ئۆکرانیای من!
سەردار عەزیز
3 ساڵ لەمەوپێش
سەردار عەزیز
ئەو ئێوارە خەمگینەی کە منیان لە بەندەرەکەوە هێنا، سەدەی بیست خۆی بۆ دواڕۆژەکانی ئامادە دەکرد. تەنهاو ماندوو بوم. ئایرلەندا سەرەتا دڵگیر نەبوو. لە بومولێڵەی خۆرنشیندا بردمیانە هۆستڵێکی نە گەورە نە بچوک لە گەڕەکێکی تەنگەبەر لە شارێکی بچکۆلە بەناوی یول.
لەژورەکەمدا دوو لاوی ئۆکرانی، هاوشێوەی خۆم، لە بیستەکانی تەمەنیاندا بوون. من هەرگیز ئۆکرانیام نەدیوە، بەڵام ئەو ماوەیەی لەگەڵ ژمارەیەک لە پەنابەری ئۆکرانیدا ژیام هێندە تێکەڵ بووم، جارێک بردمیان بۆ شایەدی مارەبڕین لەدادگا. ئەندرێی و ماریانا کە وەها دیاربوو رۆژگارێکی زۆرە هاوڕێن، یەکترییان مارەکرد. ئێمە بۆ پەیوەندیکردن زمانی ئینگلیزیمان بەکاردەهێنا کە کەسمان تیایدا باش نەبووین. بەڵام پێکەوە ژیان و ناچاری بەکاربردنی پانتایی و شتەکان ناچاری دەکردین بە پەیوەندی. ئەو رۆژگارە بە ئاگابووم لە برینی شوناسی ئۆکرانی.
ئەو شوناسەی ڤلادیمێر پوتین بەتەواوی نکوڵی لە بوونی دەکات. بێگومان مێژویەکی درێژو قوڵ لە نێوان روسەکان و ئۆکرانییەکاندا هەیە بۆ روسەکان کییەڤ جێگای سەرهەڵدانی شارستانی روسەکانە. شارستانی ئەو جەمکەیە کە بەکاردێت لەلایەن وڵاتانی دژ بەسیستەمی رۆژئاوا بەرامبەر بەنەتەوە. شارستانی و نەتەوە لە پەیوەندییەکی گرژدان، بە تایبەت کە دێتە سەر بونیادی سیستەمی نێودەوڵەتی. بەدیدی رۆژئاواییەکان سنور نەتەوە دروسدەکات. بەدیدی شارستانییەکان کەلتور بنەمای نەتەوەیە. لەم پرسەدا، بۆ پوتین ئەو ئۆکرانیانەی کە بەڕوسی قسە دەکەن سەر بەڕوسیان. لەدوا وتاریدا پوتین گلەیی لەهەموو ئەوانە دەکرد کە رێگەیاندا ئۆکرانیا دروست بێت هەر لە لینیننەوە هەتا گۆرباتچۆف. ئەم گلیەیی لەڕێگای چەمکی لە کۆمیونیستخستنەوە دەربڕی. وەک هەر جێگایەکی تر، ئۆکرانیا بۆ ئۆکرانییەکان مانایەکی هەیە، بۆ روسەکان و مانایەکی تر هەروەها بۆ ئەوروپی و ئەمریکییەکان مانای جیاواز. بەشی زۆری سەرزەمینەکانی ئەوروپای رۆژهەڵات هەمان مێژوویان هەیە. ئەوەی ئەمڕۆ پوتین دەربارەی ئۆکرانیا دەیڵێت، پێشتر ستالین دەربارەی پۆڵۆنیا دەیگوت. ئەم ووردە گەلانە کە لەنێوان
دوو جەمسەری ئیمپراتۆری ئەوروپی و روسیدا ساندویچ بوون، لەمێژووی نوێیاندا بەدەگمەن بەبێ زوڵم و ژێردەستەیی ژیاون. ئەم رۆژانە فاینانشال تایمز دیدارێکی لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی ئیستۆنیادا هەبوو. وڵاتێکی بچکۆلەی لەنێوان ئەوروپا و روسیادا، خانمی سەرۆک وەزیران گلەیی ئەوەی دەکرد کە کەس لەو مێژووە تێناگات. چۆنە لەستەمی هیتلەرەوە بگوێزیتەوە بۆ ستەمی ستالین .
گەلە گەورەکان وەک ماسییە گەورەکان وەهان، خۆراکیان گەلە وردەکانە. بۆ فەراهەمبونی ئەم پرسە جەنگەڵییە، هەمیشە بەهانە و بەهانەسازو بەهانەفرۆش زۆرن. ئەمە ئەمڕۆ لە باشوری کوردستانیش بوونی هەیە. کورد هەیە یان نا، هەمان خیتابە کە پوتین کاری لەسەر دەکات، ئۆکرانییەکان هەن یان نا؟ ئۆکرانییەکان لەگەڵ مندا کەسی زۆر باش بوون، پێکەوە دەچوین بۆ کار. مایکی رەبەن کە ڤانێکی سوری کۆنی هەبوو هەمومانی وەک کاوڕ دەخستە پشتەوەی ڤانەکە و دەیبردین بۆ سەر کێڵگەکان. ئەوەی بۆ من جێگای بێزاری بوو، رەگەزپەرستی توندی ئۆکرانییەکان بوو بەرامبەر ئەفریقییەکان. من لە گەڵ ئەفریقاییەکاندا پەیوەندیم باش بوو.
بەڵام ئۆکرانییەکان رێگایان پێنەئەدان بێنە ناو ڤانەکەوە، ئەگەریش بهاتنایە ئەوا تەنها من پەیوەندیم لە گەڵیاندا دەبوو. ئەمە ئەو پرسە ئاڵۆزەی لا ووروژاندم ئایا چۆن ئەزمون لە زوڵم وەربگریت. لێرەدا جێگای سەرنجە ئاماژە بە دروشمی هێزی تایبەتی سوپای ئەمریکی بکەین کە دروشمی De Oppresso Liber, ی هەیە، کە بە لاتینی یانی ئازادکردنی چەوساوەکان. ئایا چەوساوەکان دەتوانن خۆیان لە نەریتی چەوسانەوە رزگار بکەن؟ رەنگە ئەم پرسە فەلسەفییە ئەخلاقییە لێرەدا جێگای نەبێت، زیاتر لێی قوڵ بینەوە. دیارە ئەو دروشمەی سەر قۆڵی ئەندامانی هێزی تایبەتی ئەمریکی مانایەکی تەواو تایبەتی هەیە. مانایەک کە ئەم رۆژانە بەشێکی زۆری ململانێی نێوان روسیا و ئەمریکا پێکدەهێنێت. ئەوەی دەیبینین ئەمریکاییەکان زانیاری زۆر دەخەنە بەردەست. بۆ ئەمە دوو خوێندنەوە هەیە: یەکەم، خوێندنەوەی ئەمریکاییەکان، کە وەها بەهانەی بۆ دەهێننەوە کە رێگایەکە بۆ رێگریکردن لە پەلکشانی سوپای روس، یان ئەگەر پەلکێشیشی کرد، نەتوانێت بە درۆ رەوایی پێبدات. ئەوەی چاودێری دۆخەکە بێت دەزانێت، پوتین ئیمپراتۆریەتێکی لەسەر فریودان بونیادناوە. فریودان، ئەمڕۆ زۆر ئاسانە، چونکە زۆرێک لە خەڵک پەیوەندییان بەزانیارییەوە، پەیوەندییەکی عەقڵی نیە، بەڵکو زیاتر پەرچەکردار و کینەو سۆزە. لێکدانەوەی دووەم ئەوەیە کە هانی پوتین دەدەن هەتا هێرش بکاتە سەر ئۆکرانیا، بە هیوای ئەوەی ئەو وڵاتەی لێبکەن بەزۆنگاو.
لەڕابوردودا باسمان لە چەمکی زۆرنگاو کرد لەمیانەی پەیوەندی نێودەوڵەتیدا. دروستکردنی زۆنگاو یەکێکە لە شێوازەکانی مامەڵەی هێزەکان بۆ گیرخواردن و نەزیفکردنی هێزێکی تر، بۆ نموونە ئەمریکا لە ڤێتنام و عێراق و ئەفغانستان. روس لەئەفغانستان. هەروەها لە سەرەتای هاتنی روسەکان بۆ سوریا هەمان هیواخوازی لە لایەن ئەوروپایی و ئەمریکییەکانەوە هەبوو. ناتۆ ئەم خواستەی خۆی ناشارێتەوە کاتێک بە ئاشکرا ئەوە دەڵێت کە هاوکاری ئۆکرانییەکان دەکات بەچەک و تەقەمەنی لە کاتی داگیرکاری روسەکان. لە ژیارم لە گەڵ ئۆکرانییەکاندا فێربووم کە گرژییەک هەیە لە نێوان روس و ئۆکرانییەکان. ئەمەم بە تایبەتی لەپرسی کچەکەی لۆلیتادا بۆ دەرکەوت. لۆلیتا بۆ من ناوێکی تایبەت بوو، چونکە پاڵەوانی رۆمانە بە ناوبانگەکەی رۆماننوسی روسی ڤلادیمێر نابۆکۆفە، کە بە دیدی من، رۆمانێکی نائەخلاقی مناڵبازانەیە.
لۆلیتای پڕ گۆشت ئێجگار گەورەو کەتەبوو، تاقە کچەکەی لە گەڵ پیاوێکی روسیدا رۆشتبوو لەشارێکی تر دەژیا. من ئەو رۆژگارە نەمدەزانی شتێک هەیە بەناوی زمانی ئۆکرانی، چونکە ئەو وشە کەمانەی من لێیان فێربووم هەموو روسی بوون. وەک هەر گەلێکی تری بن دەستی ئیمپراتۆریەت، ئۆکرانییەکان مێژوویان پڕ بوو لە بوون و سڕینەوە. مێژوویەک کە زۆر هاوبەشە لە گەڵ مێژووی کورددا. ئۆکرانییەکان هەژاربوون. ئەو کاتەی کە کاریان نەدەکرد، یان دەچون بۆ راوی قرژانگ یان بۆ بیرەخواردنەوە. زۆرجاریش پاش کوڵانی کۆمایەک لە قرژانگی دەریا، لە چێشتخانەکەدا کۆدەبونەوە بۆ خواردنی بیرەو قرژانگ. ئۆکرانیا، بەتایبەتی ئەو رۆژگارە، وڵاتێکی هەژاری گەندەڵی پەرتەوازەبوو. هەتا ئەمڕۆش بەگشتی وەهایە. ئەمەشە سەرۆکی ئەمڕۆی ئۆکرانیا، جگە لەئەکتەرێکی قۆشمە هیچی تر نیە. جەنگی روسیا و ئۆکرانیا، رووداوێکی تاک رەهەند و ئاسان نیە بۆ خوێندنەوە. دونیای کوردی حەزی لە لێکدانەوەی تاک رەهەندە. بۆ نموونە دەڵێن هەموو مەسەلەکە غازە. نەخێر وەها نیە.
روسەکان وەها خۆیان دەبینن کەڕۆژئاوا بە تایبەتی لەڕێگای بەهاکانیەوە، وەک دیموکراسی و مافی مرۆڤ، دەیەوێت روسیا هەڵبوەشێنێتەوە. بۆ ئەنجامدانی ئەمە دەیەوێت بکشێت بۆ سنورەکانی روسیا لەڕێگای بە ئەندامکردنی وڵاتانی سەر سنوری روسیا. پوتین زۆر بەووردی ئەم هاوکێشەیەی هەڵسەنگاندبوو، بۆ نموونە دەیگوت لەسەر جۆری رۆکێتەکانی ناتۆ کەوتە لەئۆکرانیا، کە چەند خولەکی کەمی دەوێت هەتا بگاتە مۆسکۆ. لە بەرامبەر ئەمەدا روسەکان دەیانەوێت سیستەمی دونیا هەژەمۆنیەت و تاک جەمسەری و سەپاندنی بەها تیایدا کۆتایی بێت. بۆ تێگەیشتن لەم دیدە دەتوانیت فیودۆر لیوکیانڤ بخوێنیتەوە، وەک راوێژکارێکی پوتین چۆن مێژوو دەخوێنێتەوە.
ئەوروپا وەک چۆن لەمێژوودا دەیویست ئیمپراتۆریەتی عوسمانی پەرت و پەنا بکات و بە یەکجاری کۆتایی پێبهێنێت بۆ نموونە وەک لە پەیماننامەی سیڤەردا دەیبینین، پێیان خۆشە روسیاش وەک مەترسییەک لەسەر رۆژئاوا لاوازبێت.