بەخێربێن بۆ رابوردوو
سەردار عەزیز
3 ساڵ لەمەوپێش
سەردار عەزیز
چۆن تێبگەین لەوەی لەئۆکرانیا دەگوزەرێت؟ بۆ وەڵامی ئەم پرسە کار بە چەمکی رووداو دەکەین لە فەلسەفەی پۆستمۆدێرندا. ئایا ئەوەی لە ئۆکرانیا دەگوزەرێت رووداوە؟ بۆ وەڵامی ئەم پرسیارە دەبێت مانای چەمکی رووداو روون بکەینەوە.
زۆر بیرمەندی پۆستمۆدرن باسیان لە چەمکی رووداو کردوە، لەنێویاندا ئالان بادیو هەڵدەبژێرین. لای ئالان بادیو ئایاری ٦٨ رووداوە. ئایاری ٦٨ بۆیە رووداوە، چونکە بە ئایاری ٦٨ ناسراوە. ئەم ناسینەی ئایاری ٦٨ وەک ئایاری ٦٨ مانای ئەوە دەدات کە هاوشێوە یان بەردەوامی نیە بۆ ئەوەی پێش خۆی روویداوە، بەڵکو جودایی وتایبەتمەندی هەیە، بەڵام لە ئەوەش گرنگتر بەهۆکاری روودانییەوە، پاش خۆی دەگۆڕێت.
ئەمە لە هەمانکاتدا یانی دابرانێکمان هەیە لە گەڵ رابوردودا، بە هۆی رووداوەکەوە کرانەوەیەکمان هەیە بە رووی نوێدا. بەم پێیە رووداو کە روودەدات رژێمی مەعریفیمان دەگۆڕێت. بەڵام لە هەمانکاتدا دونیا یان ئەو سیستەمەی کە رووداوەکەی تیادا روویداوە چیدی لە سەر هەمان ئاراستە بەردەوام نابێت. هەوڵدەدەین لەم چوارچێوەیەوە هێرشی روسیا بۆ سەر ئۆکرانیا بخوێنینەوە.
بەم پێیە دەپرسین، هێرشی روسیا بۆ سەر ئۆکرانیا کە لەناو کایەی سیستەمی نێودەوڵەتیدا روودەدات، بۆچی ئەم هێرشە دەتوانرێت لە ئێستادا لەهەناو ئەم سیستەمدا رووبدات؟ ئایا روودانی ئەم هێرشە رووداوێکی سیاسیە کە پچڕانێک لە پرۆسەی بەڕێوەچونی یان چۆنێتی بەڕێوەچوونی سیستەمی نێودەوڵەتیدا دروست دەکات کە ببێتە مایەی ئەوەی کە چیدی سیستەمی نێودەوڵەتی، کە دەتوانین بە سیستەمی لیبرال ناوی بەرین، بەو شێوەیە بەڕێوە نەچێت کە پێش هێرشەکە بەڕێوەدەچوو؟ بۆ ئەوەی بتوانین وەڵامی ئەم پرسیارە بدەینەوە دەبێت، ناوو شێوازی و تایبەتمەندی سیستەمی نێوەدەوڵەتی پێش هێرشەکە ئاماژە پێبدەین و پاشان کاریگەری هێرشەکەو ئەگەری گۆڕانی راڤە بکەین. ئەو سیستەمەی هەتا پێش هێرشی روسیا بۆ سەر ئۆکرانیا بوونی هەبوو، سیستەمێکی لیبرالی تاک جەمسەری بوو، کەئەمریکا پێشەنگی دەکرد. ئەم سیستەمە لە ئەنجامی شکستی یەکێتی سۆڤیەت هاتە ئاراوە.
دەتوانین بڵێین کە شەڕی کوێت، سەرەتای دەرکەوتنی ئەم قۆناغەبوو، وەک بیرمەندە روسییەکانیش وەهای دەبینن. تاک جەمسەری ئەمریکا مانای وەها بوو، تەنها ئەمریکا دەیتوانی سەرکێشی بکات و هەوڵی سەپاندنی بەهاو بەرژەوەندییەکانی بدات. هەموو هێزەکانی تری دونیا توانای ئەوەیان نەبوو، بە کاری وەها هەستن چونکە توانای رووبەڕووبوونەوەی ئەمریکایان نەبوو، یان لە قازانجیان نەبوو کە بە هەنگاوێکی وەها هەستن. یان بە زمانێکی زیاتر ستراتیژی بدوێین هەموو وڵاتان وەها بیردەکردەوە کە سودیان لەئەوەدا زیاتر کە هیچ سەرکێشییەک نەکەن. ئەم قۆناغە تاک جەمسەرییە لەدونیادا، رەنگە بەهۆکاری نەوەی ئێمە لەسایەیدا گەورەبووین وەک دراوو ئاسایی ببینرێت، بەڵام بەڕوانین لەمێژووی جیهان، مێژووی سی ساڵی رابوردوو، یان بە ناوێکی تر سی ساڵی ئاشتی، ساتەوەختێکی ناوازەیە لە مێژووی جیهاندا، چونکە هەرگیز رووینەداوە لە دونیادا، پێش ئەمریکا کەهێزێکی وەها کاریگەر دروست ببێت توانای ئەوەی هەبێت هەژمۆنیەتی بەسەر دونیادا هەبێت. زۆربەی کاتی مرۆڤایەتی، هەمیشە چەند هێزێک بوونیان هەبوە، زۆربەی کات لە ململانێدابوون. کەواتە یەکێک لە خەسڵەتە سەرەکیەکانی سیستەمی ئێستا تاک جەمسەرییە. خەسڵەتی دووەمی لیبرالیزمە.
لەهاوینی ساڵی ٢٠١٩ دوو رۆژنامەنووسی رۆژنامەی فاینانشاڵ تایمز لەگەڵ ڤلادیمێر پوتیندا چاوپێکەوتنێکی دووردرێژ دەکەن، کە نزیکەی بیست و یەک لاپەڕەیە، لەم چاوپێکەوتنەدا پوتین ئەو قسەیە دەکات کە لیبرالیزم لەکارکەوتووە یان بەسەرچووە، obsolete . دەربڕینی ئەم وەسفە بۆ لیبرالیزم بۆ رۆژنامەی فاینانشاڵ تایمز ناردنی پەیامێکی روونە بۆ رۆژنامەکە وەک لیبرالخوازێک و هەروەها خوێنەرانی کە خەڵکانی پارەداری لیبرال و نیولیبراڵن. هەر بەم ئاقارەدا شەممەی رابوردوو فرانسیس فۆکۆیاما وتارێکی لە هەمان رۆژنامەدا نوسیبوو وەک داکۆکیکردنێک لە لیبرالیزم. لێرەدا دوو پرس دەبێت شەن و کەو بکەین.
یەکەم، لیبرالیزمی جیهانی پشت بەستووبوو بەزلهێزی ئەمریکی. دووەم، لیبرالیزم وەک سیستەمێک خۆی تووشی قەیرانی زۆر بووە و چیدی رەنگە هەڵە بێت قسە لە سەر لیبرالیزم بکەین، هێندەی دەبێت قسە لە سەر نیولیبرالیزم بکەین. بە کورتی قەیرانەکانی نیولیبرالیزم ئاماژە پێدەدەین بە هیوای گەڕانەوە بۆ سەریان، لە میانەی ئەم جەنگەدا.
نیولیبرالیزم ئابوری گۆڕی بۆ دارایی، فاینانس. پارە و مامەڵەکردن بەپارە و پارە پەیداکردن بەپارە و بوونی پارە بە باڵاترین بەهای مرۆڤایەتی کرۆکی سەرەکی نیولیبرالیزم بوو. یەکێک لە دەرکەوتەکانی ئەم وەرچەرخانە لە پەیوەست بەم جەنگەوە، بوونی پایتەختەکانی ئەوروپا بە لانکەی پارە و سامانی ئۆلیگارشەکانی روسیا. جێگایەکی وەک لەندەن، لانکەی چەندەها ملیار دۆلاری پارەی دزراوی روسەکانە کە لەوێ دەشاردرێتەوە، سپی دەکرێتەوە، دەخرێتەوە کار، لە میانەی وەبەرهێنان لەکەرتی خانوبەرە، عەقارات، کڕینی یانە وەرزشییەکان و زۆر بواری تر. {گەندەڵەکانی جێگاکانی تری دونیاش هەمانکار دەکەن}.
لە لایەکی ترەوە کاتێک نیولیبرالیزم، وەک سیستەمێکی بەهایی، ئابوری، جیهانگەری، دۆخێکی وەهای دروستکرد کە پارە بنەمای هەرە سەرەکی بێت، بەڵام لەهەمانکاتدا پارەی لە دەستی کەمینەیەکدا کەڵەکە کردو زۆرینەیەکی لێ بێبەری کرد، زەمینەی ئەوەی سازان کە نیوفاشیزمی ئەوروپی بەخێرایی سەرهەڵبدات. ئەم هێزە نیوفاشیزمانە کە لە هەموو وڵاتە ئەوروپییەکاندا بەگوڕ بوونیان هەیە، یەکێک بوو لەو هۆکارانەی کە پوتین وەها بیربکاتەوە کە ئەوروپا ناتوانێت هیچ بکات بەرامبەری چونکە لە هەناو سیستەمی سیاسی وڵاتانی ئەوروپیدا دۆستی زۆرە. لاوازبونی تاک جەمسەریی و چاوچنۆکی نیولیبرالیزم وەهایان کرد کەڕۆژئاوا چیدی وەک هێزێکی گەردونی نەمێنێت. دیارە هۆکاری تر زۆرن بۆ لاوازبونی دیموکراسی و سیستەمی رۆژئاوایی، بەڵام لێرەدا ئەم دوانە هەرە سەرەکین، لە گەڵ پەرتبوون و جەمسەرگیری سیستەمی سیاسی ئەمریکی لە ناوەوە.
لە سەر ئەم بنەمایانە هێرشی پوتین بۆ ئۆکرانیا، رووداوە بەوەی گورزێکی کوشندە لە قۆناغێکی سیاسی دەدات کە بە تاک جەمسەریی و نیولیبرالیزم و جیهانگەریی ناسراوە. ئایا ئەم گورزە کوشندەیە دەتوانێت بە تەواوی ئەم قۆناغە کۆتایی پێبهێنێت و ئاراستەیەکی نوێ بهێنێتە ئاراوە، ئەمە هێشتا بەتەواوی روون نیە. بەڵام ئەوەی روونە سنورداربوونی ئەمریکا و ئەوروپایە لە کاریگەریی و رۆڵیان لە دونیادا. ئایا ئەو ئاراستە نوێیە چیە کە ئەگەری هەیە ئەم رووداوە بیهێنێتە ئاراوە؟ ئەگەرێکی گەورە ئەوەیە کە دونیا بگەڕێتەوە بۆ سەردەمی هێزە هەرێمییەکان.
بەو مانایە کە دونیا چیدی وەک یەک یەکە بوونی نەمێنێت، وەک پانتاییەک نەبێت کە یەک بەها یەک سیستەم تیایدا زاڵ بێت یان بەڕێوەی ببات وەک لەسەردەمی لیبرالیزم و جیهانگەریدا بینیمان، بەڵکو لەهەرێم و ناوچەی جیاواز سیستەم و بەهای جیاواز بوونیان هەبێت. ئایا هەرێمەکان کوێ دەبن، بەهاو سیستەمەکانیان چۆن دەبێت، هێشتا روون نیە، چونکە ئێمە ئەمە وەک ئەگەرێک دەبینین. قوتابخانەی جیوپۆلەتیکی ئەمریکی، وەک جۆرج فریدمان (کابرای رۆژنامەنوس نا) و پیتەر زاین و ئەوانیتر ئەم تێزە بە ئەگەرێکی گەورە دەبینن. بە بوونی دونیا بە پانتایی هەرێمی جیاواز ئێمە لەکوردستان و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست رەنگە ببینە جێگای ململانێی زیاتر لە نێوان هێزە ئیقلیمییەکان و هێزە هەرێمییە جیهانییەکان. لێرەدا دەبێت ئەو جیاکارییە بکەین لەنێوان هێزێکی ناوچەیی وەک ئێران و هێزێکی هەرێمی وەک روسیا. ئەگەر ئێمە بەرەو ئەم ئاراستە بڕۆین ئەوا جۆری ململانێ و جەنگ و بەهاکان دەگۆڕێن. ئێمە دەگەڕێینەوە بۆ سەردەمێک کە چەندین هێز لەپانتایی جیاوازدا لە دونیادا حوکمی پانتاییەکانی دەوروبەری خۆیان دەکرد. ئەمە نوێ نیە، بەڵکو گەڕانەوەیە بۆ رابوردوو.