هه‌وڵێکى ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنى فه‌لوجه له‌لایه‌ن داعشه‌وه شکست ده‌هێنێت
3 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتى
هێزه‌کانى حه‌شدى شه‌عبى هه‌وڵێکى چه‌کدارانى داعشیان بۆ ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنى ناحیه‌ى سه‌جر له قه‌زاى فه‌لوجه شکست پێهێناوه.
ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه 5ى ئایارى 2022، ده‌سته‌ى حه‌شدى شه‌عبى له راگه‌یه‌ندراوێکدا بڵاویکردوه‌ته‌وه،"له‌لایه‌ن هێزه‌لانى لیواى 27ى فه‌وجى دووى ئه‌رکه تایبه‌تییه‌کان، هه‌وڵێکى چه‌کدارانى داعش بۆ کۆنتڕۆڵکردنى ناحیه‌ى سه‌جر له قه‌زاى فه‌لوجه شکست پێهێناوه، ئه‌مه‌ش له چوارچێوه‌ى ئۆپراسیۆنه‌کانى رۆژهه‌ڵاتى ئه‌نبار".
هه‌روه‌ها ئه‌وه خراوه‌ته‌روو که "به هه‌وڵى هێزه‌کانمان توانراوه هه‌وڵه‌که شکست پێبهێنرێت و دواتر چه‌کداره‌کان هه‌ڵبێن، له‌و کاته‌شه‌وه گه‌ڕان به‌دواى چه‌کداره هه‌ڵاتوه‌کان ده‌ستیپێکردوه".
هاوکات ئه‌وه دووپاتکراوه‌ته‌وه که "پێداویستى سه‌ربازى زیاترمان به‌ده‌ستگه‌یشتوه، ئۆپراسیۆنه سه‌ربازییه‌کانمان له سنوره‌که به‌مه‌به‌ستى ده‌ستگیرکردنى چه‌کدارانى داعش و تێکدانى باره‌گا و مۆڵگه‌کانیان به‌رده‌وام ده‌بێت".
له‌عێراق ماوه‌ى چه‌ندین مانگه جموجۆڵى چه‌کدارانى داعش زیادیکردوه به‌تایبه‌ت له سنورى ناوچه کێشه‌له‌سه‌ره‌کان، به‌رپرسانى پێشمه‌رگه‌ش ده‌ڵێن به‌هۆى نه‌بونى هه‌ماهه‌نگیى هێزه ئه‌منییه‌کان و بونى بۆشایى ئه‌منی، داعش له‌چه‌ند ناوچه‌یه‌کدا جموجۆڵه‌کانى زیادکردووه.