عیراق بەرەو کوێ؟
2 ساڵ لەمەوپێش
دڵشاد تاڵەبانی
رژێمی سەدام و بەعس بەئاسن و ئاگر و ترس و تۆقاندن کاریان دەکرد، بەڵام جەنگە ماڵوێرانکەریەکان و سەرکوتکردنی سیاسی و نەتەوایەتی و مەزهەبی لێ دەربکە . ئەوەی هەقی بەسەر هیچەوە نەبوایەو کاری سیاسی نەکردبایە، هەقیان بەسەرێوە نەبوو. دەیتوانی بژێت و تا جەنگی عێراق – ئێران ، باری ئابوری خەڵک زۆر باش بوو ، هەموو شت لەعێراق هەبوو. دراوەکەشی زۆر بەهێز بوو ، کەس لە بواری ئابوری و بژێوی و ژیانەوە خراب نەبوو و تا رادەیەکیش هەرزانی بوو ، بە بازاڕە حکومیەکانی ئۆروزدی، شەریکەی ئەفریقی و نوسینگەو وەکیلە کشتوکاڵیەکانی ژێر چاودێری حکومی و تەنانەت نەوەک هەر تۆو و دەرمان و پێداویستی بە نرخی داشکاو دابەش دەکرا، بەڵکو هەموو جۆرە ئامێر و مەکینە و تەنانەت ئەتۆمبیلی باری کشتوکاڵیش بە نرخی زۆر گونجاو دابەش دەکرا.
بۆ مەبەستە گشتیەکان ( جگە لەمەبەستی سیاسی ) یاسا کاری خۆی دەکردو خەڵک دەیتوانی تا رادەی زۆر داکۆکی لە مافی تایبەتی خۆی بکا ت و پارێزراو بوو، رێگا نەدەدرا بەگەندەڵی بەرچاو ( رەنگە بنەماڵەی سەدام دەوڵەمەند بووبێتن و زۆرتر سەروەتیان کۆ کردبێتەوە) بەڵام نەوەک لە بودجەی فەرمی عێراق و هەرگیز لەگەڵ ئەوەی ئێستا و ماوەی ٢٠ ساڵە لە هەموو عێراق و زیاتر لەو ماوەیە لەکوردستان کراوە ، بەراورد ناکرێت . ئێستا زۆربەی بە ئاشکراو بەچەندین جۆر تاڵانی و فەرهود دەکرێت . هەر لەسەرەوە تا خوارەوە و بۆ هەموو شت و هەموو بوارەکان . سەرکوتکردنی سیاسی و مەزهەبی و نەتەوایەتیش بەزەقی دیارەو دەتوانم بڵێم کەمتر نیە لەجاران ، باسی دیموکراتی هەر مەکە. لای کەمی ئەو کاتە دوو بەرە هەبوو بەرەی خەڵک و بەرەی دیکتاتۆری ئاشکراو سۆزی رای گشتی جیهانی لەگەڵ خەڵک بوو و ئومێد هەبوو بۆ راماڵینی ئەوان و باشبوونی بارەکە.
ئێستا ئەوەندە خەڵک کەرت کراوەو تیکەڵ بووە کە کەس نازانێت چی بەسەر دێت و بەرەو کوێ دەڕوات . ئەو کاتە لە عێراق یەک بنەماڵە حوکمی دەکرد و زۆرجار سەدام بەری لێ دەگرتن و لەمپەری دادەناو بە ئاشکراش لە هەموو جیهان دژی ئەو سیستەمە بوون، بەڵام ئێستا دەیان بنەماڵە دروست بوون کە هەر یەکە بەشێوەیەک بۆ خۆی حوکمڕانی دەکات و دەسەڵاتی هەیە و خەڵک کۆ دەکاتەەوە و خۆی دروست دەکات و نیوچە میرنشینێکی میراتگەری سەقەتی ستەمکاری بێ ئەزموون بە وێژدانی ناوچەیی بەناو حزب و لایەن و کەسایەتیەوە دادەمەزرێنێت و حساب بۆ خەڵک ناکات. جاران ئاغا و خاوەن موڵکەکان ئەوەندەیان لە جوتیارو خەڵکی گوند وەردەگرت ، کە ئەوانیش بتوانن بژین و زۆریشی دەوڵەمەنیش دەبوون (کە ١٥٪ ی بەرهەم لە دانەوێلە تا ٣٠٪ لەهێندێکی تر ). لە زۆربەدا ئەوانیان بەرامبەر بەدەرەوە و حکومەتیش دەپاراست، لەخۆشی و ناخۆشی لەگەڵ یەک بوون ، ریگایان لێ نەدەگیراو لە یەک مەجلیس کۆدەبونەوە ، سەروەت و سامان و عەرزو ناموسی خەڵکیان لا پیرۆز بوو دەپارێزرا....) ، بەڵام ئێستا دەبینرێت ئاغا نوێیەکان چی دەکەن و چۆن لەگەڵ خەڵک هەڵسووکەوت دەکەن. ئەم بارە بەدڵنیایەوە بەردەوامی نابێت و هەتا هەتایی نیە و هەموو شت پەنگی خواردەوە دەتەقێتەوە . ئەو کاتەش نە هێز ، نە سەروەت و نە هیچ بەرگەی ناگرێت، رەنگە کەسوکاریشیان ببن بە قوربانی تەقینەوەی ئەو توڕەبوونە ، لەبەرئەوەی هەموو شتێک سنورێکی هەیە و پاشان لەدەست دەردەچێت . ئەوەی سریلانکاو شوێنی تریش دەلیلە بۆ ئەوە . دەبێت ئیتر هەموو لایەن و سیاسەتمەدارانی عێراق بە کوردستانیشەوە بیربکەنەوە . خۆیان چاک کەن ، یان ئەو رق و کینە پەنگخواردوە ، نەوەک هەمووی دەماڵێت ، بەڵکو تەڕو وشک پێکەوە دەسوتێت.
لەعێراق رووداوەکان بەخێرایی و بەشێوەی دراماتیکی دەگۆڕین . یان دەبێت بەخێرایی حکومەتێکی تەکنوکراتی دەستپاکی بەئەزمونی دوور لەوەلاء بۆ هیچ لایەک، بەکوردستانیشەوە دامەزرێت. لێپرسینەوەو گەرتنی هەموو گەندەڵکاران، هەڵوەشاندنەوەی هەموو میلیشیا تایفی و حزبی و کەسایەتیەکان، رێگاگرتن لەدەستێوەردانی دراوسێکان، دابەشکردنی سەروەت و سامانی عێراق بەبێ ناوچەو خەڵک و پێداویستی و بەعەدالەت بۆ خزمەتی خەڵک ، دانانی بنەمایەکی ئابوری پتەو. پەیرەوکردنی راستەقینەی فیدراڵی یان سیستەمی کۆنفدراڵی بە ٣ -٤ هەرێم : کوردستان ، ناوەراست ( ناوچەی سوننە) ، باشور ( ناوچەی شێعە) . یان کەرکوکیش وەک هەرێمێکی هاوبەش لەسەرەتادا تا ئەنجامدانی ریفراندۆم تێیداو زانینی رێژەی پێکهاتەکان و لەبەرچاوگرتنی ویستی خۆیان . یاخود خراپتری لێدێت و زیاتر دەبێتە شوێنی یەکاڵاکردنەوەتی ململانێکانی دەوڵەتان، گەندەڵی و سەرکوتکردن و هەرکەس بۆ خۆی زیاتر دەکات ، عێراقیش لەیەک دادەترازێت، بەڵام نەوەک بەشێوەی دیموکراسیانە وەک چەند وڵات ( یۆگسلافیای کۆن، چیکوسلافیا ...) ، بەڵکو بەشەڕو کوشتاری زیاترو لەناوچوونی هەموو ئیمکانیاتە مرۆیی و سەروەت و سامانەکان و داڕوخانی تەواوی.