شاسوار بۆچی گاسڵایت دەکات؟

رێبین ئەحمەد

3 ساڵ لەمەوپێش



رێبین ئەحمەد

سەرەتا ببوورن وشەیەکم دەستنەکەوت لەکوردییدا بۆ گاسڵایت.

پانیکی هەڵەکەی هەفتەی پێشوو وای لە سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ کردووە لە کۆتا ڤیدیۆی خۆی بڵێت جا بەس نییە ئێمە ئاو و بەنزینمان دابین کردوە بۆ خەڵک، دەسەڵات و حیزبەکانی دیکە چییان کردووە؟ جارێ ئۆپۆزسیۆنین وا باشین بۆتان جا چ جای بچینە دەسەڵات! دەبێت بپرسین هەر بەڕاست لینیکی ئەو قسەیە بە سیاسەتەکانی ئەم دواییەی جوڵانەوەکە لە بەغداوە چییە؟ بۆچی سەرۆکەکە وەک خاوەنی جوڵانەوەکە دەردەکەوێت نەوەک سەرۆک؟

لە سایکۆلۆژییدا ئەم بەڕوودا هێنانەوە و منەتکردن و مەوزوع گۆڕین و تەحریفکردنەی ئاماژەی نەخۆشییەکی مەترسیداری سایکۆلۆژیی و فێڵێکی تەمام عەیاری خاوەنەکەی زیاتر شتێکی زیاتر نییە. بەم جۆرە لە بیرکردنەوە و خەڵک خستنە ژێربار لەڕێگە بە چاودادنەوەی کارە باشەکانی خۆتەوە بۆیان دەگوترێت گاسڵایت "gaslight".

گاس ڵایت واتە خستنەژێربار و شێواندنی سایکۆلۆژیا و قەناعەتکردن بە کۆمەڵێک کەس لە ڕێگای ئەو چاکانەی کە پێت بەخشیون بۆ ئەوەی گومانیان بۆ دروست ببێت سەبارەت بەو حەقیقەتەی لەسەر تۆ بۆیان دەرکەوتووە و تۆش دێیت ڕووە مەترسیدارە ئاشکرابووەکەی خۆت لە ڕێگەی گاسڵایتەوە دیزەبەدەرخۆنە دەکەیت و دەیشاریتەوە. گاسڵایت بەیەک وشە واتە گۆڕین و جەڕاندنی بۆچوونێک کەلەسەر تۆ دروستبووە لەڕێگای دەستبەسەرداگرتنی سایکۆلۆژیای حەشامات و خەڵک بەوەی گومان لە دروستیی بیرکردنەوەی خۆیان بکەن سەبارەت بەوەی لەسەرتۆ بۆیان دروستبووە. جەڕاندنی بۆچوونی خەڵکە سەبارەت بە حەقیقەتە ئاشکرابووەکەت و بەکارهێنانەوەی بۆ بەرژەوەندیی شەخسیی خۆت.

٭٭٭٭٭٭٭٭٭٭٭٭٭٭٭٭

لەسەر کۆمێنتێک کە بۆ ڤیدیۆی توورە قوڕاوییەکە کردبووم شاسوار عەبدولواحید بڵۆکی کردم. دەبێت بچێتە دەسەڵات و وەزارەتی پێشمەرگە و ئاسایش بکەوێتە بندەستی چیمان لێبکات خودایا! کۆمێنتەکە نە تەشهیر بوو نە جوێن، هیوادارم ئەو ڕۆژنامەنووس و کەسە موحاید و بیرمەندە "گەورانە"ی لە سلێمانی و هەندەرانەوە شوێن ئەم مارتن لۆثەرەی سیاسەتی کوردیی کەوتوون و جوێنفرۆش و ئەکاونتی فەیک بەردەدەنە گیانی خەڵک بزانن سوژدە بۆ ووەسەڵاتی چ جۆرە مەخلوقێکی مەترسییدار دەبەن، ئەمە کۆمێنتەکەی من بوو کە خێرا سڕییەوە و بڵۆکی کردم:

کاک شاسوار پێویست بە چیرۆکی هەزارویەک شەوە ناکات، هەزار پاساو بۆ غەڵەتێک بێننەوە دەبێتە هەزار و یەک غەڵەت لەسەرتان.

ئەم کارەی تۆ زیاتر ئاماژەی بوونی ناڕێکییەکی سایکۆلۆژیی خراپی وەک گاسڵایتە gaslight . گاس ڵایت لە سادەترین پێناسەیدا واتە خستنەژێربار و تێکدانی سایکۆلۆژیا و قەناعەتکردن بە کۆمەڵێک کەس لە ڕێگای ئەو چاکانەی کە پێت بەخشیون بۆ ئەوەی گومانیان بۆ دروست ببێت سەبارەت بەو حەقیقەتەی کە لەم دواییەدا لەسەر تۆ بۆیان دەرکەوتووە و تۆش دێیت ڕووە مەترسیدارە ئاشکرابووەکەی خۆت لە ڕێگەی گاسڵایتینگەوە دیزەبەدەرخۆنە دەکەیت و دەیشاریتەوە. گریمان گاسڵایت ناکەیت ئایا کاری ئۆپۆزسیۆن دابینکردنی ئاو و بەنزینە؟

تۆ هاتوویت دەڵێیت ئەوانەی ڕەخنەمان لێدەگرن دەزانین لەژێرە سەر بەکێن، دەی تا خۆتان سەفقەی ژێربەژێرتان نەبێت لەگەڵ سەرەکاندا چۆن دەزانن ئەمان سەربەکێن؟ کێ پێتان دەڵێت ئەمانە سەر بەکێن؟ تۆ هێشتا ناتوانیت وەک سیاسییەکی پێگەیشتوو قسە بکەیت، هەژدە هەژدە پاساو لەدوای پاساو دەهێنیتەوە، گاس ڵایت دەکەیت، بەڕاست خەڵک بە مناڵ دەزانیت یا هەر خۆت مناڵی و هێشتا هەراشی و پێنەگەیشتووی؟

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار