لاڤرۆڤ: روسیا دوو هێنده‌ى ئێران و کۆریاى باکور سزادراوه‌

3 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتى
‌وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى روسیا رایگه‌یاند، که‌ وڵاتانى رۆژئاوا زیاتر له‌ پێنج هه‌زار بڕیارى سه‌پاندنى سزایان دژبه‌ روسیا داوه‌ که‌ دوو هێنده‌ى سزاکانى سه‌ر کۆریاى باکور و ئێرانه‌.

ئه‌مڕۆ هه‌ینى، 18ى ئازارى 2022، سێرگى لاڤرۆڤ، وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى روسیا له‌ میانى چاوپێکه‌وتنێکدا له‌گه‌ڵ میدیاى وڵاته‌که‌ى رایگه‌یاند: "زیاتر له‌ پێنج هه‌زار بڕیارى سه‌پاندنى سزا دژبه‌ روسیا دراوه‌ که‌ ئه‌مه‌ش دو هێنده‌ى ژماره‌ى سزا سه‌پێنراوه‌کانى سه‌ر کۆریاى باکور و ئێرانه‌".

هه‌روه‌ها راشیگه‌یاند که‌ پێشبینى ده‌که‌ن سزاکانى سه‌ر روسیا له‌لایه‌ن وڵاتانى رۆژئاوا به‌رفراوانتر بکرێت و فشارى سزاکان به‌رده‌وامى ده‌بێت"له‌ئێستادا ئه‌وروپا هه‌ڕه‌شه‌ى شه‌پۆلى پێنجه‌مى سزاکان له‌ روسیا ده‌کات، به‌ڵام ئه‌وه‌ به‌لاى روسیاوه‌ گرنگ نییه‌، هه‌مو کات سزاکان به‌هێزتریان ده‌کات".

وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى رووسیا ئه‌وه‌شى دووپاتکرده‌وه‌ که‌ بۆ روبه‌ڕوبونه‌وه‌ى سزاکان له‌ که‌رتى ئابوریدا ئاماده‌کارى پێویست کراوه‌ و به‌پێى ئه‌و بارودۆخه‌ى هه‌یه‌ هه‌نگاو ده‌نرێت و متمانه‌یان به‌ هاوپه‌یمانانیان له‌ رۆژئاوا نه‌ماوه‌ و له‌مه‌ودوا ده‌توانن ته‌نیا متمانه‌ به‌خۆیان بکه‌ن، ئه‌گه‌ر ئه‌وان ده‌رگاکان به‌ڕوشیاندا دابخه‌ن، مۆسمۆ ده‌رگا به‌ڕوى وڵاتانى رۆژئاوا داناخات.

روسیا رۆژى 24ى شوباتى 2022، هێرشى سه‌ربازى بۆ سه‌ر ئۆکرانیا ده‌ستپێکردووه‌و له‌دواى ئه‌و به‌رواره‌وه‌ وڵاتانى ئه‌وروپا و ئه‌مریکا سه‌دان سزایان به‌سه‌ر مۆسکۆدا سه‌پاندووه‌و داواى راگرتنى هێرشه‌ سه‌ربازییه‌کان بۆ سه‌ر کیف ده‌که‌ن.
 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار