بەغدا ... شکست و هیوا
عەبدولرەزاق شەریف
3 ساڵ لەمەوپێش
عەبدولرەزاق شەریف
کۆبونەوە و نەبونەوەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق مەسەلەیەکی تەواو پەیوەستیداری کێشەکانی ناو ماڵی شیعەکانی عێراقە و ئەکرێت نێوانی هەردو ئاراستە و هێزی نوری مالکی و موقتەدا سەدر بێت گەر وردتری بکەینەوە . ئەم دو هێزە وەک یەک لە ئێران و لوبنانەوە دور و نزیکن و وەک یەک کاریگەری ئەوان و مەرجەعیەتی نەجەفیشیان لەسەرە ، بۆ دۆستایەتی و وەلائی ئاینیش لە هەمو هێزەکانیتری شیعە دورترن لە ناوەندەکانی بڕیاری دەرەوە و زیاتر وەلائی عێراقی و عەرەبیان هەیە .
ئەوان شەڕی سەرۆک وەزیران و جومگە هەستیار و گرنگەکانی کابینەی حوکمڕانی ئایندە ئەکەن کە ساڵانێکە هێزەکەی مالکی لە زۆریانا جێگیر بوە ، بە مانایەکیتر سەدر ئەیەوێ جێگە بە مالکی لێژ بکات و مالکی شەڕی مانەوە ئەکات . پارتی و یەکێتی لە رێکنەکەوتنی خۆیانا ، شەڕی سەرۆک کۆماریان خستۆتە ململانێی ئەوانەوە هەر یەک خۆی بە لایەکدا ، هەڵواسیوە . گەرنا هیچ هێزێک لە عێراقدا رێکەوتن و بەتەنیا کاندیدێکی کوردی بۆ سەرۆک کۆمار رەتنەکردۆتەوە ئەوە بارزانی و تاڵەبانیە رێکناکەون و هەریەک تەماحیان لە پۆستەکەدا هەیە .
ئاشکرایە تەحالوفەکەی پارتی ئەندامەکانیان بە ژمارە زیاترن و هەرکات کۆبونەوە رێکبخرێت کاندیدەکەی پارتی دەرئەچێت ، هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانیش سیناریۆیەکی لاوازە ، ملنەدانی یەکێتیش هەر لە سەرەتاوە بۆ گۆڕینی کاندیدەکەیان و سازش نەکردنیان توڕەبونی زیاتری پارتی بەدوای خۆیدا هێنا کە جارێکیتر زەحمەتە پارتی پاشەکشە بە کاندیدەکەیان بکەن . دواخستنی کۆبونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی نوێنەران بۆ دەرفەتێکی زیاترە لە پێناوی رێکەوتن و پەرتنەبونی ماڵی شیعەدا نەک وەک هەندێ بانگەشەی بۆ ئەکەن لە بەرخاتری یەکێتی یان یەکریزی ماڵی کورد بێت . کەواتە هەرکاتێک ئەوان رێکەوتن پەرتبون و کێشەکانی ناوخۆی پارتی و یەکێتی و حیزب و لایەنەکانیتری کوردستانی لە عێراق و هەرێم زیاتر ئەبێت و خەڵکی کوردستانیش زەرەرمەندی یەکەم ئەبن . رەتکردنەوەی ویستی پارتی لەلایەن یەکگرتو ، ویستی یەکێتی لەلایەن نەوەی نوێ وە سەربەخۆیی ئیرادەیانی سەلماند کە مایەی رێز و پشتیوانیە بۆ ئەوەی هانبدرێن لە ئایندەشا هەر وا بمێننەوە ، نەک وەک هەندێ پێیوایە ئەو دو لایەنە دەنگەکانی خۆیان لە ترسا یان بۆ بەرژەوەندی مادی خستێبێتە پاڵ ئەم یان ئەویان .
جارێکیتر پارتی ئەوەندەی ئیشی بە دەنگەکانی ( یەکگرتو ، نەوەی نوێ و کۆمەڵ )ە ، ئەوەندە ئیشی بە دەنگەکانی یەکێتی نیە چونکە پێویستی پارتی ئەوەندەی بەکارهێنان و نمایشی کۆدەنگی کوردە هێندە دەستهەڵبڕینی ناو ئەنجومەنی نوێنەران نیە ..! کەواتە دەرگایەک بۆ فشارخستنە سەر پارتی بۆ ئەو سێ لایەنە ئەکرێتەوە، خۆ ئەگەر هەرسێکیان خۆیان لە بەرەیەکی کوردستانیا رێکبخەن، خەڵک ئومێدی زیاتری پێیان ئەبێت . ئەو هەوڵ و هیوایەی کوردیش کەچاوەڕواندەکرێت لە بەغدا و لەسەر دەستی پارتی و یەکێتی بە شکست بگات، بە دروستکردنی جەبهەیەکی ئۆپزسیۆن لە هەولێر، هیوای سەرکەوتنێک بۆ کورد لە هەرێمی کوردستان ئەگەڕێنێتەوە .