چی بكریت هه‌ژماری بانكیی مووچه‌خۆران سه‌ربگرێت؟

ئه‌كرم ئه‌مین

3 ساڵ لەمەوپێش



ئه‌كرم ئه‌مین

له‌سه‌رو به‌ندی هه‌واڵی كردنه‌وه‌ی هه‌ژماری باكیی بۆ موچه‌خۆرانی كوردستان، كه‌ یه‌كێكه‌ له‌ بڕگه‌كانی یاسای چاكسازی، من لێره‌دا باسی باشی و خراپییه‌كانی ئه‌و یاسایه‌ ناكه‌م، ته‌نیا مه‌به‌ستم كردنه‌وه‌ی هه‌ژماری بانكییه‌ كه‌ پێویسته‌ پێش ئه‌و هه‌نگاوه‌و دوای ئه‌و هه‌نگاوه‌ چی بكرێت بۆئه‌وه‌ی چێی خۆیبگرێت و سه‌ربگرێت. پێوسته‌ ئه‌م هه‌نگاوانه‌ بگیرێته‌به‌ر:

یه‌كه‌م: متمانه‌: واته‌ گێڕانه‌وه‌ی متمانه‌ بۆ بانكه‌كان, كه‌ ئێستا متمانه‌یان له‌ده‌ستداوه‌ و له‌ساڵانی رابردوودا ژماره‌یه‌كی زۆر له‌هاوڵاتیان له‌ به‌ده‌ست بانكه‌كانه‌وه‌ زره‌رمه‌ندبوون. بۆیه‌ پێویسته‌ كارێكی جدی بكرێت بۆ ئه‌وه‌ی كاتێك موچه‌ی موچه‌خۆرێك ده‌خرێته‌ سه‌ر هه‌ژماری بانكییه‌كه‌ی، ئه‌وا موچه‌خۆره‌كه‌ له‌به‌ر نه‌بوونی متمانه‌ به‌بانكه‌كان هه‌ر ئه‌و رۆژه‌ هه‌موو موچه‌كه‌ی له‌بانك راده‌كێشێت، ئه‌و كاره‌ش پێیناوترێت هه‌ژماری بانكی، به‌ڵكو ته‌نیا كاره‌كه‌ وای لێدێت كه‌ له‌بری ئه‌وه‌ی له‌ فه‌رمانگه‌كه‌ی موچه‌ وه‌ربگرێت ده‌چێت له‌ بانك وه‌رده‌یگرێت! واته‌ گواستنه‌وه‌ی قه‌ره‌باڵغێكه‌ له‌ فه‌رمانگه‌وه‌ بۆ بانك ده‌گواسترێته‌وه‌، به‌ڵام ئه‌گه‌ر مووچه‌خۆر متمانه‌ی به‌بانك هه‌بوو ئه‌وا ئاره‌زوومه‌ندانه‌ چه‌ندی پێویست بێت ئه‌وه‌نده‌ پاره‌ له‌بانك راده‌كێشێت.

دووه‌م: زیادكردنی بانك و لقه‌كانیان: له‌ كوردستان ژماره‌ی بانكه‌كان بۆ جێبه‌جێكردنی ئه‌م كاره‌ زۆر كه‌مه‌ و له‌ ژماره‌ی په‌نجه‌كانی ده‌ست تێپه‌ڕناكات! هه‌روه‌ها لقی بانكه‌كان له‌شاره‌كانی تری هه‌رێم هه‌ر نییه‌ یان ته‌نیا یه‌ك لقی هه‌یه‌! بۆیه‌ پێویسته‌ حكومه‌تی هه‌رێم سه‌رمایه‌داران هانبدات به‌كردنه‌وه‌ی بانكی نوێ و هه‌ره‌وه‌ها كردنه‌وه‌ی ژماره‌یه‌كی زۆر له‌ لق و نوسینگه‌ی سه‌ره‌كی بانكه‌كان له‌شاره‌كانی هه‌رێم بۆ ئه‌وه‌ی هاوڵاتیان به‌ئاسانی ده‌ستیان به‌خزمه‌تگوزارییه‌كانی بانكه‌كان بگات. ته‌نیا بانكی سپه‌ له‌ شاری ته‌برێزدا له‌ وڵاتی ئێران 120 لقی سه‌ره‌كی هه‌یه‌ و نزیكه‌ی هه‌زار شوێنی هه‌یه‌ كه‌ ئامێری پاره‌ راكێشانی (ATM) له‌و شاره‌دا دانراوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی هاوڵاتیان بتوانن پاره‌ رابكێشن یان بۆ كه‌سێكی تری بنێرن.

زیاد له‌ بیست بانكی تر به‌و شێوه‌یه‌ش له‌و شاره‌ كارده‌كه‌ن. سێیه‌م: دانانی ئامێری راكێشانی پاره‌ (ATM): له‌ ئێستادا ئامێری راكێشانی پاره‌ (ATM) له‌ كوردستاندا هێنده‌ كه‌مه‌ كه‌ ده‌توانین بڵبَین له‌جێی نه‌بووه‌! چونكه‌ له‌چوار پبَنچ شوێن دانراوه‌ كه‌ تایبه‌تن به‌ بانكێك یان دوان! ئه‌م كاره‌ بۆ جێبه‌جێكردنی كردنه‌وه‌ی هه‌ژماری بانكیی مووچه‌خۆران سودی نابێت، چونكه‌ ژماره‌ی ئامێره‌كان هێنده‌ كه‌من ئه‌گه‌ر مووچه‌خۆرێك بیه‌وێت موچه‌كه‌ی له‌یه‌كێك له‌و ئامێرانه‌ رابكێشێت پێویسته‌ یه‌ك هه‌فته‌ سه‌ره‌بگرێت! بویه‌ پێویسته‌ ژماره‌ ئامێری پاره‌راكێشان له‌یه‌ك شاردا زیاتر له‌ دوو هه‌زار دانه‌بێت بۆئه‌وه‌ی بتوانرێت به‌ ئاسانی و به‌ماوه‌یه‌كی كه‌م پاره‌رابكێشرێت. چواره‌م: دروستكردنی كارتی باوه‌ڕپێكراو:

كاری بانك ته‌نیا پاره‌دابه‌شكردن نییه‌، یه‌كێكی تر له‌ خزمه‌تگوزارییه‌كانی دروستكردنی كارتی باوه‌ڕپێكراوی بانكییه‌ بۆ نمونه‌(ماسته‌ر كارت و ڤیزا كارت) بۆ هاوبه‌شه‌كانی، كه‌ بتوانن له‌ مۆڵ و بازاڕ و دوكان و ....هتد كاری كڕین و فرۆشتن بكه‌ن به‌بێ ئه‌وه‌ی پێویستیان به‌پاره‌ی كاش هه‌بێت. پێنچه‌م: كارتی باوه‌ڕپیكراوی بانكی و هاندان: دوای كردنه‌وه‌ی هه‌ژماری بانكی و كارتی باوه‌ڕپێكراوی بانكیی، پێویسته‌ حكومه‌تی هه‌رێم كاسبكاران و دوكاندار و پیشه‌وه‌ران هانبدات كه‌ كاری به‌ كارتی باوه‌ڕپێكراوی بانكی بكه‌ن و كاری كڕین و فرۆشتن به‌ پاره‌ی كاش كه‌م بكه‌نه‌وه‌ كه‌ ئه‌م كاره‌ چه‌ند سودێكی گشتگیری ده‌بێت، وه‌ك:

1-چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی كه‌می نه‌ختینه‌.

2-كارئاسانی بۆ هاووڵاتیان ده‌كات كه‌ پێویستیان به‌ هه‌ڵگرتنی پاره‌ی كاش نه‌بێت و به‌دورده‌بن له‌ ونبوون و دزیكردن لێیان.

3-زیادبوون و خێراكردنی كاری بازرگانی و سه‌وداو مامه‌ڵه‌، چونگه‌ ده‌توانرێت له‌ رێگه‌ی ئه‌له‌كترۆنییه‌وه‌ كاره‌كان به‌كاتێكی كه‌م ئه‌نجام بدرێت.

4-له‌ڕووی ته‌ندروستییه‌وه‌ سودی باشی هه‌یه‌ به‌وه‌ی ده‌ستت به‌ر پاره‌ی كاش ناكه‌وێت كه‌ هه‌ڵگری چه‌ندین میكرۆبه‌.

5-كێشه‌ی كۆنی و دڕاوی پاره‌ كه‌م ده‌كاته‌وه‌، كه‌ بۆ هاوڵاتیان و حكومه‌ت سودی هه‌یه‌ كه‌ كه‌متر پاره‌ چاپده‌كرێت. بۆیه‌ پێویسته‌ پێش جێبه‌جێكردنی كردنه‌وه‌ی هه‌ژماری بانكی بیر له‌م هه‌نگاوانه‌ بكرێته‌وه‌ تا به‌ته‌واوی سه‌ربگرێت.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار