نەوەی نوێو هاوڕێیەتی ئیسلامی سیاسی!
عوسمان حاجی مارف
3 ساڵ لەمەوپێش
عوسمان حاجی مارف
ئەو ئۆپۆزیسیۆنەی لەدەرگای پەرلەمانەوە دەخلیسکێتە ناو ناڕەزایەتەیە جەماوەریەکانەوە، جگە لەمەرامێکی سیاسی کە بۆ پێداویستی پێگەی حزبەکەیەتی هیچ ئامانجێکی لەپەیوەند بەبەرژەوەندیەکانی جەماوەری ناڕازییەوە نیە. ئەمە واقعیەتی پێکهاتەی پەرلەمانی کوردستانە کە زیاتر بووەتە مەیدانێک لەبازاڕی بازرگانی بەسیاسەتەوە، هەر بەو مانایەش پەرلەمان بووەتە گاڵتەجاڕو رسوایی بۆ ئەوانەی بەشدارن و نوێنەریان هەیە لەو پەرلەمانەدا، ناڕەزایەتیەکان لەهەر ئاستێک و توانایەکدا بێت و بۆ هەر داواکاریەک خۆی بنوێنێت، دۆخەکەی بەجۆرێکە فرسەت بۆ ئەو لایەن و هێزانە نیە کە لەناو دەسەڵات و پەرلەمانەوە بتوانن هەژموونی فکری سیاسی خۆیان بەسەر ناڕەزایەتیەکاندا بسەپێنن.
ناکرێ مەودای خواستێکی بەرفراوان لەبێزاری و توڕەیی و ناڕەزایەتی جەماوەریدا، جگە لەنایەک بۆ نەویستنی ئەم دەسەڵاتەی ئێستای حزبەکانی کوردایەتی بۆی بڕوانین، چونکە قەیرانی قوڵی دەسەڵاتی سیاسی لەسەر دەستی بزوتنەوەی کوردایەتی وەک هێزە میلیشیاکانی، دۆخێکی واقعیەو ئەزمونێکی رسواو قیزەوەنیان لەسەر شانۆی سیاسی کوردستان خستۆتەڕوو، کە جگە لەکۆتایی هێنان بەدەسەڵاتەکەیان و راماڵینی تەواوی پێکهاتەو دامودەزگاکانیان هیچ رێگایەکی تر، بۆ ڕزگاری خەڵک لەم هەلومەرجە نالەبارو نائەمن و فەلاکەت بارو نەخوازراوە کارساز نیە. کرێکاران و زەحمەتکێشان و خەڵکی بەشمەینەتی کوردستان، لەماوەی سی ساڵی دەسەڵاتی سیاسی یەکێتی و پارتیدا شەوێکیان نیە بەئاسودەیی خەوتبن و بەئومێدەوە رۆژیان لێ هەڵهاتبێت.
ئەوەی گرنگە لەم نێوەدا هەر پێناسەیەک کە بۆ ئەم دەسەڵاتە تاڵانچی و گەندەڵ و جەردەیە دەکرێت، چەند لایەنێک بەناوی ئۆپۆزیسیۆن لەناو دەسەڵاتدا بوونە بەشێک لەپێناسەو پێکهاتەی ئەم دەسەڵاتە بورجوا ناسیۆنالیست و میلیشیایە. بزوتنەوەی گۆڕان و یەکگرتوی ئیسلامی و کۆمەڵ نموونەیەکی شکستخواردوی ئەم جۆرە ئەزموونەیان نیشانداین، کە بوونەتە بەشێک لەڕووی زیاتر قێزەون بوونی ئەم دەسەڵاتە، لەهەمان کاتدا دیمان کە ئاستی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکان چۆن یەخەی ئەم هێزە بەناو ئۆپۆزسیۆنەشی راوەشان و دایاندڕی و دەستیان لەسوتاندنی بارەگاکانیان نەپاراست.
ئەم جۆرە ئۆپۆزسیۆنەی کە بەناوی پشتیوانی لەناڕەزایەتیەکانی ١٧ی شوبات خۆی نواندو دواتر بوونە پاشکۆی سیاسەت و بەرژەوەندیەکانی دەسەڵاتی پارتی و یەکێتی، ئیسلامییەکان نوێژەکانی مەیدانی ئازادییان گواستەوە بۆ ناو پەرلەمان و وەزارەتەکان، دروشمی «ئەی گۆڕین» بوو بە پێشکەشکردنی شەقامی ئارام بەدەسەڵات، ئەوە ئاکامی ئەو بەرنامەو رێبازە سیاسیەیە کە گۆڕان و ئیسلامییەکان لەهەمان چوارچێوەی بەرنامەو رێبازی سیاسی دەسەڵاتی پارتی و یەکێتیدا نەخشەی بنەڕەتیان هەیە بۆ بەڕێوەبردنی کۆمەڵگە، کۆمەڵگەیەك کەبازاڕی کارو کاری بەکرێ بنەماکەی بێت و خاوەنداریەتی تایبەتی بۆهۆکانی بەرهەمهێنان و کەڵەکەی سەرمایە لەچنگی کەمایەتیەکدا زەوتکرابێت و سووربن لەسەر ئەوەی کەدەبێت پارێزەری کۆمەڵگەیەک بن، نابێت ئینسانەکان یەکسان بن، نایەکسانی بۆیان واقعیەتێکی مێژوویی و هەتاهەتاییە، ئۆپۆزیسیۆن بن یا دەسەڵاتدار، هیچ کات پێچەوانەی ئەو بەرنامەو سیاسەتەیان جووڵە ناکەن، ئەو هێزانە ئەوەندە ئۆپۆزسیۆن دەبن بەڵکو لەهەلومەرجێکدا فرسەتی ئەوەیان بۆ بێتە پێشەوە لەبری پارتی و یەکێتی بەهەمان رێبازی کەڵەکەی سەرمایە و چەوسانەوەی ئینسان خۆیان ببنە خاوەنی دەسەڵات، بەڵام دۆخی سیاسی کوردستان لە ١٧ی شوباتی ٢٠١١دا ئەو فرسەتەی تیا نەبوو کە ئەم ئۆپۆزسیۆنە لەو ئاستەدا بێت بتوانن ببنە هێزی یەکەم لەدەسەڵاتی سیاسیدا، بەڵکو لەناچاریا چوونەوە باوەشی پارتی و یەکێتی و بوونە هێزێکی پاشکۆ بۆ پاراستنی هەمان دەسەڵاتی سیاسی.
ئێستاش دۆخی کوردستان کە جۆرێکی تر لەئاستی بەرزی ناڕەزایەتی بەخۆیەوە نیشان دەدات، ناڕەزایەتییەک بە هەموو زمان و چەندین جۆری دەربڕینەوە، جەماوەری توڕەو ناڕازی داوادەکەن و دەڵێن ئەم دەسەڵاتەمان ناوێت، ئۆپۆزیسێۆنی ناو پەرلەمان و دەسەڵات جارێکی تر سەرەلەقەیانەو لەهەوڵی ئەوەدان خۆیان بکەنە خاوەنی ئەو ناڕەزایەتیانە، هەڵبەتە لەم کەین و بەینەدا گۆڕان بەجۆرێک نیشانەکانی شکست و رسوایی خۆی لەو مەیدانەدا نیشانداوە کە ئەو هەلەی لەدەستدا تا بەگوڕی دروشمی دەیگۆڕین جارێکی تر بتوانێ بێتەوە مەیدان.
کۆمەڵ و یەکگرتووش ئەم جارە فرسەتی ئەوەیان نابێت بە نووێژ لەمەیدانەکاندا لایەنگری لە ناڕەزایەتییەکان بکەن، چونکە رووخانی دەسەڵات لەخرۆشانێکی جەماوەری بەرفراوانەوە دەبێتە راپەڕینێک، کە نوێژکردن ناتوانێ وەک شێوازی ناڕەزایەتی خۆی تیا بنوێنێت، گۆڕان و ئیسلامییەکان ئێستا بەشێکن لەو دەسەڵاتەی ئایندەیەکی زۆر تاریک چاوەڕوانی دەکات، واتە پێویستە پێش ئەوەی بخلیسکێنە ناو ناڕەزایەتییەکانەوە، دەبێت هەر لەئێستاوە هیچ جۆرە پەیوەندیەکی راستەوخۆو ناڕاستەوخۆیان بەدەسەڵات و پارتی و یەکێتیەوە نەمێنێت.
ئەوەی جێگای تێڕامانە لەم نێوەدا «نەوەی نوێ»ە کە وەک هێزێکی تازەی ئۆپۆزیسێۆن لەمەیدانەکەدا گەمەی سیاسی دەکات، بەڵام جگە لەڕەخنە لەسەر گەندەڵی و بێدەربەستی و ناڕاستگۆیی... مەبەستی نیە لەسەر گۆڕانی پێکهاتەو سیستمی ئابوری کوردستان، ئابورییەک کە لەسەر چەوسانەوەی ئینسان لەسەر ئینسان دامەزراوە قسەیەک بکات، پێش هەموو شتێك سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ بۆ خۆی سەرمایەدارەو گەر دەسەڵاتیش بگرێتە دەست، کە ناتوانێ بیگرێتە دەست، وەک نوێنەری سەرمایەدار کۆمەڵگە بەڕێوەدەبات، پشت دەبەستێت بەکرێی کاری هەرزان لەبازاڕدا. با لەمانە گەڕێین لەباری سیاسیشەوە، دۆخەکە بۆ نەوەی نوێ لەو ئاستەدا نیە کە بتوانێ فرسەتی دەسەڵاتی هەبێت، چونکە هەلومەرجی سیاسی کوردستان لەپەیوەند بەهەلومەرجی سیاسی ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و چۆنیەتی دەخالەتی وڵاتانی زلهێزی دنیاو وڵاتانی ناوچەکە، نەوەی نوێ ناتوانێ ئەو نموونەیە بێت کە لەباری هەژموونی سیاسییەوە پارێزەری سەقامگیری دەسەڵاتی سەرمایەبێت لەکوردستاندا، ئەوەی پارتی و یەکێتی ماوەی سی و یەک ساڵە بەشێوەی ئەوپەڕی نائینسانی و دڕندە کۆمەڵگە بەڕێوەدەبەن، لەهەمان کاتدا توانیویانە پارێزەری بەرژەوەندیەکانی سەرمایەداران و بەرژەوەندیەکانی وڵاتانی سەرمایەداری جیهان بن، سەرۆکی نەوەی نوێ بەهەر جۆرێک بووەتە دەرکەوتەیەک، دەتوانێ سەرمایەدارێکی ناوخۆیی بێت، بەڵام ناتوانێ وەک سیاسییەک نوێنەری پارێزەری دەسەڵاتی سەرمایە بێت لەکوردستاندا، ناتوانێ لەنێو کێشمەکێش و شەڕی نێوان جەمسەرە ئیمپریالیەکاندا پێگەیەک بۆ خۆی بەدەستبهێنێت، هەر بۆیە ناشتوانێ لەئاستی بوونی چەند ئەندام پەرلەمانێک زیاتر سیاسەتەکانی بەرێتە پێشەوە، بەڵکو سەرۆکی بزوتنەوەی نەوەی نوێ وەک سەرمایەدارێک خۆی پێویستی بەدەسەڵاتێکە پارێزەری بێت.
لەلایەکی ترەوە گەر بێینەسەر هەنگاوەکانی ئەم دواییانەی نەوەی نوێ کە بەدوای نەوەی کۆنەوەیە، هەوڵئەدات وەک هێزێکی بارزی ئۆپۆزیسۆن لەپەیوەند بەناڕەزایەتیەکانەوە دەرکەوێت، بەشێوازێک دووبارەکردنەوەی هەنگاوەکانی بزوتنەوەی گۆڕانە کە لە ١٧ی شوباتدا کاری لەسەر دەکرد، بەڵام لەدۆخێکی تەواو جیاوازدایە، یەکەم: هەلومەرجی سیاسی ناوچەکە ئاڵوگۆڕێکی زۆر جیاوازی هەیە لەچاو ٢٠١١دا، چاوەڕوانییەکان ئەوەی تیا پێشبینی دەکرێت کە ناوچەکەو عێراق و کوردستان لەبەردەم پێشهاتەی تازەو ئاڵوگۆڕێکدایە کەجێگەو رێگای هێزە سیاسییەکانیش ئاڵوگۆڕیان بەسەردا دێت، جوڵانەوەی نەوەی نوێ لەو ئامادەییەدا نیە کە بتوانێ لەو ئاڵوگۆڕانەدا پێگەیەکی بەهێز بەدەستبهێنیت. دووەم : گەر گۆڕان توانی لەو دەورەیەدا پێگەیەک لەحکومەتی بنەکە فراواندا بۆ خۆی بەدەسەتبهێنێت، بەمانای ئەوەبوو کە پارتی و یەکێتی توانیان هەمان دەسەڵاتی سیاسی خۆیان بەهەمان پێکهاتەی دەسەڵاتی میلیشایی بپارێزن و گۆڕانیش پشتیوانی لێکردن، بەڵام دەورانی ئێستا پێکهاتەی دەسەڵاتی سیاسی یەکێتی و پارتی لەبەرامبەر ئەو ئاڵوگۆڕانەو قەیرانی سیاسی کە لەناوچەکەو عێراقدا چاوەڕوان دەکرێت لەژێر پرسیاردایەو لەقەیرانێکی قوڵدان، بۆیە جوڵانەوەی نەوەی نوێ لەو حسابانەدا سەوداو مامەڵەی پێناکرێت.
نەوەی نوێ بەو شێوازە خێرخوازیانەی بەجێی گەیاند، گەر هەر دەورێکی لەچەواشەکاریدا ببینێت جەماوەرێکی بەدەوری خۆیدا گردکردبێتەوە، بەڵام ئەم دانیشتن و رێکەوتنانەی لەگەڵ لایەنە ئیسلامییەکاندا پێکیانهێنا، چەند هەنگاوێک گەڕانەوەیە بۆ دواوە، چونکە ئیسلامییەکان نەک نەیانتوانی بەو رێکەوتنانەی کاتی خۆی لەگەڵ بزوتنەوەی گۆڕاندا ئەنجامیاندا نزیک بوونەوە لە جەماوەری ناڕازی بەدەستبهێنن، بەڵکو وەک بەشێک لەدەسەڵات کەوتنە بەردەم ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکانەوە.
هەر بۆیە ئاسانە گەر بگەین بەو ئەنجامەی کەمانای ئەو هەنگاوانەی نەوەی نوێی ناچارکردووە بەڕێکەوتن لەگەڵ ئیسلامییەکاندا روویەکی ناشرینی خۆی نیشان بدات.
یەکەم: بنبەستی سیاسی نەوەی نوێیە بۆ ئەو نەخشانەی کە چاوەڕوان بوو جێگایەک لەپەرلەمانی بەغدا یان لەگەڵ هێزێکی سیاسیدا پێگەیەک بۆ جوڵانەوەکە بەدەستبهێنێت، بەڵام قەیرانی پێکهێنانی حکومەت لەبەغداو ناکۆکی نێوان هێزە میلیشیاکان ئەو ئومێدەی نەوەی نوێی خستە لاوە.
دووەم: دۆخی سیاسی کوردستان و قەیرانی دەسەڵات و ناڕۆشنی دۆخی هەڵبژاردن، ئومێدی نەوەی نوێ بەوەی کەژمارەی کورسیەکانی زیادبکات، بەناکامی بەجێ ماوە، هەر بانگەشەیەک بۆ نەوەی نوێ دەبێتە خەرجی زیادە بۆ هەڵبژارنێک کە ئایندەکەی لەهەموو کات نادیارترە.
سێیەم: ئاستی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکان بۆ خواستی راماڵینی دەسەڵات لەوە واوەترە کە نەوەی نوێ بتوانێت وەک ئەڵتەرناتیڤێک بێتە مەیدانەوەو بتوانێ نوێنەرایەتی ناڕەزایەتییەکان بەچەواشەکاری بباتە سەر، خرۆشانی جەماوەریی و راپەرین، هەڕەشە لەبەرژەوەندییە ئابورییەکان و سەرمایەی سەرۆکی نەوەی نوێش دەکات. هەر بۆیە نەوەی نوێ زیاتر دەکەوێتە سەرەگێژەو گێژاوێکەوە گەر زیادەڕۆیی بکات نەک پێگەی سیاسی، سەرمایەکەشی لەدەست دەدات، هەر بۆیە لەم نێوەدا پێکهێنانی بەرەی لەگەڵ ئیسلامییەکان هەڵبژاردووە.