كۆلێرا؛ گەیشتووەتە قۆناغێكی مەترسیدار

بەرێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی: 56 حاڵەتی توشبوون بە كۆلێرا و زیاتر لە دە هەزار حاڵەتی سكچوون و رشانەوە تۆماركراوە

2 ساڵ لەمەوپێش



شەنای فاتیح

ماوەی چەند رۆژێكە ژمارەی توشبوانی سكچوون و رشانەوە كۆلێرا لەهەرێمی كوردستان زیادی كردووە بەتایبەت پارێزگاكانی هەولێر و سلێمانی،  بۆ ئەم مەبەستەش رێكاری توند گیراونەتە بەر و سەوزە لە خواردنگەكاندا و كەلوپەلی شوشە لە چایخانەكاندا قەدەغە كراوە و چاودێَََََََریكردنی سەرچاوەكانی ئاو چڕبووەتەوە.

بەڕێوبەری گشتی تەندروستی سلێمانی: ئەو كەسانەی گیانیان لەدەستداوە پشكنینەكان پشتڕاستیان نەكردۆتەوە كە بەكۆلێرا مردوون

سەباح هەورامی بەڕێوبەری گشتی تەندروستی سلێمانی لەلێدوانێكدا بە هاوڵاتی وت:" لەپارێزگای سلێمانی 56 حاڵەتی توشبوون بە كۆلێرا و زیاتر لە دە هەزار حاڵەتی سكچوون و رشانەوە هەیە، تائێستا ئەو كەسانەی گیانیان لەدەستداوە پشكنینەكان پشتڕاستیان نەكردۆتەوە كەبە كۆلێرا مردوون تەنها منداڵێكی تازە لەدایكبوو پشتراستكراوەتەوە ".

ناوبراو باسی لەوەشكرد كە چارەسەری توشبووانی سكچوون و رشانەوە هاوشێوەی نەخۆشانی كۆلێرا دەكەن و نەخۆشخانەكانی  شار، شەهید د.هێمن و منداڵان تایبەت كراون بەچارەسەری توشبوانی سكچوون و رشانەوە، وتیشی:"هۆكاری سەرەكی سكچون و رشانەوە لەگەڵ كۆلێرا تەنها ئاوی پیسە و گەرما راستەوخۆ پەیوەندی بە نەخۆشیەكەوە نییە و تەنها پەیوەندی بە بەكتریاوە هەیە".

هەروەها دلۆڤان محەمەد بەڕێوبەری گشتی تەندروستی هەولێر رایگەیاند كە لە سنوری پارێزگای هەولێر نۆ نەخۆش گومانی كۆلێرایان لەسەر بوو و پاش پشكنینیان چوار حاڵەتیان پۆزەتیڤ دەرچوون و توشبونیان بە كۆلێرا پشتڕاستكرایەوە، راشیگەیاند:"ئامادەكاری كراوە بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەر ئەگەرێكی نەخوازراوە و رێوشوێنی چاودێریكردنی ئاو و بیرەكانی هەولێر چڕكراونەتەوە.

هاوكات، هەمزە رەزیكی، بەرپرسی راگەیاندنی تەندروستی دهۆك لە لێدوانێكدا بۆ هاوڵاتی، ئەوەی خستەروو كە حاڵەتی سكچوون و رشانەوە لەپارێزگای دهۆك هەیە و رۆژانە نزیكەی 70 كەس سەردانی نەخۆشخانەكان دەكەن بۆ  وەرگرتنی چارەسەری و زۆربەی نەخۆشەكان منداڵن، وتیشی:" نەخۆشخانەی لالاف كە پێشتر چارەسەری توشبوانی كۆرۆنای تێدا دەكرا لەئێستادا تەرخان كراوە بە چارەسەری توشبووانی سكچوون و رشانەوە.

بەڕێوبەری گشتی تەندروستی هەڵەبجە، هێمای بۆ ئەوەكرد كە پێنج كەیسی گومانلێكراوی كۆلێرا لەهەڵەبجە هەبووە بەڵام سەرجەمیان نێگەتیڤ  بووە

ئازاد مستەفا بەڕێوبەری گشتی تەندروستی هەڵەبجە لەلێدوانێكدا بۆ هاوڵاتی باسی لەوەكرد كە نزیكەی هەزارو 700 كەس سەردانی نەخۆشخانەكانی هەڵەبجەیان كردووە بە مەبەستی وەرگرتنی چارەسەری سكچوون و رشانەوە و توشبووەكانیش هەموو تەمەنێك لەخۆدەگرن و "بچوكترین تەمەنی توشبووی سكچوون و رشانەوەی لەپارێزگای هەڵەبجە تەمەنی سێ‌ مانگە."

هاوشێوەی پارێزگاكان لەئیدارە سەربەخۆكانی هەرێمی كوردستاندا رێكار بۆ رووبەڕووبوونەوەی سكچوون و رشانەوە و كۆلێرا گیراوەتە بەر.

لێپرسراوی پتەوكردنی تەندروستی لەخۆپاراستنی تەندروستی گەرمیان ئەوەی خستەروو كە چەند گومانلێكراوێكی كۆلێرایان هەبووەو پشكنینەكانیان نێگەتیڤ دەرچووە و هیچ حاڵەتێكی كۆلێرا لە گەرمیاندا نییە.

ئەدیب عارف لێپرسراوی پتەوكردنی تەندروستی لە خۆپاراستنی تەندروستی گەرمیان لەلێدوانێكدا بە هاوڵاتی وت: لەئیدارەی گەرمیان سكچوون و رشانەوە زیادی كردووە و رۆژانە نزیكەی 100 كەس سەردانی نەخۆشخانەكانی گەرمیان دەكەن،  تووشبووەكان هەموو تەمەنێك لەخۆدەگرن.

هەروەها باسی لەوەشكرد كە نەخۆشخانەی قەڵا كەپێشتر تووشبووانی كۆرۆنای تَێدا چارەسەر دەكرا لەئێستادا تایبەتكراوە بە نەخۆشانی سكچوون و رشانەوە.

لای خۆیەوە، وتەبێژی تەندروستی راپەڕین باسی لەوەكرد كە حاڵەتێكی سكچوون و رشانەوەی توند هەبووە.

پێشڕەو خالید وتەبێژی تەندروستی راپەڕین لە لێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:" سكچوون و رشانەوە تائێستا لەراپەڕن ئاساییە و هاوشێوەی ساڵانی رابردووە ژمارەكە زیادی نەكردووە و گومانلێكراوی كۆلێراش نەبووە و رۆژانە نزیكەی 15 كەس سەردانی نەخۆشخانەكانیان كردووە".

بەڕێوبەری گشتی تەندروستی سۆران ئەوە دووپاتدەكاتەوە كە  حاڵەتی سكچون و رشانەوە لەئیدارەی سۆان هەیە و رۆژانە نزیكەی 200 حاڵەتی سكچوون و رشانەوە تۆماردەكرێت، بەڵام تائێستا هیچ حاڵەتێكی كۆلێرا تۆمارنەكراوە.

شاكر عبدالرحمان بەڕێوبەری گشتی تەندروستی زاخۆ پێیوابوو كە تائێستا حاڵەتەكە نەگەیشتۆتە ئەوەی لۆد لەسەر نەخۆشخانەكانی زاخۆ دروستببێت، وتیشی:" تائێستا هیچ گومانلێكراوێكی كۆلێرا نییە و رۆژانە نزیكەی 15 كەس سەردانی نەخۆشخانەكانی زاخۆ دەكەن.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار