نێچیرڤان بارزانی: سەندیكایەكی پیشەییم دەوێت

ئەنوەر حسێن (بازگر)*

3 ساڵ لەمەوپێش



 

ئەنوەر حسێن (بازگر)*

كە چووینە ژوورەوە، ئەو وەستا بوو، یەك بەیەك تەوقەی لەگەڵ ستافەكەی ئێمە كرد، ئینجا وتی: بەخێر بێن، بەڵام با پێش ئەوەی ئێوە گلەیی بكەن، من داوای لێبوردن بكەم، كە دەبوو ئەم دیدارە زووتر بوایە، بەڵام فەرموو ئێوە قسە بكەن، من گوێ دەگرم. 
ئێمە باسی ئەوەمانكرد:
- كاری میدیا لەهەرێمی كوردستان، تەندروست نییەو پێویستی بەڕێكخستن هەیە، بە یاسا، ئیتیك، هوشیاری و گرتنەبەری رێگای جۆراوجۆر بۆ ئەم گرفتە. 
- سیستمی سیاسی و ئیداری گرفتی زۆرە، بۆیە شتێكی عەجیب نییە، كە میدیاش تەندروست نییە. 
- بەڵام نابێت تەنهاو تەنها هەموو گرفتەكان، بخەینە ملی میدیا. 
- كاری رۆژنامەنووس و میدیا لەكوردستان، نەبۆتە پیشە. 
- ئێمە وتمان: پێنج رۆژنامەنووس تیرۆر كراون و سەدان پێشێلكاری بەرامبەر رۆژنامەنووسان كراوە، بەڵام هێشتا ئازادی هەیە. 
لەوەڵامدا سەرۆكی هەرێمی كوردستان وتی: 
- لە بارەی میدیاو سۆسیال میدیاوە، لێتان ناشارمەوە نیگەرانم، چونكە جۆرێك لە فەوزا دروستبووە، بەڵام نابێت كۆڵ بدەین لە چاككردنی. 
- هەندێ رووداوو كەیسی میدیاو رۆژنامەنووس هەیە، ئێمە گەورەی دەكەین و هەندێكی ئێوە گەورەی دەكەن، كە دەبێ هەردوولامان واقیعییەت باسبكەین، هەندێ كەیس هەیە، باش مامەڵەمان لەگەڵ نەكردوون، زەرەری داوە لەپێگەی هەرێم و پرسی ئازادی. 
- كاری سەندیكای رۆژنامەنووسان ئەوەیە، (راستگۆیی و پیشەیبوون) بكەنە مانیفێستی خۆتان. 
- دیفاع لە ئازادی بكەن.  
- دیفاع لە مەزڵوم بكەن. 
- «میللەتی ئێمە خەباتی بۆ ئازادی كردووە، ناكرێت ئازادیی لێ زەوت بكرێت»، گەلی كورد شەهیدی داوە، زەحمەتی كێشاوە، قوربانی داوە، شایەنی رێزگرتن و خزمەت و دابینكردنی ئازادییە. 
لەناو گفتوگۆكاندا، سەبارەت بەو پرسە وتمان: 
- ئێمە بەشێكین لەئەزموونی سیاسی كوردستان، بەڵام داكۆكی لەئازادی دەكەین. 
- سەندیكای رۆژنامەنووسانیش، كەموكوڕی خۆی هەیە. 
لە بەشی دووهەمدا من وتم: پێم خۆشە لەسەر سێ تەوەری گرنگ قسە بكەین: 
- قەیرانی پۆستی سەرۆکكۆمار. 
- بڕیارەكانی دادگای فیدڕاڵی و كاریگەری لەسەر هەرێمی كوردستان. 
- شەڕی روسیا و ئۆكرانیا، كاریگەری لەسەر كوردستان. 
سەرۆكی هەرێم لە وەڵامدا وتی: 
یەكەم: شەڕ لەسەر پۆستی سەرۆکكۆمار لەناو كورددا، كارێكی باش نییە، زەرەر دەدات لەپێگەی هەرێم، نەدەبوو بگاتە ئێرە و دەبوو خۆمان حەلمان بكردایە، بەڵام هێشتا من وەكو سەرۆكی هەرێم پێموایە حەل ماوەو چارەسەر دەبێت. 
دووهەم: بڕیارەكانی دادگای فیدڕاڵی، تەواو سیاسین، دادگا بێ لایەن نییەو هەر كات ویستیان كارێك بكەن دژی هەرێم، دادگا دێتە سەر خەت، ئەگەرنا بۆچی پاش (10) ساڵ، ئەو كەیسە دەجوڵێنن؟ 
بەڵام غەدر لەهەرێم دەكەن، لەگەڵ ئەوەشدا من لەگەڵ چارەسەرم لەگەڵ عێراقدا بە دیالۆگ، گەر مافی هەردوولامان نەفەوتێ و باشترین ئەڵتەرناتیڤ، دیالۆگ و هەماهەنگییە. 
- گرفتێكی تر خۆمانین، كە یەكگرتوو نین، بەش بەش بووین، كە دڵنیا بن ڕێككەوتن و هاوپەیمانی بە جیا جیا لەگەڵ شیعە و سوننە لە زەرەری كوردە و نابێت كەسمان دڵی پێخۆش بكەین، بەڵكو دەبێت خۆمان یەكگرتوو بكەین. 
- من لەگەڵ ئەوەم رێز لە سیادە و سەروەری عێراق بگرین، بەڵام بە مافەكانی هەرێمی كوردستانەوە. 
- بەڵام بەداخەوە، ئێمە باش لەمەترسییەكان تێناگەین، ئەگەرنا كاتی خۆی زۆرجار خوالێخۆشبوو مام جەلال دەیوت: با دووقۆڵی دوو قسە بكەین، گەورەترین كێشەی نێوانمان، بە (10) خولەك حەل دەكرد. 
-ئێستاش من لەپرسی كورد لەڕۆژهەڵات، رۆژئاوا و باكور، بەردەوام لەئاستی ناوخۆ، یان دەرەكی هەوڵدەدەم پشتیوانی ئەوان بكەم و لەگەڵ وڵاتەكانیان بە ئاشتی كێشەكانیان حەل بكەن، ئەمكارەشم بە ئاشكرا راگەیاندووە. 
- لەبارەی پرسی ئۆكرانیاوە وتی: ئێمەش ئەو شەڕەمان پێناخۆشە. 
ئەم گفتوگۆییە دیداری نێوان نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان و ئەنجوومەنی سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستانە، رۆژی (3ی ئازاری 2022) لەهەولێر بەڕێوەچوو. 
ئەندامی ئەنجومەنی
سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستان

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار