پارادۆکسی فیمینیزم و دوورەپەرێزی بەشێک لەچالاکانی ژنی کورد لەئەوروپا

2 ساڵ لەمەوپێش



 

سیاوەیش گۆدەرزی

لەشۆڕشی ژن لە باکوورو رۆژئاوای کوردستان لەم رۆژانەدا سێ لەفەرماندارانی ژن لەڕۆژئاوای کوردستان ژیان تۆلهەڵدان، رۆژ خاپوور و بارین بۆتان بەهۆی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی تورکیاوە گیانیان بەخت کردو چوونە ریزی هەزاران ژنی دیکەی شەڕڤانی ئازاو گیانبەختکردوو. 

بۆچی هەواڵێکی وا گرنگ و دڵتەزین دەبێتەهۆی کاردانەوە لەلای چالاکانی ژن لەجیهان بەڵام ژمارەیەکی دیاریکراوی چالاکانی ژن لەباشوورو رۆژهەڵات لەئەوروپا دانەچڵەکێنێ؟ ئەم دووڕووی و پۆشینی ماسکە چییە بەرانبەر پرسێک کەڕاستەوخۆ پەیوەندی بەخاک و دۆزی ئەوانەوە چ وەک ژن و چ وەک چالاکی کوردی فیمینیستی هەیە. ئەم خۆنەبانکردنە لەم چالاکە کوردانە دەبیندرێ جێگەی پرس و رامانە . ژن کۆڵەکەی هەرە قایم و بنەمای پێکهێنانی بزووتنەوەی ئازادی لەبواری فیزیکی و فکری لەباکوور و رۆژئاوای کوردستانە.

بزووتنەوەیەکی ئازادیخوازی نوێگەراییانەی شۆڕشگێڕانە کە لە سەر سێ بنەمای ئازادی و یەکسانی ئەتنیکی و رەگەزی، فیمینیزم و ژینگەپارێزی دامەزراوە.  بەرخۆدانی شەڕڤانانی ژن لەڕۆژئاوای کوردستان لەبەرانبەر بیرۆکەی دژەژنی ئیسلامیزم و داعشدا، بوون بەهۆی سەرسامی گشت جیهان لەو لاشەوە هزری خۆسەری دیمۆکراتیک وەک مۆدێلێکی نوێی پێکەوەژیانی هەموو مرۆڤەکان بەبێ هەڵاواردنی ئەتنیکی، رەگەزی و مەزهەبی و لەسەرەوەی هەمووش ئازادی ژن بووە جێی هیواو ئومیدی گرووپە لەقەراخ خراوەکان لەئەوروپاوە بگرە هەتا ئەمەریکای لاتین. 

ئەوانەی لەم ساڵانەی دواییدا سەردانی باکوورو رۆژئاوای کوردستانیان کردووە، بوون و حزووری گرووپە لەقەراخخراوەکان لەچالاکانی فیمینیزم و جەندەری و کوییرەوە بگرە هەتا ئەنارکیست و ژینگەپارێز لەئەمەریکای لاتین، هیندووستان، ئیسرائیل و فەلەستین و باکووری ئەمەریکا و ئەوروپا دیوە. ئەمانە لەباکووری کوردستان لەسۆسیال فورۆم و کۆنفرانسەکانی هەدەپەدا هەتا شەڕی شارەکان لە ٢٠١٥ بەشداربوون و لەڕۆژئاوای کوردستانیش تەنانەت لەشەڕی دژ بەداعشدا بەشدار بوون.  لەولاشەوە چی ئاکسیۆن و خۆپیشاندانی گرێدراو بەدۆزی کورد لەباکوورو رۆژئاوای کوردستان لەئەوروپا و ئەمەریکا بووە، ئەوە هەمان گرووپە لەقەراخخراوەکان لەڕیزی یەکەمدا بەشداری چالاکانەیان کردووەو دەکەن. 

لەدوا خۆپیشاندان لەستۆکۆڵم لەڕۆژی ٩ی جولای لەدژی رێکەوتننامەی دژەکوردی سێقۆڵی سوید، فینلەندو تورکیا، چالاکانی سویدی لەهەموو چین و توژێک بەتایبەت چالاکانی گەنجانی سویدی لەڕیزی پێشەوە بوون. بەڵام خەبەرێک لەبوونی ژنە چالاکانی کورد لەپەنای هەمان چالاکانی سویدی کە لە پراید و خۆپیشاندانەکانی دیکە دەبیندرێن، نەبوو؟ ئەوانەی خۆیان بە دوور دەگرن و لەگەڵ هاوڕێ سویدی، فەرەنسی، ئەمەرکییەکانیاندا لەهەمان گرووپە لە قەراخخراوەکان بەشداری ناکەن چالاکانی ئیتنیک کوردن بەتایبەت چالاکانی فیمینیزم و کوییرو یەکسانی رەگەزی لە باشوورو رۆژهەڵاتی کوردستان لەئەوروپا.

ئایا ئەم دوورەپەرێزی و خۆگنخاندنە لەڕووی نەزانینەوەیە؟ یان هۆکاری دیکەی هەیە؟ پێموابێ نەزانین و نائاگایی هۆکارێکە بەتایبەت بۆ ئەو چالاکە کوردانەی کە چوونەتە نێو قەواغی خۆیان و لەخۆیان و گرووپی خۆیان زیاتر شتی دیکە نابینن. ئەوان رەنگە بزانن لەکامە شارو لە کامە رۆژ پراید لەوڵاتانی ئەوروپایی هەیە بەڵام ئاگایان لەوە نییە کە هەدەپە یەکەم پارتە لەئاستی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا کە مافی یەکسانی رەگەزی لەپەیرەوەری پارتەکەیدا چەسپاندووە. کامە فیمینیست لە جیهان هەیە بەڕۆڵ و پێگەی ژنانی ڕۆژئاوای کوردستان سەرسام نەبێ؟ ئەی ئەو ژنە چالاکە کوردانە کە ئەدەبیاتی فیمینیستی دەخوێنەوە ئایا ئاگاداری ڕاپۆرتەکانی دبی بوکچین Debbie Bookchin لەڕۆژئاوای کوردستانەوە هەن و خوێندوویانەتەوە؟ ئایا کامە بزووتنەوە لەجیهان تەلەڤزیۆنێک تەنیا بۆ ژن و پرسی ژن تەرخان دەکا؟ ئایا ئەو چالاکە کوردانە لەبوونی پێگەیەکی وا ئاگادارن؟ لەهۆکاری نائاگایی و نەزانین بەو لاوە دەکرێ ئاماژە بەچەند شتی دیکە بکرێ:

دەزانین هەمیشە پرسی ژن بە تایبەت لەباشووری کوردستان لە لایەن ژمارەیەک چالاکی ژنی هەلپەرەستەوە کە بەزۆری لەئەوروپان بۆ بەرژەوەندی شەخسی بەکارهاتووە. بە دیاریکراوی ئەمانە ئەو ژنانەن کە بەپشتکردن لە پرسی ژن بەڵام بەناوی پرسی ژن و فیمینیست دووکانیان لەبارەگای سەرۆکی خێڵ و عەشیرەتی دژبەژن داناوەو هەتا پلەی راوێژکاری کاربەدەستە خێڵکەکی و نێرسالارەکانی کوردستان خۆیان نزم کردۆتەوە. دیارە حیسابی ئەمانە جیایەو کەس چاوەڕێی لەوانیش نییە.

هۆکارێکی دیکە، پارادۆکسی چالاکی ژن بوون و هاوکات هاوئاهەنگی یان تەنانەت هاوکاری لەگەڵ حکومەتی دژە ژنی هەرێمە. ناکرێ لەئەوروپا چالاکی فیمینیست بی و هاوکات لەبەرانبەر بەرپرسیارییەتی عەشیرەتی حکومەتی عەشیرەتی کوردی لەو جەهەندەمەی بۆ ژنانیان لەکوردستانیان پێکهێناوە، بێدەنگ بی. بێدەنگی ئەوە نییە لەکوشتنی ژناندا وێنەیەک لەتۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاو بکەیتەوەو بۆ ژنانی کورد داخ و کەسەر هەڵڕێژرێ. ئەوەی لێرەدا پێویستە سنووربەندییەکی قایم و حاشا لەعەقڵی خێڵە. هەتا ئێستا هەڵوێستی بەکردەوەو سنووربەندییەکی ئاشکرا ریزی چالاکانی ژنانی لەحکومەتی خێڵەکی دژەژن جیانەکردۆتەوە. هیچ متمانەیەک نامێنێ کە تۆ لە ئەوروپا چالاکی فیمینیزم و کوییرو یەکسانی رەگەزی بی و لەکوردستان سەرت بۆ حوکمی خێڵ و عەشیرەتی دژەژن نەوی کردبێ؟

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار