بیره‌وه‌رییه‌کانی کاکیخۆم
ئه‌و گه‌نجه گه‌رمیانییه‌ی له‌وڵاتی غه‌ریبیدا بوو به مامه‌خه‌مه‌ی کوردان
هیوا ناسیح
3 ساڵ لەمەوپێش
هیوا ناسیح
له‌م ماوه‌یه‌دا کتێبی به‌سه‌رهاتی ژیان، یان بیره‌وه‌رییه‌کانی کاکیخۆمم خوێنده‌وه، که به‌ناوی کاردۆخ، کورده‌که (Kardox, der Kurde، Lebensbericht)یه‌و چاپی یه‌که‌می ساڵی ٢٠١٨ له‌ئه‌ڵمانیا له‌سه‌ر کاغه‌زێکی بریقه‌دارو جوان و قه‌باره‌ی مامناوه‌ند که ٣٦٤ لاپه‌ڕه‌یه بڵاوکراوه‌ته‌وه،. زیاتر له ٣٠ وێنه‌و ده‌یان به‌ڵگه‌نامه‌ی کوردی و ئه‌ڵمانی له‌پاشکۆیدا چاپکردووه، کتێبه‌که‌یان ده‌وڵه‌مه‌ندتر کردووه.
دیاره من یه‌ک له‌ئاره‌زووه‌کانم خوێندنه‌وه‌ی بیره‌وه‌ریی مرۆڤه‌کانه، جا کورد بێت یان بێگانه، که گۆڕانکاری و به‌رزی و نزمی زۆریان له‌ژیاندا بینیوه‌و تاڵی و سوێری و ساردوگه‌رمی رۆژگاریان زۆر چه‌شتوه. رۆژێکیان به رێکه‌وت چاوم که‌وته سه‌ر ئه‌م کتێبه، زانیم هی کوردێکی خه‌مزه‌ده‌و که‌سه‌ردیده‌یه بۆیه یه‌کسه‌ر کڕیم، به‌ڕاستی خوێندنه‌وه‌ی ئه‌م بیره‌وه‌رییانه‌ی کاکیخۆم محیه‌ددین تام و چێژێکی تایبه‌تی پێ به‌خشیم، ئه‌شێ له‌به‌ر ئه‌وه بێت هه‌ندێک خاڵی هاوبه‌ش له‌نێوانماندا هه‌یه، هه‌رچه‌نده جیاوازی ته‌مه‌نیشمان بڕێک زۆره، وه‌ک ئه‌وه‌ی ئه‌ویش کورده و خه‌ڵکی گه‌رمیانه، خاک و وڵاتی خۆی له‌بیرنه‌کردووه، ئاواره‌ی ئه‌وروپا بووه و لێره توانیویه‌تی زمان باش فێرببێت و له‌گه‌ڵ کۆمه‌ڵگای ئێره‌دا ئاوێته ببێت. یان ره‌نگه له‌به‌رئه‌وه بێت، یه‌که‌مجاره بیره‌وه‌ریی کوردێکی په‌ڕاگه‌نده‌ی هه‌نده‌ران به‌زمانی بیانی ده‌خوێنمه‌وه.
دیاره نووسینی بیره‌وه‌ریی، که یه‌کێکه له‌ژانره گرنگه‌کانی ئه‌ده‌ب و خوێنه‌ری زۆره له‌جیهاندا، بۆ ئێمه‌ی کورد و به‌زمانی بێگانه بایه‌خی تایبه‌تی هه‌یه، چونکه له سه‌رێکه‌وه له‌میانه‌ی گێڕانه‌و‌ه‌ی رووداوه‌کانه‌وه که به‌سه‌ر خۆمان و گه‌له‌که‌مان هاتووه، چه‌وسانه‌وه‌و خه‌بات و به‌رگری و کۆمه‌ڵکوژییه‌کانی گه‌له‌که‌مان به‌خوێنه‌ری بیانی ده‌ناسێنین، هاوکات دابونه‌ریت و که‌لتوری گه‌له‌که‌مان پێیان ئاشنا ده‌که‌ین، وه‌ک لێبورده‌یی، میواندۆستی، به‌خشنده‌یی، هاوده‌ردی و هاوخه‌می که‌سوکار و دراوسێ بۆ یه‌کدی... هتد. لهسه‌رێکی تریشه‌وه بۆ هاوزمانه‌که‌مان گرنگن، که ده‌یخوێننه‌وه، له‌و رووه‌وه که پڕه له‌ئه‌زمونی ژیانی ده‌ربه‌ده‌ریی و ئاواره‌یی و کارکردن و خوێندن و ئاوێته‌بوون له‌گه‌ڵ کۆمه‌ڵگه‌ی خۆرئاواییدا، هاوکات دانه‌بڕان له‌خه‌بات بۆ ئازادی و مانه‌وه‌ی گیانی نه‌ته‌وایه‌تی به‌مانا مرۆڤایه‌تییه پێشکه‌وتووخوازییه‌که‌ی له‌و کوردانه‌ی له‌وڵاتانی بیانی و هه‌نده‌ران ده‌ژین، ئینجاش فێربوون و زانیاری ده‌رباره‌ی که‌لتورو دابونه‌ریت و ر‌ه‌فتاری ژیانی رۆژئاوا‌و یاسا و رێساکانیان له‌ژیانی رۆژانه‌دا.
کاکیخۆم له‌گوندی عوسمانه‌له‌کە-ی نزیک که‌رکوک ساڵی ١٩٥٥ تێیدا له‌دایکبووه، لەخێزانێکی گه‌وره‌دا، له‌وێوه به‌سه‌رهاتی ده‌ربه‌ده‌ری و هه‌ژاری و چه‌رمه‌سه‌ری ژیانی ده‌ستپێده‌کات، که ئه‌م هێشتا مناڵێکی هه‌شت ساڵانه و باوکی به‌هاندانی دراوسێیه‌کیان ده‌ینێرێته به‌ر خوێندن. ئیتر له‌و کاته‌وه چیرۆکی ده‌ربه‌ده‌ریی و گوندسوتانیان ده‌ستپێده‌کات، ئاواره‌ی که‌رکوک ده‌بن، له‌هه‌ژاری و ناچاریدا هه‌ر به مناڵی له‌گه‌ڵ براکه‌یدا نۆکی کوڵاو ده‌فرۆشن، سه‌ره‌تای لاویی به‌خوێندن و کرێکاری و به‌پاسکیلێکه‌وه به‌سه‌ربردووه، له‌گه‌ڵ عه‌شقبازی و سیاسه‌تدا هاوته‌ریب خه‌ریکبووه، ئه‌و لاپه‌ڕانه قه‌سیده ناوداره‌که‌ی شێرکۆ بێکه‌سی نه‌مری بیرخستمه‌وه (یاده‌وه‌ریی پاسکیلێکی که‌رکوکی) بیرخستمه‌وه.
ناوبراو ساڵی ١٩٧٨ له‌کوردستان دوای زیندانی و ئه‌شکه‌نجه‌ی به‌عس و ئه‌منی که‌رکوک هه‌ڵدێت و ده‌گاته ئیتاڵیا و دواتر به‌رلین، له‌وێوه له‌پاڵ کار‌و زمان فێربوون و دواتر خوێندنی زانکۆیدا، به‌رده‌وام به‌هانای ئه‌و کورده ئاوارانه‌وه ده‌چێت، که تازه دێنه ئه‌و وڵاته‌و به‌تایبه‌ت به‌رلین، به‌چاوپۆشین له‌وه‌ی خه‌ڵکی کوێن و له‌کام پارچه‌ی کوردستانه‌وه هاتوون، ده‌گێڕێته‌وه که چۆن ئه‌م وه‌ک خوێندکارێک له‌شوقه‌یه‌کی بچووکدا ژیاوه، په‌یتا په‌یتا کورده په‌ناخوازه تازه‌گه‌یشتووه‌کانی بردۆته‌وه بۆ ماڵی خۆی و هاوڕێکانی، ته‌نانه‌ت جارێکیان و سه‌روه‌ختی کۆڕه‌وه‌که سێ خێزان که ژماره‌یان ١٣ که‌س بووه له‌وێستگه‌ی شه‌مه‌نده‌فه‌ری ئه‌وێوه ده‌باته‌وه به‌ره‌و شوقه‌که‌ی خۆی! که ته‌واو که‌نه‌فت و ماندووی رێگه بوونه، نانی داونه‌تێ و خۆی لای هاوڕێکه‌ی خه‌وتوه تا چه‌ند رۆژێک لای ئه‌م حه‌ساونه‌ته‌وه و ئینجا خۆیان ته‌سلیمی فه‌رمانگه‌کانی ئه‌وێ کردووه. هاوکات خه‌ریکی خه‌باتی سیاسی بووه له خۆپیشاندان دژی رژێمی به‌عس و له‌گه‌ڵ کۆمه‌ڵه‌ی خوێندکارانی کورد له‌ئه‌وروپا، که چالاکترین رێکخراوی ئه‌وکاتی کورده‌کانی ئه‌وروپا بووه. هاوکات له‌گه‌ڵ کۆمه‌ڵێک کچ و کوڕی کورد‌و ئه‌ڵمانی تردا گروپێکی هه‌ڵپه‌ڕكێی کوردیشیان دامه‌زراندوه‌و له‌وێ و وڵاتانی تری ئه‌وروپا له نه‌ورۆزو بۆنه‌کانی تردا چالاکی هونه‌رییان سازکردووه.
کاکیخۆم خۆی ناوی کاردۆخه، بەڵام بەردەوام لە قسەکردندا «کاکی خۆم»ی بەکارهێناوەو ئیدی کوردەکانی بەرلین له‌به‌ر خۆشه‌ویستی ناویان ناوە کاکیخۆم. خۆیشی ئەو ناسناوەی پێ خۆش بووەو کردویەتییە نازناوەکەی. ناوبراو زانستی کۆمەڵایەتیی (سۆسیۆلۆجی) ی له‌به‌رلین خوێندووە، پڕۆژه‌ی ده‌رچوونه‌که‌ی به‌ناوی (ژنانی کورد‌و ژیانیان له ئاسۆی مێژوودا)یه.
کاکیخۆم ده‌ربه‌ده‌ریی و کۆڕه‌وی کورد ١٩٩١ زۆر کاری تێده‌کات، چه‌ند رۆژێک ده‌رگه له‌سه‌ر خۆی داده‌خات و ته‌له‌فونیش هه‌ڵناگرێت، نامه‌یه‌کی کاریگه‌ر بۆ دایکی ده‌نوسێت، دواتر ده‌یکاته ئه‌ڵمانی و له رۆژنامه‌و رادیۆی به‌رلیندا بڵاوده‌کرێته‌وه، هاوکات سه‌روه‌ختی کۆڕه‌وه‌که له‌گه‌ڵ چه‌ند هاورێیه‌کی کورد‌و چه‌ند دۆستێکی کورددا، که ناویانی یادداشت کردووه، کۆمیته‌یه‌ک بۆ فریاکه‌وتن و به‌هاناوه‌چوونی خه‌ڵکی لێقه‌وماوی کورد دروست ده‌که‌ن، به هاوکاریی ژووری پزیشکانی به‌رلین چه‌ند دکتۆرو چه‌ندان تۆن ده‌رمان و که‌ره‌سته‌ی پزیشکی ره‌وانه‌ی سه‌ر سنور‌و نێو ئاواره‌کان ده‌که‌نه‌وه، دواتر ده‌ست ده‌که‌ن به‌کاری تر له‌مانه ئاوه‌دانکردنه‌وه‌ی پێنج نه‌خۆشخانه‌ی سه‌فه‌ری له‌ناوچه جیاجیاکانی باشوری کوردستان به بادینانیشه‌وه، دروستکردنی نه‌خۆشخانه‌یه‌ک له هه‌ڵه‌بجه، مه‌سره‌ف و پشتیوانی ماددی ئه‌م نه‌خۆشخانانه بۆ ماوه‌ی سێ ساڵ، دوای گه‌ڕانه‌وه‌ی خه‌ڵک بۆ باشور له‌ئاواره‌یی و هه‌ڵمه‌تی ئاوه‌دانکردنه‌وه‌ی گوند و شارۆچکه رووخاوه‌کان، کۆمه‌ڵه‌ی ناوبراو له‌گه‌رمیان سێ گوندیان ئاوه‌دانکردۆته‌وه له‌گه‌ڵ دروستکردنی دوو قوتابخانه‌ی سه‌ره‌تایی، هاوکاری ماددی بۆ پاککردنه‌وه‌ی کانیاوو کارێزه‌کان، جۆماڵکردنی جۆگه‌کان، دروستکردنی ئاشێکی ئاو له‌گه‌رمیان، بنیادنانی ته‌نکییه‌کی ئه‌مباری ئاو له‌خانکێ نزیک دهۆک.
هاوکات له‌به‌رئه‌وه‌ی کوردستان به‌هۆی گه‌مارۆی ئابوری له‌سه‌ر عێراق و هه‌روه‌ها ئه‌و گه‌مارۆی ئابورییه‌ی رژێمی سه‌ددامیش له‌سه‌ر ناوچه ئازادکراوه‌کانی دانابوو، ره‌وشی ئابوری خه‌ڵک له‌وپه‌ڕی خراپیدا بوو، جوتیاران گه‌ڕابوونه‌وه گونده‌کانیان به‌ڵام پاره‌ی بنه تۆویان نه‌بوو، کۆمه‌ڵه‌که له سێزده گوندی قه‌ره‌داغ و گه‌رمیان و قه‌ڵاسێوکه ١٢ جۆر تۆویان به‌سه‌ر ده‌یان جوتیاردا دابه‌شکردووه. هه‌موو ئه‌م کارانه نزیکه‌ی ٢٠٠ هه‌زار دۆلاری تێچووه، که به‌کۆکردنه‌وه‌ی کۆمه‌ک و پشتیوانی کوردانی ئه‌وکات و دۆستانی کورد له‌ئه‌ڵمانیا و به‌تایبه‌ت به‌رلین ئه‌نجامیانداوه. دوای هاوسه‌رگیریش له‌گه‌ڵ ئوتای هاوڕێیدا، که کچێکی ئه‌ڵمانی بووه له‌گروپی هه‌ڵپه‌ڕكیی کوردیه‌که‌یاندا، پێکه‌وه بەردەوام سەرقاڵی خزمەتکردنی کورد و ناردنەوەی هاوکاری بوونه بۆ کوردستان. به‌ڵگه‌نامه‌کانی پاشکۆی کتێبه‌که که نزیکه‌ی ٣٠ لاپه‌ره‌یه به‌کوردی و ئه‌ڵمانی، گه‌واهیده‌ری ئه‌م کارانه‌ن.
شتێکی دی که ئه‌م بیره‌وه‌رییانه له‌هی زۆربه‌ی که‌سانی تری رۆژهه‌ڵاتی و کورد جیاده‌کاته‌وه ئه‌وه‌یه، که کاکیخۆم بێ شاردنه‌وه، باسی سه‌روه‌ختی لاوی و سه‌ره‌تای گه‌نجی خۆی و یه‌که‌م عاشقبوون و ده‌سله‌ملانێی په‌ناوپه‌سیر و سه‌ربانان و مه‌مکگرتن ده‌کات، کاتێکیش له ئه‌ڵمانیا ئه‌م گه‌نجێکی باڵابه‌رزو قیت و قۆزبووه له‌وه‌دا به‌خته‌وه‌ر بووه، که چه‌ندان کچه هاوڕێ و دۆست و دولبه‌ری ئه‌ڵمانی عاشقی ده‌بن و ئه‌میش به‌وردی و بێپه‌رده باسی چێژبینین لەحه‌زو ئاره‌زووه‌کانی خۆی له‌گه‌ڵیاندا ده‌کات، دیاره ئه‌م شتانه زۆربه‌مان کاتی گه‌نجی گه‌ر بۆمان لوا بێت کردوومانه، به‌ڵام به‌هۆی فشاری کۆمه‌ڵایه‌تی له‌ژیانماندا بەنهێنی ده‌یانهێڵینه‌وه و نایاندرکێنین، له‌مڕوه‌وه کاکیخۆم لەزۆربای یۆنانی ده‌چێت، که‌سه‌ره‌ڕای کار‌و خه‌بات و به‌جێهێنانی به‌رامبه‌ر خه‌ڵک و نه‌ته‌وه و ده‌وروبه‌ره‌که‌ی به‌ڵام هه‌میشه‌ش چێژبینین و رابواردن و خۆشی بینین له‌کات و ساته‌کانی ژیانی فه‌رامۆش نه‌کردووه.
ئه‌وه‌ی که بیره‌وره‌ییه‌کانی ناوبراوی زۆر سه‌رنجڕاکێش کردووه، ئه‌وه‌یه ئه‌م له‌یه‌كکاتدا چۆن توانیویه‌تی، خه‌باتی نه‌ته‌وه‌یی، کاری خێرخوازی و مرۆڤدۆستی، هونه‌ر و خوێندنی زانکۆ و ئینجاش عه‌شقبازی له‌گه‌ڵ کچانی ئه‌وروپی خۆی فه‌رامۆش نه‌کات و کۆبکاته‌وه! هه‌ر به‌ڕاستی سه‌رسامم بووم به‌م توانایه‌یان.
شایه‌نی باسه له‌نه‌وه‌ده‌کاندا چه‌ندان که‌سایه‌تی سیاسی و نووسه‌رو ئه‌دیب سه‌ردانی ماڵی کاکیخۆمیان کردووه‌و له ده‌فته‌ری یادداشته‌کانی ماڵیاندا یاده‌وه‌ریی خۆیان تۆمارکردووه، له‌وانه، مامۆستا ئیبراهیم ئه‌حمه‌د، مامۆستا جه‌لال جه‌وهه‌ر، دکتۆر که‌مال میراوده‌لی و ...هتد. که نامه‌کانیان له‌پاشکۆی کتێبه‌که‌دا بڵاوکراوه‌ته‌وه.
سه‌رچاوه:
Kardox, der Kurde, Lebensbericht, Berlin, 2018, Bus Verlag, Kachichom Muhyaddin, ISBN: 978-3-944909-54-7