سكرتێری یوئێن هەوڵی راگرتنی شەری رووسیا بەرانبەر ئۆكرانیا دەدات
بۆ گەیشتن بە ئاشتی لەگەڵ پوتن و زیلینسكی كۆدەبێتەوە
3 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان، لە ٢٨ی نیساندا لە ئۆكراینا لەگەڵ ڤۆلۆدیمیر زیلینسكی، سەرۆكی ئەو وڵاتە، كۆدەبێتەو و بریاریشە سەردانی مۆسكۆ بكات بۆ راگرتنی شەر.
نووسینگەی وتەبێژی سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان، لە راگەیەندراوێكدا ئەوەی خستووەتەڕوو كە ئەنتۆنیۆ گۆتەرێس لە سەردانەكەی بۆ ئۆكراینا، زنجیرەیەك كۆبوونەوە لەگەڵ بەرپرسانی ئەو وڵاتە، ساز دەكات.
لە راگەیەندراوەكەدا ئەوەش ئاشكرا كراوە، گۆتەرێس لە 28ی نیساندا لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئۆكراینا، دمیترۆ كولێبا، كۆدەبێتەوە و دواتریش لەلایەن سەرۆكی ئەو وڵاتە، ڤۆلۆدیمیر زیلینسكی پێشوازی لێدەكرێت.
هاوكات بریارە گوتەرێس بۆ گفتوگۆ كردن لە بارەی زیادكردنی هاوكارییە مرۆییەكان بۆ گەلی ئۆكراینا لەگەڵ كارمەندانی دامەزراوەكانی سەر بە نەتەوە یەكگرتووەكان لەو ناوچەیە كۆببێتەوە.
لە 20ی نیساندا گوتەرێس، نامەیەی ئاڕاستەی نوێنەرانی هەمیشەیی رووسیا و ئۆكراینا لە ئەنجوومەنی نەتەوە یەكگرتووەكان كرد و تیایدا داوای كرد بە ئامانجی گفتوگۆ كردن لەسەر ئەو هەنگاوانەی پێویستن لە پێناو ئاسایشی ئۆكراینا بگیرێنە بەر، لە مۆسكۆ چاوی بە ڤلادیمیر پۆتین و لە كیێڤ چاوی بە ڤۆلۆدیمیر زێلێنسكی بكەوێت.