لەبارەی ئاماری قەرزەكانی حكومەتەوە
دانا دارا حسین
3 ساڵ لەمەوپێش
دانا دارا حسین
كە قەیرانی دارایی و ئابوری لەهەر قەوارەیەك دروست دەبێت، یەكێك لەڕێگەچارەكانی دەربازبوون بریتی دەبێت لە پەنا بردن بۆ ئەنجامدانی قەرزی گشتی لە ناوەوەی وڵات یان لەیەكێك لە ناوەندە جیهانیەكان.
حكومەتی هەرێم ڕایگەیاند لە مانگەكانی پێشودا ئەوەی پێی دەوترێت (ذمەی مالی) مەشغولە بە ژمارەیەك ئامار لە قەرز كە وەك پابەندییەك ئەرك باری قورسی خستۆتە ئەستۆی، لەگەڵ ئەوەشدا هەر حكومەت خۆی ژمارەیەك بڕی پارەی لەلای كەسانی مەعنەویە كە ژمارەكەی دواتر ئاماژە پێدەدەین.
ئەم پرسە ئاڵۆزە وامان لێدەكات كە بە هەندی وەربگرین و لە چەند ڕویەكی (پشتیوانی یاسایی، ئابوری، واقعی)یەوە لەسەر ئەم بابەتە بوەستین و شیكارێكی كورتی هەردوو جۆرەكەی قەرز بكەین و ڕێگاكانی وەرگرتنەوەشی ئاماژە پێ بدەین، ئەمەو لەكاتێك دا كە ڕاپۆڕتێكی نا فەرمی بەناوی دارایی حكومەتەوە بڵاوبوەتەوە كە كۆمەڵێك ژمارەی ئاماژە پێداوە.
*قەرزی حكومی لەڕوی یاسایی و ئابوریەوە :
بۆ ئەوەی چەمكی قەرز بەتەواوەتی ناونیشانەكەی بەسەردا جێبەجێ ببێت پێویستە ئەم مەرجانە لەخۆ بگرێت، واتا بۆ ئەوەی قەرزی گشتی بێت و یاساییانە و پشتیوانی هەبێت پێویستە :
1.قەرزی گشتی ( الدین العام ) پێویستە ئەم مەرجانەی تیادا بێت : دیاریكردنی جۆری قەرزەكە، ناوەڕۆكی قەرزەكە، بەكارهێنانی قەرزەكە، سودی قەرزەكە.
2.ڕونە دەبێت قەرزی ناوخۆیی بە دیناری عێڕاقی بێت، وە قەرزی ناوەندە جیهانیەكان بە دراوی بیانی بێت .
3.قەرزی گشتی دواهەمین چارەسەرە (اخر الدواو) كە حكومەت پەنای بۆ دەبات و چونكە زۆر جار ئاسەوارەكانی قەرز كردنەكە مەترسیدارە و وڵات دەكاتە كۆیلەی ئەو دامەزراوانەی كە قەرزەكە دەبەخشن، بەتایبەتی كاتێك كە سودەكانی پێچەوانەی پێوەرە شەرعیەكان بێت و بە حكومەتی ناوەندیش نەدرێتەوە چ بگاتە هەرێمێكی بچوك !
4.خشتە بەند كردنی قەرزەكان (جدولە القروچ ) لەم ڕوانەوە : بڕی پارەی قەرز كراو، نرخی سودەكان، دەستەبەری قەرزەكان (چمانات القروچ)، كاتی دانەوەی قەرزەكان، چییەتی قەرزەكان واتا دەروازەی خەرج كردنی قەرزەكان.
*لە ڕوی واقیعی و پشتیوانی یاساییەوە :
1.هەرێمی كوردستان تا ساڵی 2014 كە سەرەتای قەیرانە ئابوریەكانی بوو كە تا ئێستاش بە خەستی بەردەوامە، هیچ بڕە پارەیەك كە ژمارەیەكی دیاریكراو بێت و لە ئەستۆی حكومەت بێت قەرزار نەبوە.
2.یاسای بودجەی گشتی هەرێمی كوردستان ژمارە 1ی ساڵی 2013 كە كۆتا یاسای بودجە بوە لە هەرێمی كوردستان لە هیچ یەكێك لە ماددەكانی یاساكەدا ئەو دەسەڵاتە بە هەرێم نادات كە قەرز بكات یاخود قەرزار بێت، بەڵكو ئەستۆی هەرێم تا ئەو بەروارە بە پاكی هێڵاوەتەوە !
3.لەگەڵ ئەوەشدا كە لە هەرێم یاسای ڕاكێشانی مایە لە ڕێگەی قەرزكردن ژمارە 7ی ساڵی 2015 ئەو مافە بە هەرێم دەدات كە قەرز بكات، بەڵام ئەم یاسایە تائێستاش جێبەجێ نەكراوە.
4.تەنانەت هەر لە خودی یاسای لەسەرەوە ئاماژە بۆ كراو وەك سەقفی بەرزی بڕی پارە قەرز كراوەكە هاتوە كە نابێت لەسەرجەم ئەو بڕەی كە حكومەت قەرزی دەكات لە 5 ملیار دینار بێت ، واتا هەر بڕێك لەو ئەندازەیە زیاتر بێت بە نایاسایی دادەنرێت.
5.تەجاوزكردنی دەسەڵات لەلایەن دەسەڵاتی جێبەجێ كردنەوە لە پرسی دارایدا بەتایبەتی لە بەناشەفاف هێشتنەوەی قەرزەكان و ئەو بڕەی پێویستە بدرێتەوە، واتای ئەوەیە كە ئەم دەسەڵاتە باز دان دەكات لە دەرەوەی یاسا و ڕێنمایی دارایی لە بواری قەرزەكاندا !
*ئامارە نافەرمیەكانی قەرزای حكومەت كە لە هەندێك میدیاوە بڵاوكراوەتەوە بریتین لە :
- قەرزی دەرەكی 4 ملیار و 288ملیۆن دۆلار
- قەرزی ناوخۆیی 2ملیار و 268 ملیۆن دۆلار
- پابەندیە داراییەكانی وەزارەتی سامانە سروشتیەكان 3 ملیار و281 ملیۆن دۆلار
- پابەندیە داراییەكانی وەزارەتی كارەبا 3 ملیار و 883 ملیۆن دۆلار
- پابەندییە داراییەكانی وەزارەتەكانی تر 948 ملیۆن و 497 هەزار دۆلار
- پاشەكەوت و شایستە داراییەكانی موچە خۆران و خانە نشینان 8 ملیار و 966 ملیۆن دۆلار
- قەرزی بانكی بازرگانی عێراقی و كوردستانی 3 ملیار و 914 ملیۆن دۆلار
كەواتە كۆی ئەو ژمارانەی كە ناونیشانی قەرزیان بۆ دانراوە دەكاتە (27 ملیار و 549ملیۆن دۆلار ) !!!
*ئامارە فەرمیەكانی قەرزە حكومیەكان بریتیە لە :
870 ملیار دینار، كەلەلای كەسانی مەعنەویین و لە ئۆفەری وەرگرتنی قەرزی حكومی لە ساڵانی پێشوو سود مەند بوون و تا ئێستاش وەفایان بە دانەوەی ئەو قەرزانە نەكردوە.
كەواتە مامەڵەی یاسایی بۆ وەرگرتنەوەی قەرزە حكومیەكان بەتایبەت لەلای كەسە مەعنەویەكان( بەڵێندەران) چۆن دەبێت ؟
1.حكومەت بەگوێرەی ماددەكانی (3و4و5و6و7 ) لە یاسای وەرگرتنەوەی قەرزە حكومیەكان ژمارە 56ی ساڵی 1977 هەڵدەستێت بە وەرگرتنەوەی ئەو قەرزە حكومیانەی لای بەرامبەرن.
2.لە كاتی ئەوەی كەسی قەرزدار پابەند نەبێت بە دانەوەی قەرزەكە، ئەوا بەپێی حوكمەكانی یاسای جێبەجێكردنی بەركار لە هەرێم ژمارە 45ی ساڵی 1980 ڕێكارەكانی دەست بەسەراگرتنی ماڵی نەگواستراوەی بەسەردا جێبەجێ دەكرێت، هەروەها حوكمەكانی یاسای تۆماركردنی خانوبەرە ژمارە 43ی ساڵی 1971ی بەسەردا جێبەجێ دەكرێت.
لە كۆتایدا دەگەینە ئەم ئەنجامە كورتانەی خوارەوە :
1.ئەو ئەركباریە داراییەی كە لەسەر حكومەتی هەرێمە كۆمەڵێ ژمارەن، زۆریان پابەندین بەڵام ناتوانرێت ناوی قەرزیان لێبنرێت.
2.حكومەت دۆخی دارایی زۆر خراپە و و بەشێوەیەكیشە هیچ هاوڵاتیەك ناتوانێت پێشبینی ئەوە بكات كە كەی كۆتایی دێت، بەڵام دەكرێت ئاماری ڕاست و دروست بۆ ڕای گشتی ئاشكرا بكات.
3.لە هەندێك پرسی دارایی پەیوەندیدار بە قەرزەكانی حكومەتەوە، ئەو شێوەیان ئەركی ئاسانترە كە بریتیە لە وەرگرتنەوەی قەرزی حكومی، بەمەرجی بونی ئیرادەیەك و ڕوانیین بۆ هەموان وەكو یەك.