سەنتەری میترۆ: مافی زانین مەرجی گرنگی حوكمداری باشە

2 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی
سەنتەری میترۆ بۆ داكۆكیكردن لە ئازادی رادەربرین و رۆژنامەوانی، دەڵێن چاودێری هەردوو بڕیاری هاوكاریكردنی دەزگاكانی راگەیاندن و كاراكردنی یاسای مافی دەسكەوتنی زانیاری دەكەن كە حكومەتی هەرێمی كوردستان بڕیاری لەسەرداوە.

كە لە كۆبونەوەی رۆژی چوارشەممە 22 ی حوزەیرانی 2022 ، بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێم و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەت ، كۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان بەڕێوەچوو.

لە بەیاننامەیەكدا سەنتەری میترۆ ئاماژە بەوە دەدات:" بە پێی راگەێنراوی رەسمی كۆبونەوەكە سەرۆك وەزیران بە ئاماژەكردن بە دیدارەكەی لە گەڵ دەزگاكانی ڕاگەیاندنی كوردستان، وەزارەت و بەرپرسانی حكومەتی ڕاسپارد، هاوكاری زیاتری دەزگاكانی ڕاگەیاندن بكەن و ئاسانكاری پێویستیان پێشكەش بكەن و زیاتر زانیاری و ڕوونكردنەوە دەربارەی كار وچالاكییەكانی حكومەت بە دەزگاكانی ڕاگەیاندن و ڕای گشتی كوردستان بگەیەنن، ئەمەش بەشێكە لە كارنامەی حكومەت لە ڕووی شەفافیەت و ئاگاداركردنەوەی ڕای گشتی".

هەروەها ئەوەیان خستۆتەروو كە پاشان قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران، سەرەڕای پشتگیریكردنی لە وتەكانی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران، پێشنیاری كاراكردنی یاسای مافی دەسكەوتنی زانیاری لە هەرێمی كوردستان، ژمارە 11 ی ساڵی 2013 كرد، ئەویش لە ڕێگەی دەركردنی ڕێنمایی ئاسانكاریی جێبەجێكردنی یاساكە لە لایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە، بۆ ئەوەی بە شێوەیەكی سیستماتیك، بابەتی پێدانی زانیاریی دروست، بە ڕۆژنامەنووسان و هاووڵاتییان  ڕێك بخرێتەوە.

سەنتەری میترۆ دەڵێن كە لە رۆژی دامەزراندنییەوە لە 11ی ئابی 2009، چاودێری جێبەجێكردنی یاسای ژماە 35ی ساڵی 2007 یاسای رۆژنامەگەری لە كوردستان و پاشانیش لە رۆژی دەرچوونی یاسای ژمارە (11)ی ساڵی 2013 یاسای مافی دەسكەوتنی زانیاری لە هەرێمی كوردستان دەكەن داوای دەركردنی رێنماییان بۆ یاساكە كردوە كە كراوە بە ئاستەنگ لە بەردەم جێبەجێكردنیدا.

هاوكات ئەوەش دووپاتدەكەنەوە كە جەخت لە هەڵوێستەكانی رابردوویان دەكەنەوە: "مافی زانین مەرجی گرنگی حوكمداری باشە، پەیوەندی نێوان مافی زانین و دیموكراسیەت لەیەكتر جیاناكرێنەوە، مەبەستمانە بەشداری گشتی لە بڕیاردا هەبێت و هاوڵاتیان بێبەشنەكرێن لە بڕیارە گرنگەكان. ئەمەش لە ئەنجامی زانیاری دروستەوە بەرجەستە دەبێت".

سەنتەری میترۆ لە كاتێكدا كە پێشوازی لە بریارەكانی كۆبونەوەی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەكات لە هاوكاریكردنی دەزگاكانی راگەیاندن و كاراكردنی یاسای مافی دەسكەوتنی زانیاری لە هەرێمی كوردستان،  ژمارە 11 یساڵی 2013 ، چاودێری جێبەجێكردنی ئەم دوو بریارە دەكات كە لە ئەگەری لادان و جێبەجێنەكردنیان راپۆرتی چاودێری خۆی لەم بارەیەوە بۆ رای گشتی رادەگەیەنێت.
سەنتەری میترۆ لە ئابی 2009 بە هەوڵی كۆمەڵێك رۆژنامەنوس و بەرگریكاری مافی مرۆڤەوە، بە هاوكاری رێكخراوی  پەیمانگای رۆژنامەنوسانی جەنگ‌و ئاشتی IWPR  ی ئەمریكی دامەزاروە، لەو كاتەوە 11 راپۆرتی دەربارەی رەوشی ئازادی رۆژنامەگەری بڵاو كردۆتەوە. 
لەسەرەتای دامەزراندنیەوە لە رێگەی پرۆژەوە هەریەك لە  رێكخراوەكانی پەیمانگای رۆژنامەنوسانی جەنگ و ئاشتی (IWPR) و رێكخراوی گەلی نەرویژی (NPA) و پاڵپشتی میدیای نێودەوڵەتی (IMS)،   Gulf Center for Human Rights، پاڵپشتی كردوە. میترۆ بۆ ساڵی 2021 چوار پرۆژە بە هاوكاری وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا، رێكخراوەكانی IMSی دەنیماركی و رێكخراوی  Intenews ، جێبەجێكرد.
 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار