هەر چی لە دەسەڵات بوو پێی وایە ڕاست و دادپەروەرە !
هاورێ سورە
3 ساڵ لەمەوپێش
هاورێ سورە
ئەگەر زۆر بەكورتی سەیری مێژووی سەد ساڵی ڕابردوو دەكەین بەتایبەتی دوای ئەوەی كە بەریتانیەكان لە ساڵی (1921) عیراقیان دامەزراند و بەشێكی كوردستانیان پێوە لكاند هەتا بە ئەمڕۆ دەگات هیچ دەسەڵات بەدەستێكی عەرەبمان نەبینیوە بڕوای بە ئاشتی و ئازادی هەبووبێت هەمیشە ئەوەی ئەمڕۆ لەوەی دوێنی شەڕەنگێز تر و پاوانخوازتر بووە , بەردەوام ئێمەی كورد خۆزگەمان بەپار خواستووە, كاتێكیش هاوپەیمانان ڕژێمی بەعسیان ڕوخاند ئەوەبوو لە( 2005) دەستورێكی نوێ بۆ عیراق نوسرا و لە سەدا هەشتا و پێجی هاوڵاتیانی عیراق و كوردستان دەنگیان پێدا و فیدرالی بۆ كوردستان لەناو دەستوردا چەسپێنرا , بەڵام وەك ڕابردوو هەركاتێك عەرەبەكان سێبەری خۆیان دیوە واژۆكانی خۆیان خستۆتە ژێر پێ و لە هەموو بەڵێن و پەیمانەكان پەشیمان بوونەوە هیچ خاڵێكی دەستوریان جێ بە جێ نەكردووە ئەگەر لەبەرژەوەندی كورد بوبێت
..... چەند نمونەیەك
یەكەم:- دروستكردنی سوپای دیجلە و ناردنیان بۆ داگیر كردنی كوردستان.
دووەم :-ڕووداوی (16) ی ئۆكتۆبەری (2017) و داگیركردنی نیوەی خاكی كوردستان
سێیەم :- بڕینی موچە و بودجەی هەرێم لە ساڵی (2014) هەتا ئێستا .
چوارەم:- بڕیارە شۆڤیەنیەكانی ئەم دوایەی دادگای بە ناو فیدرالی دژی خەڵكی كوردستان .
جیا لەمانە هەتا ئێستە ڕێگەیان نەداوە ئەنجومەنی باڵای دادوەری پێك بێت كە هەرێمی كوردستان تێیدا هەقی ڤیتۆی هەبێت بەتایبەتی ئەگەر دادگای فیدرالی پێشێلی دەستووری كرد وەك ئێستا , یان بۆ ڕێگە نادەن ئەنجومەنی هەرێمەكان پێك بێت كە هەرێم لەوێدا هەقی ڤیتۆی هەیە ؟ هەموو ئەوانەش هۆكارەكەی ئەوەیە عەرەب بڕوایان بە دیموكراسی و مافی ئەوانی دیكە نیە لەلایەكی دی شیعەكانی عیراق وابەستەی ئاخوندەكانی ئێرانن لەوێ چی بگوزرەرێت دەبێ لە عیراقیش هەروا بێت , ئەوەی كەمێك ئەزموونی هەبێت دەزانێت زۆر بڕیاری دیكە
دژی خەڵك و حكومەتی هەرێم لەسەر مێزی عەرەبەكانن بەتایبەتی ئەوعەرەبانەی جاش پاسدارن , بێگومان بە ڕەتكردنەوەی هوشیار زێباری و ئەم بڕیارانەی دادگای بە ناو فیدرالی ناوەستن دوورنیە دواجار بە پشتیوانی خۆفرۆشانی كورد بەهێز دەست بەسەر بیرە نەوتیەكانی كوردستاندا بگرن ,هتد ,,, دیارە جیا لە كێشەی كورد لەگەڵ هەر چوار دەوڵەتی داگیركەری كوردستان دەیان كێشە لە بەینی وڵاتاندا بە چارەسەر نەكراوی ماونەوە چەند نمونەیەك , كێشەی بەینی یۆنان و توركیا كێشە ناوخۆیەكان لیبیا , سوریا , لوبنان , عیراق , یەمەن , سین و تایوان , میسر و ئەسوپیا , ئێران و ڕۆژئاوا ,فەڵەستین و ئیسرائیل , ئەوەی لەهەمووان ناخۆشتر و مەترسیدار ترە هێرش و پەلاماردانی ڕوسیایە بۆ سەر ئۆكراینا لە ئەنجامی لە خۆ بایی بوون و چاو سور بوونی ڕوسەكان و خودی پۆتین , مخابن بۆ ئەو كوردانەی خۆیان قوربانی دەستی داگیر كەرانن قەتڵ و عام كردن و وێرانكردن و داگیركاری وڵاتێكی سەر بەخۆ لەلایەن ڕوسەكان و بڕیارە نا دەستوریەكانی دادگای عەرەبە شۆڤیەنیەكانی بەغدا خۆشحاڵیان دەكات و دەكەونە سەما و هەڵپەڕین بەڕاستی بۆ هەموو ئەوانە وشەی جاش و خۆفرۆش پڕ بەپێستیانە , لە كۆتایدا جێگەی خۆیەتی ڕەخنەیەكی بەجی لە حكومەتی هەرێم بگرین ئایا هەتاكەی هێندە بێهەڵوێست و خەمساردە بەرامبەر ژیانی دژواری هاوڵاتیان بەگشتی و موچەخۆران بەتایبەتی ؟ ئاشكرایە كۆرۆنا لاواز بووە ئەرك لە سەرشانی حكومەت سوك بووە , شەڕی داعش نەماوە , باج و ڕسومات چەند قات زیادی كردووە , نرخی نەوت لە (115) دۆلار زیاترە , نرخی دولاریش بەرزە . داهاتی حكومەت زۆر زیادی كردووە ,كێشەی كارەبا دوای بەستنی جۆزەی بیست ئەمپێڕی و سەعاتی زیرەك هەر وەك خۆیەتی و بگرە خەراپترە , زۆر كات كێشەی ئاو و هاتنەوەی پارەیەكی زۆر بۆ خەڵك و ڕێگە و بانە خراپەكان گرفتێكی دیكەن , گرانی و پێداویستیەكانی ژیانی ڕۆژانەی خەڵك لە بەنزین غاز نەوت و پێداویستیەكانی دیكە , لەگەڵ هەموو ئەوانە دەڵَێی حكومەت لە گوێی گادا خەوتووە وەك ئەوەی یاری بەهەستی خەڵك بكات موچە دوادەخات یان بەمانگێك موچەی مانگی ڕابردوو ئەدا موچەخۆر هەتا سەرەی وەرگرتنی موچەی دێت لە ژیانی خۆی بێزار دەبێت دڵنیاش نیە مانگی داهاتوو موچەیەكی دیكە وەردەگرێت یان نا , یەك ئەڵێت موچە ئەدرێت سەدی دیكە دەڵێن نادرێت !
ئایا كاربەدەستانی حكومەت دەبێ نەزانن خەڵك تووڕەن !! تووڕە و بێزاربوونیش سنوری هەیە! بەشداری نەكردنی خەڵك لە هەڵبژارن بەڵگەیەكی حاشا هەڵنەگرە , ئەگەر هەزار كەس بدوێنی یەكێك نابینین دژی حكومەت قسە نەكات كەسیش بڕوا ناكات داهات بەشی موچە نەكات , بۆیە دەبێت چاوەڕوانی ڕاپەڕینێكی گەورەی خەڵك بكەین وەك دەڵێن جام كەپڕ بوو لێی دەڕژێت ...
هاورێ سورە 3-3-2022 سلیمانی