عه‌لی حه‌مه‌ ساڵح: ڕێککەوتنی دوو ئیدارەیی ئێستا لە بواری جێبەجێکردندایە

3 ساڵ لەمەوپێش



 

هاوڵاتى

عه‌لی حه‌مه‌ ساڵح، رایگه‌یاند، رێككه‌وتنی دوو ئیداره‌یی كوردستان بەتەواوەتی جێبەجدەکرێت و لەماوەیەکی کورتدا و لە ئەنجامی ئەم رێککەوتنە، سلێمانی تووشی داڕوخانی گەورە دەبێت.   تەنیا هۆكاریش بۆ چارەسەری ئەم دۆخە دەخاتە روو و ەدڵێت:" پێویستە داهات بە دروستی لە سەرتاسەری کوردستان کۆبکرێتەوە، پاشان بە دادپەروەری بەسەر شارەکاندا جێبەجێبکرێت.

عه‌لی حه‌مه‌ ساڵح، په‌رله‌مانتاری كوردستان له‌ لاپه‌ڕه‌ی خۆی له‌ فه‌یسبوك رایگه‌یاند:" كاریگه‌رییه‌ "خراپ"ه‌كانی دوو ئیداره‌یی هه‌رێم  كاریگه‌ری گه‌وره‌ی له‌سه‌ر مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران و پڕۆژه‌كان ده‌بێت و سلێمانی تووشی دارووخانی "گه‌وره‌" ده‌كات.

ئه‌وه‌شی وتووه‌: "ئەوەی راستەوخۆ دەسەڵاتی بەسەر خاڵی سنووری و ئیدارەدانی سنووری سلێمانی هەیە هەریەک لە (بافڵ تاڵەبانی و قوباد تاڵەبانی) یە.. پاشان ئەگەر دەشڵێن، داهاتی ئەم سنوورە خۆی کەمترە! ئەی چۆن لە حکومەتی هەرێم بەم فۆڕمەی دوو ئیدارەییه‌ رازین".

ده‌قی نووسینه‌كه‌ی عه‌لی حه‌مه‌ ساڵح:

- ڕێککەوتنی دوو ئیدارەیی بۆ بەڕێوەبردنی هەرێمی کوردستان
-  بەردەوامیدان بەم رێککەوتنە، کە ئێستا لە بواری جێبەجێکردندایە، ئیدارەی سلێمانی لە دوو لاوە خراوەتە ژێر گەمارۆوە.

-  ئەم رێککەوتنە رانەگەیندراوە و نەخراوەتە سەر کاغەز، بەڵام تەنیا رێککەوتنە لە کورستاندا بەتەواوەتی جێبەجدەکرێت..

-  لەماوەیەکی کورتدا و لە ئەنجامی ئەم رێککەوتنە سلێمانی تووشی داڕوخانی گەورە دەبێت..

-  بەشی یەک: مووچە

- ئەو پارەی نەوت کە دەگەڕێتەوە، 43٪ بۆ مووچەخۆرانی ئیدارەی سلێمانیە و 57٪ بۆ ئیدارەی هەولێر و دهۆکە…
-  بۆ نمونە: مانگی 2ی ئەم ساڵ، داهاتی نەوت بۆ خەزێنەی گشتی بڕەکەی (488 ملیۆن دۆلار) بوە. بڕی( 209 ملیۆن دۆلار) بۆ ئیدارەی سلێمانی و ئەوی دیکە بۆ هەولێرو دهۆک..

-  ئەگەر پارەی نەوت بەشی مووچەی نەکرد… هەر سنوورە و تەواوکردنی مووچە لە داهاتی خۆی بدات.. بۆ نمونە مانگی 2ی ئەم ساڵ، ئیدارەی سلێمانی دەبێت (48 ملیۆن دۆلار ) بدات، هەولێریش (64 ملیۆن دۆلار) ..

-  سلێمانی نەیتوانی لە کاتی خۆیدا (48 ملیۆن دۆلار)ەکە دابین بکات، ئەمەش وایکرد مووچەی بەشێک لە مووچەخۆرانی سنووری ئیدارەی سلێمانی دوا بکەوێت..

-  بەشی دووەم: پرۆژەکان
-  سەرۆکی حکومەت، دەبێت بڕیار لە هەموو پرۆژەکانی ئیدارەی سلێمانیش بدات وەک هەولێرو دهۆک، بەڵام پرۆژەکانی سلێمانی بەداهاتی سلێمانی خۆی جێبەجێبکرێت.. بەرپرسانی سلێمانیش، دەڵێن: داهات نیە.. ئێستا هەرچی پرۆژەیەی سنووری سلێمانیە وەستاوە..

- سەرۆکی حکومەت و بڕیارەکانی ئەنجومەنی وەزیران، ئێستا قسە لەسەر قاچاخی و گەندەڵی و دۆسیەی زەوی سنووری سلێمانی و  بێ پرۆژەیی ناکەن، چونکە زیانەکە تەنیا لەسەر خەڵکی سلێمانییە، نەک کۆی هەرێمی کوردستان..

- بەرپرسانی سلێمانیش لە حکومەت قسە لەسەر داهاتی نەوت و فیشخابورو ئیبراهیم خەلیل و باج و زەوی و هیچ شتێکی سنووری هەولێر و دهۆک ناکەن.. ئەمیش پەیوەندیدارە بەخۆیانەوە، تەنانەت: حکومەت رۆژانە نزیکەی ملیۆنێک لیتر بەنزینی هەیە.. پشکی سلێمانی چوارسەد هەزار لیترە و هەموو دەدرێتە کۆمپانیای (سەن ئۆیڵ) و بەرپرسانی یەکێتی و گۆڕان لەحکومەت دێڕێک ناڵێن!
 
‏‎سێیەم: دەرمان و نەسریەو خەرجی فەرمانگەکان
هەر سنوورەو دەبێت خەرجی هێزی ئەمنی و سەربازی و نەسریەی سەرجەم فەرمانگەکان و خواردنی نەخۆشخانەو زیندانەکان و دەرمان و پێداویستی تەندروستی و کۆکردنەوەی خاشاک لە داهاتی خۆی دابین بکات.. ئەگەر ئیدارەی سلێمانی ناتوانێت لە داهاتی خۆی دابینی بکات باهیچ کام لە مانە نەکات.. تەنانەت بۆ کڕینی چەک و فیشەکییش هەر دەبێت لە داهاتی ئیدارەی سلێمانی خۆی بێت..

ئێستاش سلێمانی دەڵێت: داهاتی پێویست نیە بۆ ئەمانە، بۆیە لە ئێستادا لەبەر نەبوونی دەرمان نزیکەی 100 توشبوی شێرپەنجە لە نەخۆشخانەی هیوا لە مەترسی مردندان..

کێ بەرپرسە:
یەک: ئەوەی راستەوخۆ دەسەڵاتی بەسەر خاڵی سنووری و ئیدارەدانی سنووری سلێمانی هەیە هەریەک لە (بافڵ تاڵەبانی و قوباد تاڵەبانی) یە.. پاشان ئەگەر دەشڵێن: داهاتی ئەم سنوورە خۆی کەمترە! ئەی چۆن لە حکومەتی هەرێم بەم فۆڕمەی دوو ئیدارەی رازین.

دوو: سەرۆکی حکومەت لە رووی یاسایی و حوکمڕانیەوە بەرپرسی یەکەمە. لە کوێی یاساو کارنامەی حکومەت هاتووە بڵێت: خەزێنەی گشتی نەبێت.. لەچەک و تەقەمەنیەوە هەتا کۆکردنەوەی خاشاک و دەرمان هەر سنوورەو لە داهاتی خۆی بیکات؟

بەڵێ: لە باشماخ قاچاخ هەیە، بەڵام لە واقعدا داهاتی خاڵەسنووریەکانی هەولێرو دهۆک کە لەگەڵ سێ وڵاتدایە زیاترە لە سلێمانی..
 
ژمارەی کۆمپانیاکانیش لە هەولێرو دهۆک، سێ هێندەی سلێمانین.. بەهۆی نەمانی متمانەش خەڵک لە سلێمانی ئامادەنیە بەتەواوی پەیوەست بێت بە پێدانی رسوماتی ئاو و کارەباوە..

ئەنجام:
یەک: ئێستا ئیدارەی سلێمانی، دەڵێت: هەموو هەوڵ بۆ دابینکردنی مووچە و بەشێک لە نەسریەی فەرمانگەکانە، بۆیە هەرچی پرۆژەیە خزمەتگوزاری وەک ئاو و رێگاوبان و نەخۆشانە…. هتد، وەستاوە.. لە ئایندەیەکی نزیکدا نەبوونی خزمەتگوزاری و گرفتی دەرمان…. دەبنە گەورەترین قەیران بۆ خەڵکی و تەنانەت چاڵی شەقامەکانیش پڕ ناکرێتەوە..

دوو: لە ئێستادا ئیدارەی سلێمانی مانگانە (48 ملیۆن دۆلار) بۆ مووچەی سنووری خۆی دابین دەکات، لە ئەگەری دابەزینی نرخی نەوت، دەبێت سلێمانی لە داهاتی ناوخۆ پارەی زیاتر بۆ مووچە دابین بکات، ئەگەر بەم فۆڕمەی ئێستا بەردەوام بن، گرفتی گەورە بۆ بەشێک لە مووچەخۆرانی سلێمانی دروستدەبێت.
 
سێ: ئەم دوو ئیدارەیە رانەگەیاندراوە زیانێکی گەورەی لە کۆی هەرێمی کوردستان گەیاندوە، دەرگای گەورەشی بۆ گەندەڵی و قاچاخی کردوەتەوە و بەرپرسی راستەقینە لە دۆخەکە وندەکات، بەیەکتر تاوانبارکردن لەلایەن پارتی و یەکێتیەوە خەڵک دەکرێتە قوربانی..

چوار: جگە لە نەبوونی پرۆژە بەشێکی زۆری نەخۆشخانە حکومیەکانی سلێمانی مەترسی راوەستانی هەیە.. نەخۆشخانەکان بەرەو ئەوە دەچن دەرمانیان تیادا نەمێنێنێت..
 
تێبینی:
بەپێی ئەو داهاتەی هەردوو ئیدارەی (هەولێر و دهۆک) و ( سلێمانی) بۆ تەمویلی مووچە دەیدەن، لە ئێستادا لەسەرتاسەری کوردستان داهاتی ناوخۆ بەشێوەیەکی بەرچاو  که‌مکراوەتەوە..
 
مانگی 2ی پارساڵ (374 ملیار دینار) لە داهاتی ناوخۆ تەنیا بۆ مووچە تەرخاندەکرا، جگە لەوەش لە داهاتی ناوخۆ بۆ پرۆژە و خەرجی فەرمانگەکان تەرخاندەکرا، کەچی ناتوانرێت بۆ کۆی کوردستان ئێستا (164 ملیار دینار) لە کاتی خۆیدا بۆ مووچە دابین بکرێت!
 
سەرەتای پار ساڵ، مانگانە هەولێر و دهۆک (213 ملیار دینار) و سلێمانی (161 ملیار دینار) تەرخاندەکرد بۆ تەمویلی مووچە، بەڵام ئێستا مانگانە هەولێر و دهۆک (93 ملیارو 480 ملیۆن دینار) سلێمانی (70 ملیار و 520 ملیۆن دینار)؛ کەچی هێشتا ئیدارەی سلێمانی ناتوانێت ئەم بڕە لە کاتی خۆی دابین بکات..

چارەسەر:
پێویستە داهات بە دروستی لە سەرتاسەری کوردستان کۆبکرێتەوە، پاشان بە دادپەروەری بەسەر شارەکاندا جێبەجێبکرێت..

پرۆژە یاسای بودجە بێتە پەرلەمان و ئەم دادپەروەریەی تیادا بچەسپێت..

عەلی حەمە ساڵح

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار