پاش هەشت ساڵ تائێستا چارەنوسی كامەران نەجم كە داعش بەبرینداری رفاندی دیار نییە

لەدوا پەیوەندیدا چی بەهاوڕێكەی وت؟

2 ساڵ لەمەوپێش



سەركۆ جەمال

هەشت ساڵە كامەران نەجم  رۆژنامەنوس و فۆتۆگرافەر نادیارە، كەسوكارەكەی دەڵێن تائێستا هیچ هەواڵێكی نوێیان لەسەر چارەنوسی پێنەگەیشتووە، هاوڕێیەكیشی چیرۆكی دواین تەلەفۆنی بۆ هاوڵاتی دەگێڕێتەوە

ئێوارەی  یەكشەممە 12-6-2022 مەراسیمی دابەشكردنی خەڵاتی كامەران نەجم لە شاری سلێمانی ئەنجام درا و بەشیك لە هاوڕیكانی و كەسایەتیە سیاسیی و حكومیەكان بەشداریان تیادا كرد.

خەڵاتی كامەران نەجم بەناوی فۆتۆگرافەر و دامەزرێنەری ئاژانسی مێترۆگرافی كامەران نەجمەوە ناونراوە كە 12ی حوزەیرانی ساڵی 2014 لەكاتی رووماڵكردنی شەڕی نێوان پێشمەرگە و چەكدارانی داعش بێسەروشوێن بوو.

لە مەراسیمەكەدا دوو خەڵات دابەشكران، خەڵاتی یەكەم درایە ڤلاجمیر لێگانیور، ‌ فۆتۆ گرافەر لە هایتی، لە ١٤ی ئازاری ٢٠١٨ بێسەروشێن بوو.

هاوكات خەڵاتی دووەمی كامەران نەجم بۆ رۆژنامەوانی بەخشرایە‌ قازی شبلی، كە رۆژنامەنووسێكی كشمیرە، دامەزرینەری دەزگایەكی میدیاییە لە كشمیر.

بۆ رووماڵ چوو بەڵام خۆی بوو بە هەواڵ

كامەران لەگەڵ هاوڕێیەكیدا لەدەستپێكی شەڕی داعش چووە بەرەكانی پێشەوە، ئامانجی بوو رووماڵی بەرەكانی شەڕ بگەیەنێتە ئاژانسەكانی جیهان.

هاوڕێكەی باسی دواین پەیوەندی دەكات

هاوڕێ خالید، هاوڕێی كامەران كە چەند چركەیەك پێش ئەوەی تەقەی لێبكرێت لەگەڵیدا بووە بە هاوڵاتی وت :"پێش ئەوەی بڕوات پێم وت نەڕواتە پێشتر بەڵام ئەو بڕیاری خۆی دابوو، ئیتر ئەوە دوا بینینی كامەران بوو، دواتر كە پێشمەرگە پاشەكشەی كرد، وتیان كەسێك تەقەی لێكراوە و كەوتووەتە دەستی داعش، بەڵام دڵنیا نەبووین ئەوە".

هاوڕێ وتیشی:"دواتر بەرپرسێكی پێشمەرگە دڵنیای كردینەوە كە تەقەی لێكراوە و پاشانیش وێنەگری بەرپرسەكە دیمەنی برینداربوونەكەی پیشانداین".

وەك هاوڕێ دەڵێت:"رۆژێك دواتر كامەران پەیوەندی كرد، بە تەلەفۆنی یەكێك لەچەكدارەكانی داعش پەیوەندی بەهاوڕێیەكیەوە كرد، لەتەلەفونەكەدا وتی من كامەرانم تكایە ژمارەی عەمید سەرحەدم بۆ بنێرن، دواتر وتی لە حەویجەم، پاشان تەلەفۆنەكەیان لێوەرگرت و وتی ژمارەكەمان بۆ بنێرن و پێشی بڵێن ئەگەر هێرش بكاتە سەر مەلا عەبدوڵا ئەوە دەیكوژین".

هاوڕێ ئەوەشی خستەڕوو:"عەمید سەرحەد كە ئەوكات بەڕێوەبەری پۆلیسی قەزاو ناحیەكان بوو لەكەركوك پەیوەندی پێوەكردبوون و دوای چەند خولەكێك لەهەوڵدان بۆ ڕێككەوتن دەبێتە دەمەقاڵەیان و پاشان هەوڵی رێككەوتنەكە شكست دەهێنێت".

ئەحمەد نەجم: هەموو هەوڵی خۆمان داوە چارەنوسی بزانین

ئەحمەد نەجم، برای كامەران نەجم، بەهاوڵاتی وت:"هەموو هەوڵێكی خۆمان داوە بۆ ئەوەی چارەنوسی بزانین، بەڵام بەداخەوە تائێستا هیچ شتێكی نوێ نییە لەبارەی چارەنوسیەوە".

ئەحمەد نەجم وتیشی:"هێشتا هیوامان لەدەست نەداوە بۆ ئەوەی چارەنوسی بزانین".

سكرتێری لقی سلێمانی سەندیكای رۆژنامەنوسان دەڵێت تائێستا حەوت رۆژنامەنوس لەشەڕی داعش لەهەرێمی كوردستان كوژراون

كاروان ئەنوەر سكرتێری لقی سلێمانی سەندیكای رۆژنامەنوسانی كوردستان بە هاوڵاتی وت:" كامەران نەجم یەكێكە لەو رۆژنامەنوسانەی لەجەنگدا بێسەروشوێن بووە ڕەنگە مابێت، چونكە ئێستاش هەندێك كەس لەدەستی داعش ڕزگاردەكرێن یاخود دەردەكەوێت كە ماون، بەپێچەوانەشەوە هەندێك گۆڕی بەكۆمەڵ هەڵدەدرێنەوە پاش چەند ساڵێك مردنی چەند كەسێك ئاشكرا دەكرێت".

كاروان ئەنوەر وتیشی:"كامەران بەدیلی وەك چەندین رۆژنامەنوسی دیكە كەوتووەتە دەستیان، وەك چۆن 24 دیلی پێشمەرگەش كەوتە دەستیان و دواتر هەندێكیان تەرمەكانیان دۆزرایەوە، ئەو رۆژنامەنوسانەی لەهەرێمی كوردستان لەكاتی شەڕی داعشەوە كوژراون ئاشكرایە بەڵام ئەوەی دیل بێت تەنها كامەرانە".

وەك سكرتێری لقی سلێمانی سەندیكای رۆژنامەنوسانی كوردستان دەڵێت:"لەشەڕی داعش دا تائێستا حەوت رۆژنامەنوسی هەرێمی كوردستان كوژراون".

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار