کەوچکی زل، کاسەی بەتاڵ
3 ساڵ لەمەوپێش
ئەكرەم ئەمین
لەئێستای کوردستاندا هێندەی دروشمی قەبەی ئابوری و بەڕێوەبردن بەرزدەکرێتەوەو دەبینرێت، لەسەدا دەی دروشمەکان نابن بەکردار! - وەک ئەوەی چەندینجار گوێمان لێبووە دەڵێن: لەمساڵدا هەزاران هەلی کارمان رەخساندووە!
لەوەڵامیشدا گەنجان هاواردەکەن و دەڵێن کوا هەلی کارو دەمەزراندن؟ - بەرپرسێکی تر دەڵێت: کوردستانمان خستۆتەسەر نەخشەی نەوتی جیهانی! لەبەرامبەردا هاووڵاتیان دەڵێن: یەک بەرمیل نەوت بە دووسەد هەزار دینار دەکڕین و غازیش ناوەناوە خۆی شیرین دەکات و دەبێت بەدوایدا رابکەین، کەچی حکومەت بەنیازە بەغازەکەمان ئەوروپا گەرم بکاتەوە؟ گرانی بەنزینیش لەولاوە بوەستێ، کە حکومەت نەوت هەناردەدەکات کەچی بۆ ناوخۆ لیترێک بەنزینی حکومی بەهاووڵاتیان نادرێت! - بەرپرسێکی تر دەڵێت: زیاد لە دووسەد جۆر خزمەتگوزاریمان بۆ هاووڵاتیان دابینکردووە!
لەواقعیدا یەک خزمەتگوزاری بێبەرامبەر نییە، هەرچی هەیە هاووڵاتیان خۆیان پارکەی دەدەن، ئەگەر نەشتەرگەرییەک لەنەخۆشخانەیەکی حکومیش بکەیت هەر پارەکەی دەدەیت! پارەی ئاوو کارەباو خۆڵڕشتن..... هەر خۆت دەیدەیت، کەچی کە دنیا گەرمی کرد ئاوو کارەبا نامێنێت! خۆڵڕشتنیش بووە بەباس و مانگی جارێک ژینگەپارێزەکان ماندەگرن چونکە کرێکەیان پێنادرێت! - حکومەت دەڵێت داهات کەمە، ماوە ماوە دەست بەزیادکردنی باج و گومرک دەکات چەندین جۆر باج و سزای داناوە، لەبەمبەردا خزمەتگوزاری شارەکان لەئاستی سفردایەو نە پرۆژەیەک هەیە نە شەقامێک نە کارگەیەک، نە .... دروستدەکرێت! حکومەت هەر کەوچکەکەی زل دەکات بۆ وەرگرتن و کۆکردنەوەی باج و گومرگ و سزاو فرۆشتنی نەوت و غاز! لەبەرامبەردا کاسەی هاووڵاتیان تابێت بەتاڵتر دەبێت، کار بەم شێوەیە بڕوات دەنگی تەقەی کەوچکەکە لەبنی کاسەکە دەبیسترێت - . بۆ ئەوەی کاسەش پڕبێت پێویستە حکومەت بەعەدالەت داهات دابەشی شارەکان بکات و موچە لەکاتی خۆیدا دابەشبکات و هەلی کار بڕەخسێنێ و هانی کۆمپانیا تایبەتەکان بدات و کارئاسانیان بۆ بکات و کاری بانکەکان بەدامەزراوەیی بکات و بەرەوپێشەوەی ببات. - سادەترین بنەمای سوڕانەوەی ئابوری ئەوەیە کە لەبەرامبەر زیادکردنی باج و گومرگ و سزا، لایەنی خزمەتگوزاری و پڕکردنەوەی پێداویستی هاووڵاتیانی هاوتەریب لەگەڵدا زیادببێت. بەڵام ئەوەی ئێستا دەبینرێ تەنیا کەوچکەکە زل کراو، کاسەی هاووڵاتیانیش بەرەو بەتاڵبوون دەڕوات.