توندڕەویو تیرۆر؛ ناسنامەیەکی جیهانی فرەڕەهەندی هەیە
حامد محەمەد عەلی
3 ساڵ لەمەوپێش
حامد محەمەد عەلی
توندڕەویی یان توندوتیژیی و تیرۆر، دیاردەیەکی مرۆیی کۆمەڵایەتی جیهانیە، فکرو ئایدلۆجیایەکی تایبەت بەرهەمی نەهێناوەو ناهێنێ، بەڵام توندوتیژیی هەرکاتێ و لەهەر شوێنێک رەهەندی ئاینی، یان مەزهەبی و تائیفی وەربگرێ، ئەوە بێگومان ترسناکتر دەبێ..
هەر سەبارەت بەڕەهەندە ئاینیەکەی توندڕەوی یان (تیرۆری ئیسلامی) کەئەمڕۆ زۆر باس دەکرێ، ئەوە بەتێگەیشتنی رەوتی میانڕەوی ئیسلامی، ئیسلام ئاینی ئاشتی و ئارامی و ئازادییە و توندوتیژی و تۆقاندن نامۆیە بە بنەماکانی فیکری ئیسلامی و لەچوارچێوەی ئیسلام و دەوڵەتی ئیسلامیدا ئەوانیتر جێیان دەبێتەوەو هەرکەسەو ئازادە لەوەی کەهەڵگری چ بیروباوەڕێک بێت، مادام ئازادیەکەی نەبێتە مەترسی و دەسدرێژیی بۆ سەر ئەوانیتر..
ئەویش بەبەڵگەی ئەم ئایەتە قورئانیانە ( لا إكراه فی الدین قد تبین الرشد من الغی.. البقرە ٢٥٦) و ( وقل الحق من ربكم فمن شاء فلیؤمن ومن شاء فلیكفر - الكهف ٢٩) کە جەخت لەسەر ئەوە دەکەنەوە مرۆڤ سەربەستە لە هەڵبژاردنی بیروباوەڕی و کەس بۆی نیە هیچ بیروباوەڕو ئاینێک بسەپێنێت بەسەریدا.
دیارە ئەگەر سەپاندنی ئاین لەسەر مرۆڤەکان رێگەپێدراو نەبێت و هەمووکەس ئازاد بێت لەهەڵبژاردنی بیروباوەڕی ئاینی خۆیدا، ئەوە بێگومان لە بیروبۆچونەکانی دیکەدا لەپێشترە کە ئازاد بێت.
کەوابوو (قورئان) وەک دوایین کتابی ئاسمانی، بەڕاشکاوانە بڕیاری لەسەر ئازادی بیروباوەڕ بۆمرۆڤەکان داوە..
هەربەپێی ئەم ئازادیەش، مرۆڤەکان دەبنە خاوەنی بیروبۆچوونی جیاواز لەبیروڕاداو جیاوازیی دەبێتە راستییەکی سروشتی و بگرە سوننەتێکی ئیلاهی بۆ مرۆڤەکان. ( ولوشاو ربك لجعل الناس امە واحدە ولایزالون مختلفین- هود١١٨ )،
(ولوشاء ربك لآمن من فی الارض كلهم جمیعا أفأنت تكره الناس حتی یكونوا مؤمنین - یونس ٩٩).بۆ قسەکردن لەسەر چۆنیەتی رێگریکردن لەتوندڕەوی فیکری و توندو تیژی لەڕەفتارو هەڵسو کەوتدا، پێویستە جۆری توندڕەویەکە و هۆکارەکانی دەسنیشان بکەین، پاشان چارەسەرەکان بخەینەڕوو.
دیارە توندوتیژیی یەک جۆرو یەک هۆکارو رەهەندی نیە، بەڵکو چەندین هۆکاری بابەتی هەیە. بەدەگمەن روودەدات مرۆڤێک بەزگماک توندڕەو بێت، بەڵکو ئەوە ژینگەو دەوروبەرو شێوازی پەروەردەو مامەڵەیە لەگەڵیدا، کەسایەتی دادەڕێژێ، ئایا کەسێکی نەرم و لێبوردەو ئارام و کراوە بێت، یان کەسێکی توند ئاژۆو جنگزو هەڵچوو بێت؟
دیارە زۆرجار خراپ تێگەیشتن لەدەقە ئاینیەکان و لێکدانەوەو تەئویلی نەزانانە، وا لەکەسەکان دەکات کە بیرو رەفتاریان توندبێ و بەڕق و کینەوە مامەڵە لەگەڵ دەوروبەردا بکەن و جیاوازیی قبوڵ نەکەن.
زۆرجاریش بیری توندڕەوی لەکەشوهەوای نادیموکراسی و پاوانخوازی و جیاوازی چینایەتی و بڵاوبوونەوەی ستەم و ناعەدالەتی و نەبوونی هەلی یەکسان بۆ هەموو تاکەکانی کۆمەڵگە، گەشەدەکات و هەموو ئەمانە کاردانەوە دەخوڵقێنن و زیهنیەتی توندڕەو یان نەفسیەتی نائارام و رقاوی بەرهەمدێنن.
لەڕاستیدا زۆر ئاساییە کە جیاوازیی بیروبۆچوون تەنانەت لەناو یەک مەنزومەی فیکرییشدا هەبێ یان سەرهەڵبدات، ئەم حاڵەتە دەکرێ لەناوخودی ئیسلامییەکان و عەلمانیەکانیشدا هەبێ و رێگریش نەبێ لەپێکەوەژیان و پێکەوە هەڵکردن و کۆبوونەوە لەسەر خاڵی هاوبەش، ئەگەربێتو کەسە جیاوازەکان هۆشیار بن و تێگەیشتنێکی کراوەو سەردەمانەیان هەبێ، بۆ شتەکان.
توندڕەوی لەگەڵ ئەوەی کە بەهیچ جۆرێک پەسند نیەو پاساوی بۆ نیە، بەڵام مانای وانیە کە لەبۆشاییەوە دروست دەبێ و هیچ هۆکار یان پاڵنەرێکی نیە..
لێرەدا دەتوانین ئاماژە بە هەندێ لەگرنگترین هۆکارەکان وەک پاڵنەر، بکەین :-
١-هەڵە تێگەیشتن یان تەئویل و هەڵە راڤەکردنی دەقە ئاینیەکان..
٢-پەروەردەی هەڵەو نەخوێندەواریی و نزمی ئاستی هۆشیاریی.
٣-بوونی ناعەدالەتی و جیاوازیکردن لەمامەڵە ی دەسەڵات لەگەڵ چین و تووێژەکاندا.
٤-بڵاوبوونەوەی هەژاری و بێکاری لەنێو گەنجاندا.
٥-بوونی هەڕەشەو مەترسی لەسەر ئازادیەکان بەگشتی و ئازادی بیروڕاو سیاسی بەتایبەتی.
تێگەیشتنی هەڵە لەدەقەکان و پەروەردەی سەقەت، بێگومان مەترسیدارن و کەسی توندڕەو بەرهەم دەهێنن.
بۆ رێگریکردن لەسەرهەڵدانی بیری توندڕەوو رەفتاری توندوتیژ، پێویستە رەچاوی ئەو هۆکارانەی سەرەوە بکرێت و کار بۆ نەهێشتنیان یان کەمکردنەوەیان بکرێت..
بێگومان بۆ رێگریکردن لەدیاردەی توندڕەوی و توندوتیژیی، جگە لەدامودەزگاکانی دەوڵەت - کە بەداخەوە زۆرجار تەنها چارەسەری ئەمنییان لایە - پێویستمان بەهەماهەنگی وهاوکاری نێوان (میدیاکان) و گروپ و رێکخراوە سیاسی و پیشەیی و جەماوەرییەکان و دەزگا ئاینیەکان بەگشتی و مزگەوت و مامۆستایانی ئاینی بەتایبەت و هەروەها قەڵەمی رۆشنبیران و بیرمەندان هەیە، بۆ بڵاوکردنەوەی فکری میانڕەوو هۆشیاریی گشتی و رۆشنبیریی پێکەوەژیان و پێکەوەهەڵکردنی گروپ و پێکهاتە جیاوازەکان.
زۆر گرنگە دەسەڵاتی حوکمڕانی هەڵمەتێکی ریفۆرم و پرۆسەیەکی چاکسازیی هەمەلایەنە دەستپێبکات، کە تێکرای سێکتەرە فیکری و سیاسی و ئابوری وکۆمەڵایەتی و رۆشنبیری و رەوشتیەکان بگرێتەوە..
لەهەمانکاتدا گرنگە دەسەڵات، پشتگیریی لەئاراستەو رەوتی فکری میانڕەوی ئیسلامی بکات و زەمینەی کارکردن و گەشەکردنیان بۆ فەراهەم بکات، بۆ ئەوەی کاریگەریی لەسەر فراوانترین رووبەری جەماوەریی دروست بکات و بەوەش بیری توندڕەویی و تیرۆر بواری گەشەکردنی نەمێنێت.
دیارە هەرکاتێک دەسەڵات گوشار بخاتەسەر رەوتی میانڕەوو پەراوێزو سەرکوتیان بکات، ئەوە دەبێ چاوەڕێی سەرهەڵدان و گەشەکردنی گروپی تیرۆریستی و بیری توندڕەو لەوڵاتدا بکات.
دیارە راگەیاندنیش (مێدیا) بۆخۆی ئەمڕۆ بەهەردوو دیوی ئەرێنی و نەرێنیدا، رۆڵی کاریگەر دەبینێت و شارەزایان و پسپۆرانی بواری راگەیاندن لەسەر ئەو راستیە کۆکن، کە میدیا لەم سەردەمەدا وەک دەسەڵاتی چوارەم و داڕێژەری بیرو عەقڵی بەشێکی زۆری خەڵک، چ بەڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ، رۆڵێکی کارا دەبینێت لە بڵاوکردنەوەی بیری توندڕەوی و تیرۆرو تۆقاندن، ئەویش لەڕێگەی ئەو هەواڵ و زانیارییە وروژێنەرو ناخ هەژێنانەی کە بڵاویان دەکاتەوە، یان لەڕێگەی ئەو پەیامە مینڕێژکراوانەی کە لەدووتوێی بەرنامە جۆراوجۆرو فیلم و زنجیرە دراماکانەوە، مێشکی بینەران و بیسەرانی پێ دەشڵەقێنێ.. ئیتر چ راستەوخۆبێ یان بەناڕاستەوخۆو بەجوڵاندنی نەستی مرۆڤەکان.
بەداخەوە میدیا وەک دەسەڵاتی چوارەم و داڕێژەری رای گشتی، کە ئەمڕۆ تاڕاددەیەکی یەکجار زۆر (ماوەو دووریەکان)ی نزیک کردۆتەوەو (زەمەن) ی نیمچە سفر کردووە لەخێرایی گەیاندندا، زۆرکەم پەیامەکانی بەپلانی زانستی و بەڕەچاوی بنەما سایکۆلۆجی و سۆسۆلۆجیەکان دادەڕێژرێت..
بۆیە - بەداخەوە - میدیا ئەمڕۆ ئەوەندە چەواشەکەرو هەڵخەڵەتێنەرە، نیو ئەوەندە بەرچاو رۆشنکەرو رێنیشاندەر نیە.
ئەوەندەی وروژێنەرە، ئەوەندە هێورکەرەوە نیە.
لەکۆتاییدا، جەخت دەکەمەوە، کە (توندڕەویی) وەک نەخۆشی یان دیاردەیەکی کۆمەڵایەتی مێژوویی، ناسنامەیەکی یان راستتر بڵێم رەگەزنامەیەکی تایبەتی نیەو لەمێژووی مرۆڤایەتیدا رەگی هەیەو لە قۆناغ و شوێنی جیاجیادا سەری هەڵداوەو بەردەوامیش سەرهەڵدەدات، بۆ نموونە لەمێژووی کۆن و نوێی خەباتی ئازادیخوازی کوردستانیشدا، چەندین سەرکردەی کورد قوربانیی دەستی تیرۆری سیاسی بوون و تائێستاش چەندین وڵات، لەڕۆژئاواوە بۆ رۆژهەڵات، گیرۆدەی دەستی ئەم دیاردە مەترسیدارەن، لەهەمانکاتدا هەر لەخوێندنەوەی یاداشتنامەی هەندێ لەسەرکردە سیاسی و سەربازییەکانی کورددا، باس و خواسی مەفرەزەو لیژنەی ئیغتیالاتی شۆڕشمان بەرچاودەکەوێ.. بۆیە پێویستە لەهەر وڵات و رووبەرێکی جوگرافیدا، رووپێوی زانستی نیشتمانی بۆ تیرۆرو توندڕەویی بکرێ و هۆکارەکانی دەسنیشان بکرێن، ئایا کۆمەڵایەتی و سیاسییە یان هزری و ئاینییە، یان ئابوری و چینایەتیە..هتد..
لەبەر رۆشنایی ئەو هۆکارانە، پلانی ڕێگریکردن و نەهێشتنی توندوتیژیی دابڕێژرێت و کاری لەسەربکرێت.
چونکە ئەگەر رێکارو چارەسەرییەکان هاوتەریب نەبن لەگەڵ هۆکارو ماکەکانی سەرهەڵدانی توندڕەویدا، زۆر نزیکە ئەنجامی پێچەوانەی لێ بکەوێتەوە..
بەهەمان شێوە هاوردە کردنی رێگەچارەو کەرەستەی دەرەکی، بۆ بنەبڕکردنی توندڕەوی، ئەگەری هەیە رەوشەکە ئاڵۆزتر بکات وقازانج سەری مایە بخوات.