حکومەتە هەقیقە نادیارەکەی ناو دەسەڵات
غازی حەسەن
3 ساڵ لەمەوپێش
غازی حەسەن
شتێکی شاراوە ناڵێم، ئەگەر بێژم حکوومەتێکی نادیاری شاراوە و سێبەر لەنێو دەسەڵات و حکوومەتی ئێستای بەغدا بەشێوەیەکی کارا و بەهێز و کاریگەر هەیە، ئەم حکوومەتە شاراوە بەستراوەتەوە بەکۆمەڵێک پڕۆژەی سیاسی و ئابووری و مەزهەبی و مێژوویی بەرجەستەی هەقیقییەوە. حکوومەتە هەقیقیەکەش بەستراوەتەوە بەکۆمەڵێک پڕۆژە و بیرۆکە و بەرنامەی وەهمی نادیار و خەیاڵییەوە. دەسەڵاتی هەقیقی لە حکوومەتە نادیارەکەوە سەرچاوەی گرتووە و بێ دەسەڵاتیش لەحکوومەتە دیارەکەوە بەرجەستەیە.
حکوومەتە هەقیقییە دیارەکە بەشێوەیەکی گشتی کار دەکات و نوێنەرایەتی دەستوور و یاسا بکات، بەڵام حکوومەتە نادیارە باڵادەستەکە، کە هەموو بڕیارە ستراتیژی و گرنگەکان ئەوان دەیدەن، بەهیچ شێوەیەک ڕەچاوی دەستوور و یاسا و هاوسەنگی و ئاشتەوایی ناکات، بەپێچەوانە ئەم حکوومەتە شاراوەیە، کە بەکردەوە بڕیاربەدەستی ڕاستەقینەی بەغدایە، تەنیا لەپێناو لایەنێک و گروپێک و مەزهەبێک کار دەکات. حکوومەتی دیار قسە دەکات و لێدوان و وەزارەت و دامودەزگای بەدەستە، حکوومەتە نادیارەکەش نە لێدوانی هەیە و نەوەزارەت و نە دامەزراوە.
بڕیاری دادگای فیدرالی دژی هەرێم، بەکردەوە پەیوەستە بەم حکوومەتە شاراوە. لەوەپێشیش هەر بڕیارێک و هەڵوێستێک دژی هەرێمی کوردستان لە بەغداوە دەرچووبێت حکوومەتە ئاشکراکە وەکو مەڕێکی بێ دەسەڵاتی بەستەزمانی قوربانی سیاسیی نمایشی پێکراوە و ویستویەتی هاوسەنگانە هەنگاو بنێت، کەچی حکوومەتە شاراوەکە بڕیاردەری بەکردەوەی نێو بەغدا، هەمیشە وەکو دوژمنکارێک هەنگاوی ناوە و مەیلی بەرەو سڕینەوەی ئەوانی دیکەیە و مێژووێکی فکری و کەلتوورێکی کۆنی ڕقهەڵگری لەپشتە.
من وای دەبینم ئەگەر هەرێمی کوردستان بیەوێت سەرکەوتوو و ئارام بێت، پێویستە لەگەڵ سەرچاوەی ئەم حکوومەتە نادیارە دانوستان بکات، هەرچەندە کارێکی ئێجگار قورسە تۆ لەگەڵ شتێک مامەڵە بکەیت، کە نادیارە. کارێکی ئێجگار قورس و ئاڵۆزە تۆ حکووتە دیار و هەقیقیەکە بەهیچ بزانی و لەگەڵ حکوومەتێکی نادیاری سێبەر مامەڵە بکەیت و بەهیچی بزانیت. ئەمە وەکو ئەوە وایە کارەکتەرێکی هەقیقی بسڕیتەوە و بەدوای سێبەری کەسێکی نادیار بکەویت.
سەرۆکی کۆمار بەدەست حکوومەتە نادیارەکەیە، نان و مووچەی فەرمانبەران و ئابووری خەڵکی هەرێم ئەوان بڕیاری لێ دەدەن و کارەساتی ژیانی هاووڵاتیان لەخواروو و ناوەڕاستی عێراق و ژینگە و سەرچاوەکانی ژیان و پەروەردە و بیناکردن و ئاوەدانی و ماڵوێرانیان بەستراوەتەوە بەبڕیار و هەڵوێستی ئەم حکوومەت نادیارە. بوونی پەکەکە پەیوەندی بەم حکوومەتە نادیارەوە هەیە، دژایەتی هەرێم و هاندان دژی هەرێم لەم حکوومەتەوە سەرچاوە دەگرێت. ئەوانەی دەیانەوێت گەشەکردن و ئارامی و پێشکەوتنی کوردستان ڕابگرن، پەیوەندی بەم حکوومەتەوە هەیە. ئەوەی هانی عەشیاری عەرەب دەدات دژی هەرێم هەر پەیوەندی بەم حکوومەتە نادیارەوە هەیە.
گومان دەکەم، گومانێکی قووڵ، کە ئەم حکوومەتە نادیارە عێراق و شیعە بەرەو دۆخێکی مەترسیداری شەڕ و ناکۆکی و ناتەبایی ببات و کۆتاییشی دیار نەبێت.
کارەکتەرەی نێو حکوومەتە نادیارەکە هەموویان ئاشکران و سەرچاوەی فکری و ئیمانیان دیارە، پێچەوانەی هەموو هەقیقەت و واقیعێک دەتوانم بڵێم حکوومەتە دیارەکە کارەکتەرەکانی دیارنین و هیچ دەسەڵات و پێگە و مەزەندەیەکیان نییە. ئەمەش دەکرێت وەکو یەکێک لەسەیر و سەمەرەکانی دونیا سەیر بکرێت، حکوومەتی نادیار کارەکتەرەکانی دیار و ئاشکران و حکوومەتی دیاریش بەپێچەوانەوە کارەکتەرکانی نادیار و بێ وجود و بێ بەهان.