باڵندە گۆشتخۆرەكان بێ‌ پاساو ڕاوی چۆلەكەكان دەكەن  

 هاوڕی سورە

3 ساڵ لەمەوپێش



هاوڕی سورە

بێگومان لەیاساكانی جەنگەڵستاندا  باڵندە  دەنوك  قولابەكان وچڕنوك  تیژەكان  پاساویان نیە بۆ پەڕ و باڵكردن و خواردنی  هەر باڵندەیەكی  بێدەسەڵات  , بەهەمان شێوە لە سەر زەویش گەلە گورگەكان كە بە بێویژدان ترین دڕندەی سەر زەوی ئەژمار دەكرێن , تەنیا یەك گورگ  لە توانایدایە  قوڕقوڕاگەی سەدان كار و بەرخ  هەڵبرَێت , ئەگەر  شەوگار درێژبێت  ناوەستێت لەخنكاندن  یا دەبێت  گورگە بۆر  لەماندووبوندا بپسێت  یان ئەوەتا دونیا ڕوناك بێت , كەوتنی  لاشەی كار و بەرخەكانیش  بۆ چەقەڵ و ڕێویەكان جەژنە , ئاشكرایە   دڕندە گۆشت خۆرەكانی سەر زەوی  لە هەر كوێیەك هەلیان بۆ ڕەخسا كەڵبەكانیان گڕ دەكەن  و پەلامار دەدەن , بەڵام لە ناو كۆمەڵگەی مۆڤایەتیدا  گوایە یاسا و ڕێسای ئاسمانی  و نێو دەوڵەتی و ناوخۆیی هەیە ,  دەی ئەگەر هەزاران ساڵ لەمەوبەر مرۆڤەكانیش بۆ پەلاماردانی یەكتر  كردەوەكانیان نزیك بوون لە وەحش  و دڕندەكان  بەڵام خۆ لەم سەردەمەدا    شانازی بە وشەی مافی مرۆڤ و  دیموكراسی  و ئازادی و ئاشتی  و پێكەوە ژیان دەكرێت !!  ( ئەی كوا ؟  ) ئەوەی دەیبینین ,( پێت دەوێرم و پێم ناوێری ) ( كە خزمەتكارم نەبیت دوژمنمی )  بۆیە  داگیركاری و خوێنڕێژی  و خۆ سەپاندن برەوی پێدەرێت و خەریكە دەبێتە دیاردە لە سەر هەسارەكەمان  , بەداخەوە  زلهێزە بەرژەوەندخوازەكان وەك دڕندەكان  لە دەرەوەی یاساكانی مرۆڤایەتی خەریكی دابەشكردنی سەروەت و سامانی گەلان و بەهاكانی وڵاتانی بێدەسەڵاتن , بەهۆی تەماعكاری   ئەوەی ئەنجامی دەدەن  لەكاتی داگیركاریدا  زۆر جار دەگاتە جینۆساید كردن  یان ناچاركردنی مرۆڤە بێدەسەڵاتەكان  بۆ ئەوەی وەك دیڤاكتۆ مامەڵە لەگەڵ  ئەو واقیعە تاڵ و نەخوازراوە بكەن  كە ملنەوی كردنە بۆ تاوانی بێوێنەی  ستەمكارە خوێن ڕێژەكان , ئەوەی جێگەی داخە  زۆر حزب و حكومەت و كەسانی دەستڕۆیشتوو لەبەر بەرژەوەندیەكانیان یان پەیوەندیە ژێر بەژێریەكانیان لەگەڵ زاڵم و تەماعكاراندا  لەبەرامبەر داگیركاری تەنانەت  پاكتاوكردنی مرۆڤە سڤیلەكانیش  بێدەنگ و بێهەڵوێستن !! دەخوازم بەكورتی ئاماژە بە هەڵوێست و كاردانەوەی حزب و لایەنە سیاسیەكانی عیراق و كوردستان بكەم  بەرامبەر هەڵوێستە دوژمنكارانەكەی  شیعە پاسدارەكانی عیراق  بەرامبەر حكومەتی هەرێم ,   دیارە ئەگەر لایەنێك یان كەسایەتیەكی بڕیار بەدەست  پەیمانی دابێت  لە چوارچێوەی نەخش و پیلانی داگیركەران دەرنەچێت  وەك دەڵێن گوێ‌ لەمست  و لەسەر پێبێت بۆ هەموو فەرمانێكی ئاغاكەی  بێگومان هەڵوێست و كاردانەوەی  نابێت  بەرامبەر هەر بڕیارێكی نا رٍەوای  دادگا یان حزب و حكومەتە داگیركەرەكانی كوردستان , ئاشكرایە  ئەگەر لەبەر ڕای گشتی هاوڵاتیانی هەرێم  بە ئاشكرا پشتیوانی  لەهەموو فەرمانێكی داگیر كەر نەكەن  بێگومان لە ژێرەوە لەگەڵیانن , ئەم چەند نمونەیەك بەڵگەی  حاشا هەڵنەگرن  بڕینی موچە و بودجەی هەرێم لە ساڵی (2014) داگیر كردنی نیوەی خاكی كوردستان لە  16ی ئۆكتۆبەری (2016)  بڕیارە شۆڤیەنیەكانی بەناو دادگای فیدرالی  لە (2022)  بەتایبەتی  مۆشەك بارانی هەولێر لەلایەن سوپای پاسداران لە ئازاری (2022)  هتد ... كوا هەڵوێستی  جوامێرانە و كوردانە ؟  با خەڵكی شەرەفمەندی كوردستان قەزاوەت باكات  ؟ ئاخۆ بەڕاشكاوانە هەڵوێست وەرنەگرتن و ئیدانە نەكردنی  ئیران دەچێتە كام خانە ؟   لەلایەكی دی  ئاشكرایە لەوەتەی ئیسلامی سیاسی لە كوردستان سەری هەڵداوە  هەمیشە بە دوای نەیارەكانی حكومەتی هەرێمدا گەڕاون  چەند ساڵێك  بوونە هاوپەیمانی بزوتنەوەی گۆڕان  لەكاتێكدا لە ڕوی فیكرەوە ئاسمان و ڕێسمانیان جیا بوو  تەنیا بۆ لە قاودان و ڕوخانی حكومەت  لێك دەچوون , دواجار دەركەوت  هەنگاوەكەیان هیچی لێشین نەبوو ,  ئینجا نەوەی نوی َ بەنەیاری حكومەت دەزانن  بۆیە نۆرەی ئەوە ببنە هاوپەیمانی لەوێوە ئاو لە ئاشی داگیركەران بكەن , لەبیریان كردووە گۆڕان نیو ملیۆن   دەنگدەری هەبوو هەروەها  لە نیوە  زیاتری سەركردە دیارەكانی یەكیەتی لەگەڵ  بوو  كاریزمای خوالێخشبوو كاك نەوشیرانیش لەوێ‌ ڕاوەستێ‌  ئەرێ‌ ئێستا حاڵی چیە و لەكوێیە ؟  ئەوەی جێگەی نیگەرانیە بۆ دەبێت هەندێك هاوڵاتی چەواشە بكرێن  بەناهەق  دەست لە ئەستۆ بدەن  لەكاتێكدا دڵنیا نین  ئایا ئەمانەش   بەهەشتین یان دۆزەخی ؟ ئەگەر نمونەی برا موسوڵمانەكانیان لە توركیا و ئێران وەربگرین دیارە ئەوان دۆزەخین , مرۆڤی هوشیار و بە ویژدان هەرگیز فریو ناخوات و ڕاستیەكانی لێبزر نابێت , لەكاتێكدا  لای هەمووان ئاشكرایە "مامە حسن  پارە و پول دەبات  و كەندو  كۆسپی زۆریش لە بەردەم پێكەوە بوون  و ژیانێكی لەبار بۆ هاوڵاتیان دروست دەكات  چۆن دەكرێت پەنجە لەكاكە حسین ڕاوەشێنیت و هەزار و یەك دوعای لێبكەی" !!,  ڕاستە حوكمڕانی هەرێم  داد پەروەر نیە كەم و كوڕی  زۆرە بەڵگەش  زیز بوون و توڕە بووونی  زۆربەی خەڵكەكەیە لەدەسەڵات , بەڵام  ڕێگە دروستەكە ئەوەیە كار بكرێت بۆ ڕاستكردنەوەی خوار و خێچیەكان  و پڕكردنەوەی چاڵەكان نەك هەوڵدان بۆ ژێرە و ژووركردنی قەوارەكە  ,  ڕوخانی ئەم نوایە كارەسات و ماڵوێرانی لەدوایە , بایكوت كردنیش  لە دەوام چارەسەر نیە جگە لەپەككەوتنی ئیشی هاوڵاتیان ,  ئەوەی بەهەڵبژان سەكەوتوووە  هەر دەبێ‌ بەڵبژاردنیش  لە كورسی دەسەڵات بێتە خوار ,  پێویستە لاوانی فریو نەخواردوو دڵنیابن خراپترین دەسەڵاتی كوردی لە باشترین دەسەڵاتی بێگانە باشترە , ئێمەمانان مارانگەزین فاشیەتی بەعس و زوڵمی داگیركەرانمان بێنیوە هەگیز لە بیرمان ناچنەوە بۆیە  حساب بۆ خشپەی مارمێلكەش  دەكەین   ..                  

   هاوڕی سورە  15-3-2022  سلیمانی

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار