سوپاكەی ئەردۆغان تەرمی بیست سەربازی لەزاپ پێ كۆناكرێتەوە
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
ترس و تۆقین لە قەناسی گەریلا وای لە سوپاكەی ئەردۆغان كردووە بە فرۆكەو تەكنەلۆژیای پێشكەوتووش ناتوانن تەرمی سەربازەكانیان كۆبكەنەوە.
گەریلاكان لە ئەشكەوتی برینداران ڕایانگەیاند نزیكەی ٢٠ ڕۆژە بەلانیكەمەوە تەرمی بیست سەربازی سوپای توركی داگیركەر لە بەردە كون لە هەرێمی زاپ بەجێماون و سوپای تورك لە توانایدا نییە كۆیان بكاتەوە.
لە ناوەڕاستی مانگی نیسانی ئەمساڵەوە، دەوڵەتی هێرشێكی نوێی داگیركاری بۆسەر هەرێمی كوردستان دەستپێكردووە، لەوكاتەوە تائێستا جەنگێكی قورس لە نێوان گەریلاكانی ئازادیی كوردستان و سوپای داگیركەری توركدا بەڕێوەدەچێت.
"سەربازانی سوپای تورك بە هەڵدانی چەتر و لەبەركردنی جلوبەرگی دژە باران، هەوڵیاندا لە ناوچەكە ڕابكەن بۆ ئەوەی نەبنە ئامانجی هێزەكانی گەریلا، بەڵام سەربازانی تورك نەیاندەزانی چەتر لە جەنگدا بەكاربهێنن و كاتێكیش ڕایاندەكرد، دەبوونە ئامانج، راگەیاندنی هەپەگە وا دەڵێن.
هەروەها ئەوە دووپاتكراوەتەوە كە "سەربازانی سوپای تورك كوژراوەكانی خۆیان بەرەو بەردە كون برد، لە شوێنێكی دوور لە زنجیرە چیاكان، كە تونێلی جەنگیان تێدا دروست كراون، ناچاربوون بڵاوە بكەن".
گەریلاكان لە ئەشكەوتی برینداران ڕایانگەیاند، لە بەردە كون زیاتر لە ٢٠ تەرمی سەربازان هەیە، كە بە حەسیر و جلوبەرگی دژە بارانی شاردونیانەتەوە تاوەكو لە سروشتدا بە ئاسانی نەبینرێن.
بەهۆی ئەوەی گەریلاكان ڕێگەیان نەدا هەلیكۆپتەرە سكۆرسكییەكان بچنە ناوچەكە، ماوەی ٢٠ ڕۆژە تەرمی سەربازەكان لە ناوچەی بەردە كون بەجێماون.
"سوپای تورك نەیدەوێرا لە ناوچەكە پێشڕەویی بكات و تەرمەكانی بباتەوە و لە هەوڵەكانیدا شكستی هێنا، بۆیە جەردەوانان (جاش)ەكانی بۆ كۆكردنەوە و بردنەوەی تەرمی سەربازەكانی خستە كار، بەڵام هەرچەندە هەوڵیدا جەردەوانەكانیش نەیانتوانی تەرمەكان ببەنەوە و لەوەشدا سەركەوتو نەبوون".
سوپای تورك لەبارەی چارەنووسی ئەو سەربازانەوە هیچ لێدوان و ڕاگەیاندراوێك بڵاوناكاتەوە، كە هێناونی بۆ ناوچەی ئەشكەوتی برینداران لە زاپ، بە پێچەوانەوە بۆ شاردنەوەی ژمارەی كوژراو و بریندارەكانی لە ناوچەكە، هەمیشە هەواڵی ساختە بڵاودەكاتەوە.