سەرۆکی هەرێم: هەموو هەوڵێک دەدەین بۆ رزگاركردنی رفێنراوە ئێزدییەکان

3 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتى
سەرۆکی هەرێمی کوردستان رایگهیاند:" هەموو هەوڵێک دەدەین بۆ ئەوەی تەواوی رفێنراوە ئێزدییەکان رزگار بکەین".
ئەمڕۆ سێشەممە 19-04-2022، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەبۆنەی جەژنی سەری ساڵی ئێزدییەکان پەیامێکی پیرۆزبایی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە:"هەموو خوشک و برایانی ئێزدی دڵنیادەکەینەوە کە هەرچی رفێنراوێکی ئێزدی مابێت، هەموو هەوڵێک بۆ رزگارکردن و دیاریکردنی چارەنووسیان دەدەین."
جەژنی چوارشەممەی سوور، یاخود جەژنی سەری ساڵی کوردانی ئێزدی، یەکێکە لە جەژنە دیارەکان کە هەموو ساڵێک لە مانگی نیسان دەکرێت. ئەم جەژنە لە ماڵان و لە پەرستگەی لالش بە چەندین رێورەسم بەڕێوەدەچێت.
سەرۆکی هەرێمی کوردستان پشتیوانی تەواوی مافی ئێزدییەکان، ئاوەدانکردنەوەی ناوچەکانیان، مسۆگەرکردنی ئارامی و ئازادییەکانیان دەکات و دەڵێت: "بۆ ئەو مەبەستەش بەردەوام لەگەڵ لایەنە عێراقی و نێودەوڵەتییەکان کار دەکەین."
لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا، سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەڵێت: "بەداخەوە ئەمساڵ جەژنەکە لە کاتێکدایە کە هێشتا بەشێکی بەرچاو لە خوشک و برایانمان لەنێو کەمپەکاندا ژیان بەسەر دەبەن، ئێمە بەڕێز و پێزانینەوە لە خۆڕاگریی ئێزدییەکان دەڕوانین و هیوادارین جەژن و بۆنەکانی دیکە لە رەوشێکی باشتردا بگەڕێتەوە و سەرجەم برا و خوشکانی ئێزدی گەڕابێتنەوە سەر ماڵ و حاڵ و ناوچە ئاوەدانکراوەکانی خۆیان."
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا ئاماژەی بەوە کردووە، "جارێکی دیکە سەرجەم خوشک و برا ئێزدییەکان و تەواوی پێکهاتە و ئاینزاکان و هەموو خەڵکی کوردستان پشتڕاست دەکەین کە هەمیشە کوردستان وەکو شوێنی لێبووردەیی، یەکتر قبووڵکردن و پێکەوەژیانی ئاشتییانە دەمێنێتەوە، هەموومان پێکەوە پارێزەری ئەم کولتوورە و مافەدەستوورییەکانی گەلی کوردستان دەبین."
