عێراق و ئێران: خۆمان خزمین

3 ساڵ لەمەوپێش



سەردار عەزيز

 لەمیانەی کۆنفرانسێک لەهەولێر، پاش پێشکەشکردنی بابەتەکەم لەسەر لادەولەی عێراق، دیپلۆماتێک لەقونسوڵخانەی ئێرانی زۆر هەوڵی دەدا کەزیاتر قسەم لەگەڵدا بکات. کاتێک بۆ پشووی نیوەڕۆ رۆشتینە چێشتخانەکە، بەبێ ئەوەی داوەتی بکەم یان هیچ ئاماژەیەکی پێبدەم هات و داوای ئەوەی کرد کەحەز دەکات لەسەر مێزەکەمان دابنیشێت. یەکێک لەو باسانەی کەوروژاندی بەسەرهاتێک بوو لەکاتی رێگریی و سنورداخستنەکەی پەتای کۆڤیددا بوو. ئەو وتی کاتێک کە سنورمان داخست خەڵکێکی زۆر فشاریان بۆ هێناین کە دەبێت بیکەینەوە، تەنانەت هەندێک خەڵک ئاماژەیان بە ئەوەدا کەئەگەر نەیکەنەوە ناچارن بەقاچاخ بڕۆن. پاش ئەمە رستەیەکی گوت کە من بەباشی ئەو کاتە لەمەبەست و هەموو رەهەندەکانی تێنەگەشتم، ئەو وتی ئێمە خزمین. منیش وەک گاڵتەپێکردنێک بەئەوم وت، کەواتە بۆچی سنوورەکان هەڵناگرین .  

لەدانیشتنەکەدا من هێندە بەجیددی پرسی خزمبوونم وەرنەگرت. وەهام بیرلێکردەوە کە بەشێکە لەو کەلتورە فارسییە ئێرانییە، کە بەردەوام قسەی زیادو خۆش و بەویقار دەڵێت، وەک بەشێک لەئاڵوگۆڕی مەحەبەت کە بەشێکی زۆری درۆیە. دەربڕینی هەست و سۆزی زۆرو درۆکردن بەشێکی دیارو دانپیانراوی کەلتوری ئێرانییە.  

ڕامیتا نەڤایی کتێبێکی نووسیوە دەربارەی تاران، بەناوی تاران شاری درۆ. کتێبەکەی رامیتا بەدێڕە شیعرێکی سەعدی شیرازی دەستپێدەکات: دروغی مصلحت امیز کە راستی فیتنە انگیز . لەهەمانکاتدا جۆرێک لەکەلتوری ئێرانی هەیە کە بە تعارف ناسراوە، جۆرێک لەزیادەڕۆیی و نمایش، کە لەناوچەی سلێمانیش بەڕوونی دەیبینین کاتێک دوو کەس بەیەک دەگەن، یان کارێک دەکەن. بەزەقی لەمەرحەبایی و لای سەرتاش زۆر زەقە. هەمیشە لەسلێمانی کاتێک کەسێک لەمیانەی مەرحەبایی دەست دەکات بەڕیزکردنی کۆمەڵێک دەربڕین وەک چاوت ماچ دەکەم و قوربانت بم و جەنابتان، هەست دەکەم ئەم کەلتورە ئێرانییە لەنمایشدایە.  

ئێران و عێراق دوو وڵاتی دراوسێی ئاسایی نین. لەدروستوبونی عێراقەوە ئێران کێشەی لەگەڵ عێراقدا هەبووە. ئارش رەسینزادە نامەیەکی دوکتۆرای بەکارکردن لەسەر ئەرشیفی ساواک نووسیوە، کە چۆن شای ئێران هاوکاری کوردو شیعەی کردووە، بۆ ئەوەی عێراق نەبێتە وڵاتێک کە پان-عەرەبیزم، کە خۆی لەبەعس و پاشان ئیخوانیزمدا دەبینێتەوە بەسەر وڵاتدا زاڵ نەبێت. ترسی ئێران لە پان-عەرەبیزم ترسێکی نهێنی نەبووە، چەندینجار لەئەرشیفی (سی ئای ئەی)دا ئاماژەی پێدراوە. ئەم ترسە پەیوەند بەجۆری دەسەڵاتی ئێرانییەوە نیە، گەر شا لەناسیونالیزمی پان-عەرەبیزم دەترسا، ئەمڕۆ رژێمێکی تایفی وەک ئێران لەسوننیگەرایی دەترسێت وەک قوڵاییەکی جیوپۆلەتیکی.  

خزمبوونی دوو وڵات، چەمکێکی جێگای سەرنجە. پەیوەندی وڵاتان بەگشتی لەسەر بنەمای چەمکەکانی وەک بەرژەوەندی، مەترسی، هاوپەیمانی، نەیارێتی و دوژمنایەتی داڕێژراوە. فەیلەسوفانی وەک کانت، هۆبس و بەتایبەتی لۆک لەگەڵ تیوسەدایدس زاڵن بەسەر ئەم بوارەدا. لەساڵانی رابوردودا چەمکی هاوڕێیەتی نێوان وڵاتان، وردە وردە خەریکە برەو پەیدا دەکات. بۆ نموونە لەنێوان ئەمریکاو بەریتانیادا هەمیشە ئاماژە بەهاوڕێیەتی تایبەت دەدرێت. هاوڕێیەتی و هاوپەیمانی ڕەنگە بەجۆرێک لەجۆرەکان نزیکبن لەخزمایەتییەوە، بەڵام خزمایەتی چەمکێکی جیاوازترە.  

لەمدواییانەدا لەزانکۆی سواس لە لەندەن ئێرانییەک بەناوی ئارشین ئەدەب-موغەدەم کتێبێکی نووسیوە بەناوی ئێران چیە: سیاسەتی ناوخۆیی و دەرەکی لەپێنج پارجە مۆسیقادا. لەکتێبەکەدا چاپتەرێکی هەیە بەناوی ئیورەیشای ئێران: بەرگری یان ئیمپراتۆریەتی فارسی. چەمکیEurasian Iran: ‘Resistance’ or a Persian Empire? ئیورەیشیا لای چاودێرانی سیاسی ئەمڕۆ چەمکێکی ناسراوە. دەبینی کە چۆن ململانێ هەیە لەنێوان چین و ڕوسیاو هێزەکانی تر لەئەو ناوچەیەی کە ئاسیا و ئەوروپا بەیەکەوە دەبەستێت. لێرەدا مەبەستی ئیرەیشیایی ئەو لە فرانخوازێتی ئێرانە. ئارشین وەک زۆر ئێرانیەکانی تر، ئێرانیەکی ناسیونالیستە. دیارە لەبەر کەمی فارس و زاڵبوونی فارس بەسەر ئەوانیتردا لە پەراوێزدا، لە مێژووی نوێدا، ناسیونالیزمی فارسی باڵاترین دیدی سیاسی و فیکری بووە لەناو کەلتوری ئێرانیدا. هەرچەندە ئارشین دەیەوێت ئارگومێنتی ئەوە بونیادبنێت کەپێکەوەگرێدانی ئاینی و سیکیولاری زۆر هەیە لەنێوان خەڵکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. لێرەدا باس لەجوگرافیا مردووان دەکات:گۆڕی رۆمی لەکۆنیا، (لەکاتێکدا ڕۆمی ئێرانی نیە)، بوونی گۆڕی موحەمەد رەزا پەهلەوی لەقاهیرە، ئایەتوڵا میرزا شیرازی سەرکردەی شۆڕشی توتن لەساڵی ١٨٩٠ لە نەجەف نێژراوە. ئەم سیاسەتی گۆڕبازییە دەپەڕێتەوە بۆ سەردەمی کۆماریش، عەلی شەریعەتی لەنزیک مەقامی سەیدە زەینەبە. کە بەقسەی ئارشین لەلایەن موستەفا چەمرانەوە سەردانکراوە. (جێگای باسە چەمران گرنگترین کەسە بۆ تێگەیشتن لەسیستەمی پارالیلی ئێرانی لەناوچەکەدا، بەڵام ئەوە جێگای باسمان نیە لێرەدا). ئاریش کە دایکی کوردە و دەچێتەوە سەر بنەچەی کەریم خانی زەندو باوکی عەرەبە، بەڵام ئێران سەنتەریزم بەسەریدا زاڵە. هەرچەندە ئەو دەیەوێت بڵێت هاوبەشی نێوان گەلانی ناوچەکە زیاترە لەهاوبەشی نێوان ئەوروپاییەکان کە توانیویانە کۆدەزگایەکی وەک یەکێتی ئەوروپا دروست بکەن.  ئەم دیدەی بەکاربردنی یەکێتی ئەوروپا لەلایەن ئەحمەد داودئۆغلۆشەوە بەکاردەبرێت بەڵام بە نیازپیسی. بەجۆرێکی جیاوازیش لای ئۆجەلان بەکاردەبرێت. بنەمای یەکێتی ئەوروپا نزیکایەکی ئەوروپییەکان نیە لە یەکتر، بەڵکو ئەو بنەما عەقلانیەیە کە چۆن بنەماکانی ئاشتی لە بەرامبەر ژمارەیەک لەشەڕی ناکۆتادا دابڕێژرێت. سەرەتای یەکێتی ئەوروپا بەڕێککەوتنی خەڵوزو پۆڵا دەستپێدەکات، وەک دوو سەرچاوەی وزەو پیشەسازی. بەشکردنی سەرچاوەکانی وزەو پیشەسازی دەبێتە هۆکاری کەمبوونەوەی دوژمنایەتی. یەکێتی ئەوروپا لەسەر ئەو بنەمایە دروست نەبووە کە هاوبەشی هەیە، بەڵکو چۆن هاوبەشی بونیاد بنرێت، ئەمە هەر لە سیستەمی ئیراسمۆسی خوێندکارانەوە هەتا ئازادی جوڵەی کرێکاران و نەمانی سنورو زۆر بنەمای تر.  

چەمکی خزمایەتی یان بوونی هاوبەشی جیاواز لەسیاسەت و ئابوری و ئاسایشی و ئیمپراتۆری، چەمکێکی فریودەرە. چ لەدیدی دیپلۆماتە ئێرانیەکەوە، هەروەها چ لە دیدی لێکۆڵەرە ئێرانییەکەوە، هەروەها چ لەدیدی ناسیونالیستی ناسراوی ئێرانی، حەمید دەباشی، کە نووسەری کتێبی ئێرانی بێسنورە، هەموو زەمینەسازییە چ لەلایەن دەسەڵاتدارانی ئێران یان توێژی دایاسپۆرای ئێرانی بۆ بونیادنانی خیتابێک لەدەرەوەی خیتابی پەیوەندی نێودەوڵەتی باو، لەپێناو زەمینەسازی بۆ سەنتەربوونی ئێران، ئاساییکردنەوەی بوونی ئێران لەوڵاتانی ناوچەکە، شاردنەوەی نیەتی حەشاردراوی راستەقینەی ئێرانییەکان لەمەبەستەکەیان.  خزمبوونی عێراق و ئێران یانی راکێشانی کوردو شیعە و تەریککردنی سوننە، ئەمە یەکێکە لەکۆڵەکەکانی سیاسەتی ئێرانی بەرامبەر عێراق. وەک موحسن میلانی ئاماژەی پێدەدات، حوکمکردنی عێرق لەلایەن شیعەوە یەکێکە لەبنەما نەگۆڕەکانی سیاسەتی ئێران، وەک ئێرانییەکان خۆیان دەڵێن لەپێناو سەرهەڵنەدانەوەی دیاردەی سەدام حوسەین جارێکی تر.  خزمبوون دوورخستنەوەی پەیوەندییە سیاسییەکانە، هەوڵدانە بۆ دروتسکردنی دۆخێک کە تیایدا ئاگایی کەسەکان، یان چوارچێوەی ئاگاییان لەقاڵب بدات. وەک گیورگ لاکئۆف پێمان دەڵێت: وشەکان لەپەیوەندییان بەچوارچێوە عەقڵییەکانەوە مانا دەبەخشن. ئێرانییەکان دەزانن کەسیاسییە عێراقییەکان لەچەمکی خزمایەتی تێدەگەن، بەڵام لەچەمکەکانی تری پەیوەندی نێودەوڵەتی تێناگەن. خزم چوارچێوەیەکی عەقڵی داڕێژراوە، رەگی قوڵی هەیە لەدونیای کۆمەڵایەتی ناوچەکەدا.

 

 

**بنەمای یەکێتی ئەوروپا نزیکایەکی ئەوروپییەکان نیە لە یەکتر، بەڵکو ئەو بنەما عەقلانیەیە کە چۆن بنەماکانی ئاشتی لە بەرامبەر ژمارەیەک لەشەڕی ناکۆتادا دابڕێژرێت. سەرەتای یەکێتی ئەوروپا بەڕێککەوتنی خەڵوزو پۆڵا دەستپێدەکات، وەک دوو سەرچاوەی وزەو پیشەسازی. بەشکردنی سەرچاوەکانی وزەو پیشەسازی دەبێتە هۆکاری کەمبوونەوەی دوژمنایەتی

**خزمبوونی عێراق و ئێران یانی راکێشانی کوردو شیعە و تەریککردنی سوننە، ئەمە یەکێکە لەکۆڵەکەکانی سیاسەتی ئێرانی بەرامبەر عێراق. وەک موحسن میلانی ئاماژەی پێدەدات، حوکمکردنی عێرق لەلایەن شیعەوە یەکێکە لەبنەما نەگۆڕەکانی سیاسەتی ئێران، وەک ئێرانییەکان خۆیان دەڵێن لەپێناو سەرهەڵنەدانەوەی دیاردەی سەدام حوسەین جارێکی تر

**خزمبوونی دوو وڵات، چەمکێکی جێگای سەرنجە. پەیوەندی وڵاتان بەگشتی لەسەر بنەمای چەمکەکانی وەک بەرژەوەندی، مەترسی، هاوپەیمانی، نەیارێتی و دوژمنایەتی داڕێژراوە. فەیلەسوفانی وەک کانت، هۆبس و بەتایبەتی لۆک لەگەڵ تیوسەدایدس زاڵن بەسەر ئەم بوارەدا. لەساڵانی رابوردودا چەمکی هاوڕێیەتی نێوان وڵاتان، وردە وردە خەریکە برەو پەیدا دەکات

** چەمکی خزمایەتی یان بوونی هاوبەشی جیاواز لەسیاسەت و ئابوری و ئاسایشی و ئیمپراتۆری، چەمکێکی فریودەرە. چ لەدیدی دیپلۆماتە ئێرانیەکەوە، هەروەها چ لە دیدی لێکۆڵەرە ئێرانییەکەوە، هەروەها چ لەدیدی ناسیونالیستی ناسراوی ئێرانی، حەمید دەباشی، کە نووسەری کتێبی ئێرانی بێسنورە،

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار