە هۆی رووخاندنی حکومەتی نیشتمانیی د.محەممەدی موسەدق! لە 22ی رێبەندانی 1979 رژێمی دیکتاتۆریی شا بۆ هەمیشە لەلایەن خەڵکی ئێرانەوە رووخێندراو لادرا.
بەڵام رووخانی ئەم دیکتاتۆرە بەداخەوە بووە هۆی سەرهەڵدانی دیکتاتۆرییەتێکی توندوتیژتر کە لەژێر ناوی (مەزهەب) و دەستی بەسەر چارەنووسی خەڵکی ئێراندا گرت. ئێستا 43 ساڵە خەڵک لەبارودۆخێکی زۆر بە ئازارتردان لەچاو جارانن! هەرچەندە خەڵکی ئێران برینی قووڵی ئەم دوو دیکتاتۆرییەتەیان بەسەر جەستەوەیە، بەڵام سوورن لەسەر بەردەوامبوون بەرەو سەرکەوتنی کۆتایی. چونکە ئەوان ئێستا خاوەن دەستکەوت و داراییەکەی زۆرن کەهەرە گرینگیان، رەوتێکی سیاسییە کە لەناو کۆمەڵگادا رەگ و ریشەی داکوتاوە و باڵی بەسەر هەموو بەشەکانی وڵاتدا کێشاوەو توانیویەتی ئەلتەرناتیڤی هەرە دێرین بەرانبەر بەدیکتاتۆرییەت تۆمار بکات.
واتا (ئەنجومەنی نیشتمانیی موقاوەمەتی ئێران) کە لە لایەن خەڵکی ئێران و بەشێکی هەرە زۆری کۆمەڵکای جیهانی و لایەنە سیاسی و کۆمەڵایەتی و جەماوەرییەکانەوە پشتگیری دەکرێت! ئەمساڵ لەسەروبەندی ساڵیادی شۆڕشی دژە پاشایەتییەکەی 22ی رێبەندانی 1979، هێزەکانی موقاوەمەتی ئێران لە ناوخۆی ئیران گەشەسەندنێکی بەرچاویان لەخۆیان نیشاندا. لەساڵیادی کوژرانی قاسم سلێمانی، پەیکەری ناوبراویان، تەنیا چەند کاتژمێر دوای دانانی لەشوێنێکی شاری (شەهریکورد) ئاگر تێبەردا. لە رۆژی 7ی رێبەندانی ئەمساڵیش لەدەستپێشخەرییەکی نوێ و بەرچاودا و بۆ یەکەمجار، بە لەکارخستنی زیاتر لە 25 تۆڕی تەلەڤیزیۆنی و میدیایی حکومەت، شۆکێکی بەئازاریان خستە سەر جەستەی ئەم رژێمە و بەبڵاوکردنەوەی دروشمی (مەرگ بۆ خامنەیی، درود بۆ رەجەوی) لەسەر ئەم تەلەڤیزیۆنانە، گیانێکی تازەیان بەخشی بە کۆمەڵگەی ئێراندا. خەڵکی ئێرانیش پێشوازییەکی زۆریان لەم هەنگاوە بوێرانەیە کردو خۆشحاڵیی خۆیان لەمکارە دربڕی. ئەمکارە کە لەسەر ئورگانێکی زۆر پارێزراوی رژێم بەناوی (دەزگای دەنگ و رەنگی کۆماری ئیسلامی ئێران) ئەنجام دراو بەدەنگی بەڕێز (مەسعود ڕەجەوی)
رێبەری موقاوەمەتی ئێران یاوەری کرا کە گوتی: «ئێمە ئەمڕۆ هەروەک پێشوو شانازی بەوەوە دەکەین کە وتبوومان (مەرگ و نەمان بۆ رژێمی کۆنەپەرستی ئێران) و لەسەری سوور بووین و تا دوا هەناسەو تا دوا دڵۆپی خوێنمان پێداگرین لەسەری. هەروەک چۆن گوتمان: رووخاندنی رژێم. رووخاندنی رژێم» هەنگاوێکی گەورە بوو بەرەو گەیشتن بە سەرکەوتن. واتا بەدیهێنانی ئازادی. ئەم هەنگاوە هەڵتەکاندنێکی گەورەیە بۆ گۆڕینی دوخەکەو رۆشنایی دەخاتە سەر دواڕۆژی ئێران و ئێرانی. ستراتیژییەکی دیار و روون و بە ئەڵتەرناتیڤێکی دێرین و پەیامێکی روون لەهەمبەر شۆڕش و راپەڕینی گەل. دوابەدوای ئەم هەنگاوە، کە تا ئێستا کاریگەریی و شوێنەوارەکانی بەسەر جەستەی حکومەتەوە دیارە، لە شەوی ساڵیادی شۆڕشی 11ی شوباتدا هەمان کار لەسەر تۆڕە دەنگییەکانی (بازاڕی ڕەزا) لەمەشهەد و فەردیس و کەرەج و چەند شوێنێکی تر ئەنجام درا کە بۆ رژێمی ویلایەتی فەقیهی ئێران تاسێنەر بوو.
چونکە ئەو درووشمانە وترانەوە کە بە لای دەسەڵاتەوە درووشمی هەرە سوور بوون! هەمان شەو، لەتاران و سەدان شاری ئێران، خەڵک بە وتنەوەی «مەرگ بۆ خامنەیی» و «مەرگ بۆ ستەمکار چ شا بێت و چ رێبەر (واتا خامنەیی)» پێداگربوونی خۆیان نیشاندا لەمەڕ بەردەوامبوون و قوڵکردنەوەی شۆڕشی دژە پاشایەتی تاڕووخاندنی رژێمی دیکتاتۆری ئێستا و ئەو پلانەی دەسەڵاتدارانی ئێرانیان پووچەڵ کردەوە کە ویستبووی دەسەڵاتی خۆیان بەهێز بنوێنن. بەمجۆرە، هەنگاوێکی نوێیان لەخۆیان نیشاندا لەبەرەنگاربوونەوەی دیکتاتۆرییەتی ئایینی. واتا ئەو هەنگاوەی کە شانەکانی شۆڕشی سەر بە موقاوەمەتی ئێران رۆڵی یەکلاکەرەوەیان تێدا بینیوە.
لەساڵیادی راپەڕینی 22ی رێبەندانی 1979دا کۆمەڵگای ئێران لەسەروبەندی گۆڕانکارییەکی گەورەدایە. تەرازووی هێزەکان لەنێوان خەڵک و حکومەتدا بە شێوەیەکی گۆڕانکاریی بە خۆیەوە بینیوە لەبەرژەوەندی خەڵکدا و رژێمی خستۆتە دۆخێکی ناسک و پاشەکشە. عەلی خامنەیی لەم دواییانەداو لە لێدوانێکیدا، هۆشداری دا بەکاربەدەستان و بەرپرسانی حکومەت و وتی «مرۆڤ ناتوانێت هەمیشە لە بەرگریکردندا بمێنێتەوە. دوژمن هێرش دەکات، دەبێت ئێمەیش هێرش بکەین» (کۆبوونەوە لەگەڵ ئەندامانی هێزی ئاسمانی _ 19ی رێبەندان). ئەمەیش بەڕوونی دەریدەخات کە حکومەت شکستی هێناوە لە کۆنترۆڵکردنی بارودۆخەکەدا . ئێستا دوای تێپەڕبوونی 43 ساڵ بەسەر ئەو رۆژەدا کە خومەینی دەستی بەسەر رێبەراتیی شۆڕشدا گرت، سەرلەنوێ ئێران لەگەرمەی راپەڕیندایە. زنجیرە خۆپیشاندان و راپەڕینە جەماوەرییەکان و چالاکییەکانی شانەکانی شۆڕش، زەنگی رووخاندنی دەسەڵاتیان لێداوەتەوە. دیکتاتۆرییەتی شا، بەداخستنی هەموو رێگاکان بە رووی شۆڕش و پارتە سیاسییەکاندا و کوشتنی شۆڕشگێڕان و خەباتکارانی راستەقینە و زیندانیکردنی سەرکردە راستەقینەکانی شۆڕشدا، رێگەی خۆشکرد بۆ هاتنەسەر کاری رەوتە کۆنەرپەرستەکان و لەوانە رەوتی کۆنەپەرستانەی خومەینی. کەواتە خومەینی بەناحەق و ناڕەوا دەسەڵاتی گرتە دەست و دیکتاتۆرییەتێکی خراپتر لەدیکتاتۆرییەتی پێشووی بەسەر خەڵکدا سەپاند کە بێگومان یارمەتیدان و هاوکاریکردنی دەوڵەتانی رۆژئاو بە ئاشکرا، هاندەر بوو بۆ خومەینی کە خۆی بەسەر خەڵکدا فەرز بکات. بەمجۆرە هەروەک بەڕێز مەسعود رەجەوی لەسەرەتاوە گوتبووی: «جێگرەوەی راستەقینەی شا، شەخسی خومەینی بوو». خومەینی هەموو تاوان و خیانەتە تەواونەکراوەکانی شای گەیاندە ئەوپەڕی خۆی. شۆڕشەکەی بەسەر خاوەنە راستەقینەکانیدا خاپوور کرد. هەموو ئەو شۆڕشگێڕانەی لەسێدارە دا یان ناچاری کردن وڵات بەجێ بهێڵن کە شا دەرفەتی لەناوبردنیانی نەبوو. زۆرێک لەو کەسانەی لەساڵانی 1980 و بەدیاریکراوی لەساڵی 1988 لە سێدارەی دان، هەمان ئەو گەنجانە بوون کە لەهەموو شارەکاندا پێشەنگ بوون و رێکخەری راپەڕینەکانی ساڵانی بەر لەڕاپەڕینی 1979 بوون. ئێستایش پاشماوەکانی دیکتاتۆری پێشوو و هەروەها ویلایەتی فەقیهی دەسەڵاتدار دەیانەوێت بۆ رێگریکردن لە راپەڕینی گەل، خەڵکی ئێران و بە تایبەتی لاوان لەشۆڕش و رووخاندنی دیکتاتۆرییەت پاشگەزو دڵسارد بکەنەوە. سیاسەت (نا) بۆ دیکتاتۆرییەت لەئێران، تاکە سیاسەتی دیمۆکراتییانە و نیشتمانی و نەتەوەیی و خەباتکارانەیە لەم هەلومەرجەدا. هەر شتێکی تر جگە لەمە، لەخزمەت دیکتاتۆرییەتدایە. عەلی خامنەیی و دەزگای موخابەراتی و ئاسایش و پڕوپاگەندای رژێمی ویلایەتی فەقیهی ئاخوندی و پاشماوەکانی رژێمی شا لەهەنگاوێکی فریودەرانەدا ئیدییعای ئەوە دەکەن کە ئەم رژێمە، ئاڵترناتیڤی نیە و دەبێ ئەم رژێمە قبوڵ بکرێت و لەگەڵی بسازێن. ئەمە درۆیەکی دژە مێژوویی گەورەیە. لەناوبردنی ئەم رژێمە مافی بێ مشتومڕی خەڵکی ئێرانەو رۆڵەکانی ئەم گەلە بۆ ئەم مەبەستە دەژین و بۆ ئەم مەبەستە هەناسەیان دێت و دەچێت!.