لە پەراوێزی ڕۆژی جیهانی ژناندا بزووتنەوەی جیهانیی ژنان لە موقاومەتی ئێراندا
عەبدولڕەحمان گەورکی (مهابادی)
3 ساڵ لەمەوپێش
عەبدولڕەحمان گەورکی (مهابادی)
نووسەر و لێکۆڵەری سیاسی ڕۆژی جیهانی ژنان لە هەموو کۆمەڵگا مرۆییەکاندا جێگایەکی تایبەتی هەیە.
چونکە بەدرێژایی مێژوو ژنانن کە نەک هەر لەلایەن حکومەتەکانەوە ستەمیان لێکراوە، بەڵکو لە (کۆمەڵگای پیاوسالاری)دا، لە پیاوان زیاتر و بە دووقات و چەندقات ستەمیان بەرامبەر دەکرێت. ئەوەیش ئەو راستییە تاڵەیە کە ئێستا لە ئێران نموونەکەی هەر زۆر زۆرە. سەربڕینی ژنێکی ئێرانی لەلایەن هاوسەرەکەیەوە لەم دواییانەدا و لە باشوری ئێران، یەکێکە لە بە ئازارترین و کارەساتبارترین نموونەکانی. ئەمساڵیش وەک ساڵانی ڕابردوو یادی ڕۆژی جیهانی ژنان لەلایەن موقاومەتی ئێرانەوە کرایەوە لە رۆژی 5ی مارسی2022 و بە ئامادەبوونی خاتوو مەریەم ڕەجەوی، سەرۆکی هەڵبژێردراوی موقاومەتی ئێران و بە ئامادەبوونی هەزاران کەسایەتی لە وڵاتانی جیاجیای جیهانەوە کە تیایدا زیاتر لە (60) ژنی دیاری کۆمەڵگا جیاوازەکان وتاریان پێشکەش کرد لەهەمبەر ڕۆڵ و جێگە و پێگەی ژنان لە ئێران و جیهاندا.
یادکردنەوەی ساڵانەی ڕۆژی جیهانی ژنان لەلایەن موقاومەتی ئێرانەوە تایبەتمەندیی خۆی هەیە. چونکە هەمەجۆر خەڵک و بیرکردنەوە، لە وڵاتانی جیاوازەوە تا کۆمەڵگاکانی مرۆڤ لو جیهان لەخۆ دەگرێت. ئەمە دیارترین لایەنی یادکردنەوەکەیە کە هەموو ساڵێک بە شێوازی جیاجیا خۆی دەردەخات. بەشداربووانی ئەم بۆنەیە پەنجەیان خستە سەر ئەم راستییە کە موقاومەتی ئێران خاوەن پوتانسیەل و توانایە لە پەیوەند لەگەڵ بزووتنەوەی ژناندا. ئەم موقاومەتە توانیویەتی لەم بوارەدا هەنگاوێکی مێژوویی هەڵگرێت و قسە و دروشمی خۆی بە کردار کردووە و تیایدا ژنان پێگەیەکی تایبەتیان هەیە. خانمی مەریەم رەجەوی ئەمساڵ ڕۆژی جیهانیی ژنانی بە "رۆژی موقاومەتی ژنانی ئۆکرانیا" ناوزەد کرد. بە بۆنەی ڕۆڵی بێ هاوتای ژنان لە موقاومەتی ئۆکرانیا، ئەم موقاومەتە رەوایە بەرەو ئەوە دەچێت کە وانەیەکی هەتاهەتایی بۆ کۆمەڵگا مرۆییەکان بڵێتەوە. چونکە دەستدرێژی کراوەتە سەر ئۆکرانیا و داگیرکراوە و خەڵکەکەی سوورە لەسەر بەرەنگاربوونەوە و بەرخۆدان و، ژنانی ئەم وڵاتەیش بە ئامادەبوونی چالاکانەی خۆیان لە بوارە جیاجیاکانی موقاومەتدا، دەور و پێگەی ڕاستەقینەی خۆیان بۆ جیهان نیشان دەدەن.
خانمی رەجەوی لە وتارەکەیدا گوتی: ئەمڕۆ گەرمترین سڵاو دەنێرین بۆ خەڵکی ئۆکرانیا. بەتایبەتی بۆ ژنانی بوێری ئەم وڵاتە. ملیۆنان ژن و کچ کە بۆ رزگاریی وڵاتەکەیان راپەڕیون و بە بەربڵاوی بەرەو سەنگەرگرتن چوون. لە وەزیر و پەرلەمانتارەوە تا دایکان و بەساڵاچووان چەکیان هەڵگرتووە. ئەو دایکانەی منداڵەکانیان بە ئەوانیتر سپاردووە تا بەشداری بکەن لە موقاومەتدا. ئەو کچە گەنجانەی بە زەردەخەنە و بەرەنگاربوونەوە و ورەیەکی بەرزەوە کۆکتێل مۆلۆتۆڤ دروست دەکەن. بەرخۆدان و موقاومەتی خەڵکی ئۆکرانیا، نەک تەنیا داستانێکە لە بەرگری لە شەرەف و بوون و مانەوەی وڵات، بەڵکو وەرچەرخانێکە لە بوژانەوەی کلتوری موقاومەت و بەرخۆدان لەم جیهانەدا" ڕۆژی جیهانی ژنان، بۆ ژنانی ئێرانیش، ڕۆژێکی پڕ لە شانازییە.
چونکە لە سەردەمی دەسەڵاتی نگریسی ویلایەتی فەقیهیدا، ژنانی ئێران بەرەنگاری دێوەزمەی ئاخوندان و دەسەڵاتی سەرەڕۆ و ملهور و تاڵانکار و سەرکوتکەر بوونەتەوە. بە تایبەتی لە ساڵی ڕابردوودا ژنان لە هەموو بزاڤە جەماوەری و ناڕەزایەتیەکاندا پێشەنگ بوون. کاتێک خومەینی بە دزینی سەرکردایەتی شۆڕشی دژە پاشایەتیی گەل، جۆرێکی زۆر دڕندانەتری دیکتاتۆرییەتی بەسەر خەڵکی ئێراندا سەپاند، ژنانی ئێران، هەر لە هەفتەی یەکەمەوە، دەستیان بە خۆڕاگری و خۆپیشاندان کرد بەرانبەر بە دەسەڵات و دواتریش، دەیان هەزار کەس لە ژنانی موجاهید و خەباتکار، لە ریزی موقاومەت و بەرخۆدان بەرانبەر بەو رژێمی ئێران ئەشکەنجە یان لە سێدارە دران! یاساکانی ڕژێم و لەوانە خاڵەکانی 220 و 630ی یاسای سزادانی دژە ئیسلامی، ڕێگەی ئەم کوشتنانەی دەرحەق بە ژنان کردەوە. لەگەڵ ئەوانەیشدا، دەسەڵاتداران، دیاردە ترسناکەکانی وەک هاوسەرگیری منداڵ و بە شوودانی زۆرەملێیان برەو دا لە کۆمەڵگادا. ئەم دیاردە کۆنەپەرستانەیە، لەگەڵ هەژاری لە رادەبەدەری خێزانەکان، بووە هۆی پەرەسەندنی توندوتیژی دژ بە ژنان.
بە جۆرێک کە ساڵانە لە ئێران 400 بۆ 500 ژن دەکوژرێن. بەشداربوونی بەرفراوانی ژنانی ئێران لە خەبات بۆ رووخاندنی ئەم دەسەڵاتە بە ڕێکەوت نەبووە و نیە. ژنانی ئێران لە بەرخۆدان و تێکۆشانێکی سەخت و درێژماوەدا، شان بە شانی پیاوان و لە زۆر بواردا لە ریزی پێشەوەی پیاواندا، خەباتێکی دوورودرێژیان کردووەوە و لێهاتوویی خۆیان بە باشی سەلماندووە.
بێ بنەما نییە کە دەبینین زۆرێک لە ژنانی جیهان، (ژنانی موجاهید) و تێکۆشەری ئێران، بە سەمبول و نموونە دەهێننەوە بۆ خۆیان و ئەوان بە ئیلهامبەخش ناوزەد دەکەن لە چالاکییەکانیاندا لە سەرتاسەری جیهان. خانمی مریەم رەجەوی لە وتارەکەیدا و روو لە ژنانی ئێرانی گوتی: "ئازادی دەبێ بسەندرێت. راپەڕن و ئەم ڕژێمە بڕوخێنن. ئێوە خۆتان هێزی یەکلاییکەرەوەن! ئێوە خۆتان هێزی گۆڕانکارن! هێزی پێشکەوتن و بەرەوپێشچوونی ڕاستەقینە بەرەو ئێرانێکی ئازادی دواڕۆژ، هەر خۆتانن. ئەوە ژنانن کە دەسەڵاتی ویلایەتی فەقیهی ئاخوندی رادەماڵن!".