حزبی خۆم
سەردار عەزیز
3 ساڵ لەمەوپێش
سەردار عەزیز
بواری حزبناسی بوارێکی بەرفراوانی زانستە سیاسییەکانە. پۆلێنکردنی حزب، تایپۆلۆجی، دیاریکردنی خێزانەکانی حزب، هەموو بواری تایبەتن و لێکۆڵینەوەی ئێجگار زۆری تیادا ئەنجامدراوە. حزبی کوردی بەگشتی وەها پۆلێن دەکرێت کە حزبی نەتەوەیی، ناسیونالیستین، یان حزبی خێڵەکین. بەگشتی ئەم جۆرە پۆلێنکارییانە وەک جۆرێک لەتانەو تەشەر بەکاردەبرێن لەبری پۆلێنکاری زانستی. لەم دواییانەدا چەمکی تر هێنراون وەک سوڵتانیی یان کلیپتۆکراسی، دیسانەوە ئەم پۆلێنکارییانە زیاتر دەچنە خانەی رەخنە یان ناڕەزایی دەربڕین. دەکرێت رژێمێک سوڵتانی بێت، کە بەپێی ماکس ڤیبەر یانی رژێمێکی تەواو شەخسی زیاتر لەکاریزمی و پاترۆمۆنیالیزم، بەڵام حزبی سوڵتانی ناوازەیە.
لەمیانەی کنەو پشکنینەکانم لەیەک دوو ساڵی رابوردودا، ئەوەم بۆ دەرکەوت کە سیستەمی حزبی کوردستان و هەروەها عێراق، بەگشتی سێ جۆرن، شەخسی، خێزانی لە گەڵ بنەماڵەیی. ئەمڕۆ زیاتر باس لە حزبی شەخسی دەکەم، وەک مۆدێلێک بۆ حزب. یەکێک لەئەو وڵاتانەی کە زۆرترین و باشترین کاری لێکۆڵینەوەی لەبواری حزبدا تیادا ئەنجامدراوە، ئیتالیایە. ماورۆ کالیس چەمکی حزبی شەخسی، بەکارکردن لەسەر مۆدێلی بێرلیسکۆنی پەرە پێدا. هەرچەندە لێکۆڵەران بڕوایان وەهایە کە حزبی شەخسی پێشینەی هەیە لەزۆر جێگای دونیا بەشێوازی جیاواز، بۆ نموونە هەندێک حزبەکەی چارلس دی گۆل بە شەخسی دادەنێن، بەڵام مۆدێلی ئەم سەردەمی حزبی شەخسی جیاوازە. بۆ مەبەستی ئێمە لێرەدا هەوڵدەدەین پێناسەیەکی تایبەت دابڕێژین لە سەر بنەمای حزبەکانی کوردستان. دەکرێت بڵێین کە حزبی شەخسی ئەو رێکخراوە سیاسییەیە کە کەسێک دایدەمەزرێنێت، خۆی دەبێت بەکەسی سەرەکی و هەتا خاوەن. ئامانجی حزبەکە خزمەتکردنی بەرژەوەندییە سیاسی و دەروونی و ئابورییەکانی کەسەکەیە. گەرچی هەمیشە خیتابی ئەم جۆرە یەکە سیاسیانە بەناوی کۆمەڵگا و بەرژەوەندی گشتی و هەموانەوەیە، بەڵام کەسایەتی خاوەن حزب بەسەر هەموویدا زاڵەو هەموو ئەوانی تر ئامرازن نەک ئامانج.
حزبی شەخسی پێچەوانەی مۆدێلە باوەکەی حزبی سیاسییە کەڕێکخراوێکی کۆمەڵایەتی سیاسییە، لەسەر بنەمای دیدو بەرژەوەندی کۆدەبنەوە لەپێناو گەیشتن بەدەسەڵات یان کاریگەری دانان لەسەر ئاراستەی حوکمڕانی. حزبی شەخسی لە کەسێکدا بەرجەستە دەبێت. ئەو کەسە ئایا خاوەن کاریزمایە، یان توانایەکی باوکانەی هەیە، یان خاوەن تواناو ئامرازە. دەکرێت لێرەدا پۆلنکارییەکی خێرا بکەین: مۆدێلی کۆنی کاریزماو کەسایەتی تایبەت لەگەڵ مۆدێلی نوێی سەردەمی تەکنەلۆجیا. مۆدێلی کۆنی کەسایەتی کاریزمی و تایبەت رەگی لەباوەڕە باوەکانی ناوچەکەی ئێمەدا هەیە کە خەڵکانێکی زۆر هەتا ئەمڕۆش بڕوایان وەهایە کە کەسێک دەکرێت خاوەن تواناو کەرامەتێکی وەها بێت کە جودای بکاتەوە لەخەڵکە ئاساییەکە، لەئەنجامدا خاوەن توانایەکی بان مرۆییشە. خەڵکی بڕوایان وەهایە کە هەندێک کار بە ئەو کەسە دەکرێت ناتوانڕت بەزۆرینەی خەڵکی بکرێت. مۆدێلی نوێی کاریزما دەرئەنجامی تەکنەلۆجیا و ئەفسانەسازی مۆدێرنە. کەسە خاوەن داهات و ئامرازەکان دەتوانن وێناو ئیمیجی تایبەت بەخۆیان لەخەیاڵی جەماوەرێکی زۆردا دروست بکەن کەگوایە تایبەتن، بوێرن یان ئازان. ئەمە لەڕێگای زمان و هەڵسوکەوت و نمایش و وێناو زۆر بواری ترەوە دەکرێت. ئەم جۆرە نوێیە کارئاسانی زۆری بۆ کراوە لەبەر بڵاوی تەکنەلۆجیای وێنەو خێرایی پەیام و هەرزان بوونی.
بۆیە دەکرێت بڵێین حزبی شەخس بەمۆدێلە نوێیەکەی بەرهەمی تەلەفزیون و فەیسبوک و ئامرازەکانی ترە. حزبی شەخس کرۆک و ناوەڕۆکی نیە، هەموو شتێک هەیەتی نمایشە. لەڕووی زمانەوە زمانێکی سادەو شەعبی بەکار دەبات. حزبەکەی بێرلسکۆنی بەناو و زمانی وەرزشەوە قسەی دەکرد، بەتایبەت زمانی دوو گۆڵی ئیتاڵی و جەماوەرەکەی. کاتێک نمایش دەبێتە کرۆک ئەوا ئەوەی حزب هەیەتی باوەڕدارو خاوەن ئایدۆلۆژیاو هەڵگری بەها و پرس و خەمخۆری نیە، بەڵکو چۆنێتی راگرتنی و راکێشانی سەرنجی تەماشاکەرانە. بۆیە ئەگەر حزبی تەقلیدی بەمانا باڵاکەی وەک قوتابخانەیەک بوو بۆ ڕاهێنانی کادیرو ئامادەکردنی کەسەکان بۆ گەیشتن بەدەسەڵات لەپێناو بەڕێوبردنی کۆمەڵگا لەسەر بنەمای دیدو ئایدۆلۆژیا و روانگەوە، ئەوا حزبی شەخس بە پێچەوانەوە کاری راهێنان ناکات بۆ باڵابوونی کادیرو کەسایەتییەکانی بەڵکو بەزۆری کەسانێکی دەوێت کە نزمتربن لەئاستی گشتی و ئەو نەوتراوو بڤانە بڵێن کە زۆرینەی خەڵک بە گونجاوی نازانن بیڵێن. حزبی شەخس هەمیشە ناسەقامگیرە چونکە لە باشترین دۆخیدا رەنگدانەوەی ئیگۆو باری دەروونی خاوەنەکەیەتی. خاوەن حزبە شەخسییەکان خۆیان لەلا مەبەستترە لەپێش هەموو شتێکی ترەوە، بۆیە هەمیشە خاوەن دۆخێکی ئیگۆیی و دەروونی ناسەقامگیرن. لەڕوانگەیەکی ترەوە حزبی شەخس ناسەقامگیرە چونکە رێگە بەئەوە نادات کە دەزگا و پرۆسەی دەزگایی دروستبێت چ لەناو حزبدا و چ لە دەرەوە، چونکە دروستبونی دەزگا وەها دەکات هەتا سنوری دەسەڵاتی رەهای کەسی خاوەن حزب سنوردار بکات چ لەڕەهەندی کاتەوە، یان لەڕەهەندی دابەشکردنی رۆڵەکان. بۆیە حزبی شەخس، تەمەنی لەگەڵ تەمەنی شەخسەکەدا، مەگەر ببێت بەخێزانی یان بنەماڵەیی. حزبی خێزانی جیاوازە لەحزبی شەخسی. لەعێراق و کوردستاندا مۆدێلکی ستالینی حزب بوونی هەبوو، بەڵام ئەوە تەواو بەسەرچووە. هەرچەندە ستالینیەت نموونەی باڵای دەسەڵاتی شەخسە، بەڵام بەمۆدێلکی جیاواز. حزبی شەخسی ناتوانێت بەئاسانی رێکبکەوێت لەگەڵ هێزەکانی تردا، چونکە رێککەوتن و پێکەوەبون رەنگە لەپێگەو درەشانەوەی کابرای شەخس کەمبکاتەوە. ئەمەش کرۆکی ناسەقامگیرییەکی درێژخایەنە لەناوچەکەدا. ئەگەر حزبی شەخس هەنگاو نەنێت بەرەو خێزانی ئەوا تەمەنی کورت دەبێت و خێرا دەپوکێتەوە.
لەداهاتودا دروستبونی حزب و گروپ بەخێرایی و پوکانەوەیان بەخێرایی دەبێتە دیاردەیەکی باو. پەیوەستبون بەحزبی شەخس و جیابوونەوەی لێی کارێکی زێدە ئاسانە. هەندێک حزبی شەخسی وەها بەهانە دەهێننەوە کە شەخسی بوون تەنها قۆناغێکە هەتا تیادا بتوانن دەزگاکانیان بونیادبنێن، بەڵام کاتێک هێزێک لەسەرەتادا شەخسیەو هەموو بونیادەکانی لەپێناو شەخسدا دروستبووە، ئەستەمە لەسایەی شەخسدا بتوانرێت خۆی دەزگایی بکات، کاتێک کە دەزگاییش نابێت، ئەوا لەگەڵ مردنی شەخسەکەدا لەبری ئەوەی ببێت بەدەزگایی ناوەندەکەی توانای بەرگەگرتنی نامێنێت و دەپوکێتەوە. حزبی شەخس رەنگە ئەهوەنییەکی دەروونی و دەنگدانەوەی خواستی کەسەکان و غەڵبەغەڵبێکی زۆر دروست بکات بەتایبەتی کاتێک لەدەرەوەی دەسەڵات بێت، بەڵام هەرگیز ناتوانێت هیچ باشەیەکی بەرچاو پێشکەش بەکۆمەڵگا بکات. حزبی شەخس لەو مۆدێلە حوکمڕانیەیە کەپێی دەوترێت پریدەتۆری؛ بەو مانایە سیستەمێکی سیاسی کە بۆ خۆی دەبات. ئەم سیستەمە ئامانجی بردنی سامان و دەوڵەمەندبوونە لەمیانەی سیاسەتکردندا. بۆیە هاتنی بۆ ناو سیاسەت بۆ بردن و خزمەتکردنی کەسەکەیە، نەک کۆمەڵگا. کۆمەڵگا تەنها ئامرازێکە وەک فشار سودی لێدەبینرێت. بۆ مرۆڤی کورد کە ئاشنا نیە بەسیاسەتی سەردەم و دەزگاو حوکمداریی و مێژووی دەسەڵات ئاسانە بەنمایشەکانی شەخس فریو بخوات، نەتوانێت هەموو وێنەکە ببینێت. کەسێک لەقسەیەک یان قیڕەیەکدا کۆ بکاتەوە. شەخس بەدڵی خەڵکە چونکە بەخەڵکی دەڵێت ئەرکی ئێوە تەنها ئەوەیە کە پشتیوانی من بکەن، ئیتر پاش ئەوە دونیا دەبێتە شامی شەریف. حزبی شەخس داوای ئەرک و رۆڵ و کارو زەحمەت لەئەوانیتر ناکات، چونکە ئامانجی سەرەکی بەکاربردنی ئەوانی ترە.