درێدا

2 ساڵ لەمەوپێش




سەردار عەزیز
درێدا: ئێ، ئیتر! ئەوەی دۆخەکەی گۆڕی هۆسرل بوو. هەتا پێش ئەو هەموو لە کورسییەکە رادەمان و دەیانپرسی ئەرێ ئەمە کورسیە؟ بەڵام ئەو وتی با لەجیاتی ئەوە بپرسین، ئایا ئەو کورسییە بۆ تۆ چی دەگەیەنێت؟ لێرەوە دەروازەی لافاوێک کرایەوە بە سەر جۆری پەیوەندی و ماناو دیدی تایبەت و شوناس و جیاوازی و رێژەییەتی و زۆر بواری تردا. هۆسرل درێدای گۆڕی، بە تایبەتی پاش سەردانەکەی بۆ ئەرشیفخانەی شاری لوڤن لەبەلجیکا لەزستانی ساڵی ١٩٥٤. ئەو کاتە درێدا تەمەنی تەنها ٢٤ ساڵ بوو .  درێدا کە باوانیان ناویان ناوە جاکی نەک جاک، ئەم رۆژگارە ناوی درێدا خەریکە دەبێتە وەسفێک بۆ قورسی و تێنەگەیشتن و پاش راستی و پشێوی بەتایبەتی لە لایەن دوژمنەکانیەوە، دەڵێم دوژمنەکانی نەک رەخنەگرانی، مەبەستم کەسێکی وەک پیتەر جۆردەنە. جۆردەن پرۆفیسۆرێکی کەنەدی راستڕەوە، کاری ئەوەیە بەزمانێکی بازاڕی هێرش بکاتەسەر ئەوانی تر. 

وامەزانە هەر ڕۆشنبیرە کوردەکان ئەو کارە دەکەن.  پیتەرێکی تر کە ناوی پیتەر سەلەمۆنە، بایوگرافیایەکی نوێی بۆ درێدا نووسیوە، بایوگرافیایەکی فیکریی، کە هەوڵی ئەوە دەدات رەخنە لە دیدی خەڵکانی وەک پیتەر جۆردۆن بگرێت. کتێبەکەی سەلەمۆن بەناوی رووداوێک، رەنگە An Event, Perhaps: A Biography of Jacques Derrida هەردوو چەمکی رووداوو رەنگەش، لەو چەمکە گرنگانەن کە درێدا کاری لەسەر کردووە. چەمکی رەنگە کرۆکی کتێبی سیاسەتی هاوڕێتییە. رووداویش کرۆکی سەرتاپا بیری پۆستمۆدێرنە. درێدا هەندێکجار بە تەنها ڕەخنە دەگرێت و زۆرجاریش دەپێچرێتەوە لەگەڵ گروپێکی بەرفروانی تردا بە ناوی پۆستمۆدێرنەکان.

 ساڵی ٢٠٢٠ سەرۆکی فەرەنسی ماکرۆن ڕەخنەی لە کۆمەڵێک دید گرت، کە گوایە لە دەرەوەی فەرەنسا، بە تایبەتی لە ئەمریکاوە هاتوون بۆ فەرەنسا، وەک شوناس، ڕەخنەی ڕەگەز (عونسوریەت)، جێندەر. بەڵام ماکرۆن وەک قوتابییەکی پۆل ڕیکۆر چاک دەزانێت کە گوێگرانی فریو دەدات. پۆل ڕیکۆر یەکێک بوو لە تیورناسەکانی بواری شوناس. بەڵام درۆکردنەکەی ماکرۆن بە ئەنقەست بوو. بە ئەمریکاییکردنی ئەم تیورانە کارئاسانی دەکات بۆ ئەوەی ڕەخنەکردنی لە لایەن فەرەنسییەکانەوە قبوڵبکرێت لەوەی کە دیدێکی فەرەنسی بێت. دیدی دژە ئەمریکایی لە هەناو کەلتوری فەرەنسیدا، وەک پەتا بڵاوە. بەشێکە لە غروری ناکۆتای مرۆڤی فەرەنسی کە هێشتا خۆی بە باڵاترین و چەقی دونیا دەبینێت. دیارە ئەمرۆ ئەمریکا پەرتبوە لە بەرامبەر کۆدیدی تیورەی ڕەخنەیی ڕەگەزCritical Race Theory . پیاوی سپی لە ئەمریکا هەست دەکات دەسەڵاتەکانی لەدەست دەچێت. بۆ ئەوەی ئەم دەسەڵاتانە لەدەست نەدات، رێگرە لەهەموو ئەو دیدانەی کەڕەخنەی جیددی دەسەڵاتەکەی دەکەن. ئەم دۆخە لەڕەخنەدا نەماوە، بەڵکو گەیشتووەتە شەڕ، بە جۆرێک ئەمڕۆ لەزۆر شوێنی ئەمریکادا لەکتێبخانەی قوتابخانەکاندا کتێب قەدەغە دەکرێت. 

هەندێک وەهای دەبینن کە ئەم دیاردەیە نوێ نیە. مێژوونووسی گەورەی زانکۆی هارڤەرد جیل لیپۆل بڕوای وەهایە هاوشێوەی هەیە لەگەڵ هەمان شەپۆلدا لەساڵی ١٩٢٠.  بەڵام لەساڵی ١٩٢٠ هێرشەکە لەسەر کتێبی بنەڕەتی جۆرەکان بوو، کتێبە شۆڕشییەکەی داروین.  ئەوەی جێگای سەرنجە، ئەوەیە کە لیپۆل هاوبەشییەک دەبینێت لەنێوان مێژوو و زیندەوەرناسیدا. 

بواری سەرەکی هەردوو مێژوو و بایەلۆجیا گۆڕانکارییە، لەساڵی ١٩٢٠ شەڕەکە لەسەر ئەوەبوو کە چۆن مرۆڤ لەمەیمونەوە هاتووە، ئێستا دەربارەی دەسەڵاتی پیاوی سپییە. پیاوی سپی نایەوێت رابووردوی هەڵبدرێتەوە، بەتایبەتی لەلایەن قوربانییەکانیەوە.  لەم جەنگەدا درێدا تەنها بەیەک شێواز ئامادەنیە، بەڵکو بەچەندین شێواز ئامادەیە، بۆیە بووە بەیەکێک لەچەقەکانی ئەم دۆخە.  

دروستبونی دیدی تاک یان دیدی من، کەڕەنگە نەگونجاوبێت لەگەڵ دیدی باڵادا، کێشەی زۆر دروست دەکات بۆ دونیاو لە دونیادا. 

دونیای کوردی بە پێچەوانەوە هەتا بێت رەقهەڵاتوو دەبێت. دەگمەنن کەسەکان کە خاوەن دیدی خۆیان بن. لیبرالیزم پشتیوانی ئەم پرسە بوو هەروەها لەسودی بوو. بەڵام ئێمە لەدۆخێکی گواستنەوەداین. زۆرجار دۆخی گواستنەوە بەڕاستی دۆخی گواستنەوەیە، وەک لەحەفتاکان لەگەڵ هاتنی نیولیبرالیزمدا روویدا. بەڵام زۆرجاریش دۆخێک بەهەڵە وەک دۆخی گواستنەوە دەبینرێت. 

درێدا گەر پێناسیەکی کورت هەبێت بۆی، ئەوەیە کە کەسێکی بێزارکەر یان ئیزعاج بوو، هاوشێوەی سوکرات. رەنگە ئیزعاجی کرۆکی کاری فەلسەفی بێت. مەبەستم لەبێزارکەر یان ئیزعاجی ئەوەیە کە درێدا لەڕێگای میتۆدی هەڵوەشاندنەوەوە، ئەو لایەنانەی دەقی دەردەخست کەزۆرجار نووسەرەکەی دژی بووە. با نموونەیەکی زۆر زەق لێرەدا ئاماژە پێبدەین. یەکێک لە کتێبە بەناوبانگەکانی درێدا ناوی خێوی مارکسە. بەلای پیتەرەوە یەکێکە لەباشترین کتێبەکانی درێدا. تەنها ئەگەر لەناونیشانەکە رابمێنین دەبینین کە هێرشە بۆ سەر مارکس. کارل مارکس وەهای خۆی پۆلێن دەکرد کە بیرمەندێکی ماددییە یان مەتریالیزمە. بەڵام هەبوونی خێو یان بڕوابون بە بوونی خێو یان دێوەزمە، پێچەوانەی ئەوەیە کە مارکس بانگەشەی بۆ دەکات. درێدا لەئەمەدا مەبەستی یەکەم دێڕی مانیفێستی کۆمۆیونیزمە، کە بەخێو یان دێوەزمە دەست پێدەکات. دێوەزمەیەک راوەدوی ئەوروپا دەنێت. دێوەزمەی سۆشیالیزم.  

لێرەوە درێدا چەمکی هاونتلۆجی دادەتاشێت. ئەم چەمکە بەمانای راوەدونان دێت کە یانی ئەوەی کە نادیارەو بەدواتەوەیە. درێدا ئەم چەمکە بەرامبەر ئەنتۆلۆجی دادەڕێژێت یانی شتە بینراوو هەستپێکراوەکان. دیارە ئەمە تەنها رەخنەنیە لەمارکس بەڵکو رەخنەیە لە سەرتاپا میراتی مۆدێرنە، کە باڵایی عەقڵ پیرۆزدەکات و بوارەکانی تری وەک دێوو خێوو دێوەزمە و زۆر بونی-نەبوو رەتدەکاتەوە .  درێدا لەم ڕانگەیە باس لەپارە دەکات. پارە بوویەکی ئاڵۆزە. گەڵایەک دۆلار هەڵگری بەهای زۆر زیاترە لە بەهای پارچە کاغەزەکە. ئەم بەهایە لەنەبودایە، تەنها لەئەنجامی پرۆسەیەکی ئاڵۆزی دەزگایی و سەرمایەیی و سیمبولی و نوێنەرایەتی و دەسەڵاتی دێتە ئاراوە.  ئەوەی لەهەموو شتێک زیاتر درێدای پێ ناوزڕ دەکرێت راستییە. راستی هەیە یان نا؟ هەندێک برادەر لەدونیای کوردیدا، وەک توتی بوون یان نەبونی راستی دووبارە دەکەنەوە. پرۆسەی بوون و نەبونی راستی لەئەمڕۆدا زۆر ئاڵۆزبووە. ڕەخنەی پۆستمۆدێرنەکان لەڕاستی ئەوەیە کەڕاستی بونیادنراوە. وەک هەموو بونیادنراوێک پرۆسەیەکی دەسەڵاتییە، بۆیە نابێت وەک راستی حاشا هەڵنەگر مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت بەڵکو دەبێت رەخنە بکرێت. ئەمە لەئەنجامی سەپاندنی راستیەکانی سیستەمی تۆتالیتاری بوو. بەڵام ئەمە مانای ئەوەنیە کەڕاستی نیە، بەڵکو بەمانای ئەوەیە کە ئەوەی کە بانگەشەی راستی دەکات یان دەیەوێت ببێت بەنوێنەری راستی، مەرج نیە هەڵگری راستی بێت. لەهەمانکاتدا، کاتێک راستی دەخرێتە توێی زمانەوە، ئەوا راستی بونی قەیراناوی دەبێت. هەر تەنها بیر لەئەوە بکەرەوە لەکاتی دەماودەمی سەربوردەیەکدا چۆن گۆڕانکاری بەسەردادێت. جارێک برادەرێک ئاماژەی بەئەوەدا کە بۆچی دونیای دەوروبەری ئێمە هێندە خۆشییان بەچارەی درێدا نایەت. وەڵامی ئەو ئەوەبوو کە کەلتورەکانی دونیای ئێمەو دەوروبەرمان بەرگەی ئەوە ناگرێن بخرێتە هەناو پرۆسەی هەڵوەشاندنەوەوە. ئەمە هۆکارێکی سەرەکی چەقینی ئێمە. درێدا پێویستە. کتێبەکەی پیتەر دەروازەیەکی باشە.

**ئەوەی لەهەموو شتێک زیاتر درێدای پێ ناوزڕ دەکرێت راستییە. راستی هەیە یان نا؟ هەندێک برادەر لەدونیای کوردیدا، وەک توتی بوون یان نەبونی راستی دووبارە دەکەنەوە. پرۆسەی بوون و نەبونی راستی لەئەمڕۆدا زۆر ئاڵۆزبووە. ڕەخنەی پۆستمۆدێرنەکان لەڕاستی ئەوەیە کەڕاستی بونیادنراوە. وەک هەموو بونیادنراوێک پرۆسەیەکی دەسەڵاتییە، بۆیە نابێت وەک راستی حاشا هەڵنەگر مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت بەڵکو دەبێت رەخنە بکرێت
**بواری سەرەکی هەردوو مێژوو و بایەلۆجیا گۆڕانکارییە، لەساڵی ١٩٢٠ شەڕەکە لەسەر ئەوەبوو کە چۆن مرۆڤ لەمەیمونەوە هاتووە، ئێستا دەربارەی دەسەڵاتی پیاوی سپییە. پیاوی سپی نایەوێت رابووردوی هەڵبدرێتەوە، بەتایبەتی لەلایەن قوربانییەکانیەوە.  لەم جەنگەدا درێدا تەنها بەیەک شێواز ئامادەنیە، بەڵکو بەچەندین شێواز ئامادەیە، بۆیە بووە بەیەکێک لەچەقەکانی ئەم دۆخە

***درێدا هەندێکجار بە تەنها ڕەخنە دەگرێت و زۆرجاریش دەپێچرێتەوە لەگەڵ گروپێکی بەرفروانی تردا بە ناوی پۆستمۆدێرنەکان.  ساڵی ٢٠٢٠ سەرۆکی فەرەنسی ماکرۆن ڕەخنەی لە کۆمەڵێک دید گرت، کە گوایە لە دەرەوەی فەرەنسا، بە تایبەتی لە ئەمریکاوە هاتوون بۆ فەرەنسا، وەک شوناس، ڕەخنەی ڕەگەز (عونسوریەت)، جێندەر
 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار