شینزۆ ئابی گیانیلەدەستدا
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
لەكاتی پێشكەشكردنی وتارێكدا بۆ لایەنگرانی بەمەبەستی بانگەشەی هەڵبژاردن، دەستڕێژی گولە لە شینزۆ ئابی سەرۆك وەزیرانی پێشوی ژاپۆن كرا و بە سەختی برینداركرا، دوای چەند كاتژمێرێك مانەوە لە نەخۆشخانە گیانیلەدەستدا.
شینزۆ ئابی كە تەمەنی لە سەرەتاكانی ٦٧ ساڵیدایە لە كاتی پێشكەشكردنی وتاری بانگەشەی هەڵبژاردندا لە شاری نارا تەقەی لێكرا و دواتریش، میدیاكان بڵاویانكردەوە تەقەكەرەكە دەستگیر كرا كە سەربازێكی ٤٠ ساڵی خانەنشین بووە.
شینزۆ ئابی لە خێزانێكی سیاسی لە دایك بووەو لە ساڵی ١٩٨٢ دەستی بە كاری سیاسی كردووە و و یەكەم پۆستیشی لە حكومەتدا یاریدەدەری وەزیری دەرەوە بووە و لە ساڵی ١٩٩٣ بووەتە ئەندام پەرلەمان.
ئابی لە ساڵی ٢٠٠٣ وەك سكرتێری گشتی حیزبی لیبڕاڵی دیموكراتی هەڵبژێردرا و لە ٢٠٠٦ بووە سەرۆكی ئەو حیزبە، دواتر لە تەمەنی ٥٢ ساڵیدا وەك سەرۆك وەزیرانیا یابان هەڵبژێردرا.
دوای ساڵێك لە وەرگرتنی پۆستی سەرۆك وەزیران بە هۆی خراپی دۆخی توندروستییەوە دەستی لە پۆستەكەی كشاندەوە و دوای ئەوەش حیزبەكەی زۆربەی كورسیەكانی پەرلەمانی لەدەستدا، لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی، ئابێ هەڵوێستێكی تووندی بەرامبەر كۆریای باكوور پێشاندەدا، بەڵام لە هەمانكاتدا، هەوڵی نێوەندگیری لە نێوان ئەمریكا و ئێران دەدا.
ئابی پەیوەندییكی تایبەتی نزیكی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی پێشووی ئەمریكادا هەبوو و هەوڵی دەدا بەرژەوەندییەكانی ژاپۆن لە سیاسەتی "ئەمریكا پێش هەموو شتێك"ـی ترەمپ بپارێزێت.
لە ساڵی ٢٠١٢دا دووبارە ئابی وەك سەرۆك وەزیرانی ژاپۆن هەڵبژێردرایەوە و لە ساڵی ٢٠١٤ش دووبارە بەسەر ركابەرەكانیدا سەركەوت و لە پۆستەكەیدا مایەوە.
گیانلەدەستدانی ناوبراو كاردانەوەی لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی بەدوای خۆیدا هێناو لەوبارەیەوە ئیمانوێل ماكرۆن، سەرۆكی فەرەنسا رایگەیاند، ئەو هێرشە ناشرینە كراوەتەسەر شینزۆ ئابی هەمووانی شۆكی كردووە، بۆیە فەرەنسا پاڵپشتی لە گەلی ژاپۆن دەكات.
هاوكات، بۆریس جۆنسن، سەرۆكوەزیرانی دەستلەكاركێشاوەی بەریتانیا رایگەیاند، " ئەم رووداوە نیگەرانی كردوین، بۆیە لەم كاتە خەمناكەدا بەریتانیا لە پشتتان دەوەستێت."
بە هەمن شێوە ماتیوسز مۆراویكی، سەرۆكوەزیرانی پۆڵەندا رایگەیاندوە، ئەمە رووداوێكی شۆكهێنەرەو هەموان خەم دەردەبڕن.