چین بۆ تایوان: مانۆڕە سەربازییەکانمان بەردەوام دەبن

2 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

وەزارەتی بەرگری چین رایگەیاند، مانۆڕە سەربازییەکانی لە دەورووبەری تایوان کە دوای سەردانی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا، نانسی پێلۆسی بۆ ئەو دوورگەیە دەستی پێ کرد و بڕیار بوو دوێنێ تەواو ببن، ئەمڕۆیش بەردەوام دەبن، ئەمە لەکاتێکدایە نیوەڕۆی دوێنێ کاتی ئەنجامدانی مانۆڕەکان تەواو بوو، بەڵام لەبارەی کۆتاییهاتنی کاتی مانۆڕەکەوە راگەیەندراو بڵاو نەکرایەوە.

لەوبارەیەوە فەرماندەیی بەرەی رۆژهەڵات لە سوپای رزگاریخوازی میللی چین رایگەیاند کە لە مانۆڕە سەربازییەکانی ناوچە ئاوییەکانی دەورووبەری دوورگەی تایوان، "سەرنج دەخرێتە سەر تێکشاندنی ژێرئاوگەڕ و هێرشکردنە سەر کەشتی لە ئاسمانەوە".لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بە شوێنی ئەنجامدانی مانۆڕەکان و کاتی کۆتایی هاتنیان نەدراوە.

چین پێشتر رایگەیاندبوو کە مانۆڕەکان لە شەش ناوچە ئەنجام دەدرێن و لە چواری ئاب دەست پێ دەکەن و لە حەوتی ئاب تەواو دەبن.

هەفتەی رابردوو نانسی پێلۆسی لەگەڵ پێنج ئەندامی کۆنگرێسی ئەمریکا سەردانی تایوانی کرد و ئەمەیش کاردانەوەی توندی چینی بەدوادا هات و بووە هۆی تەشەنەسەندنی گرژییەکانی نێوان ئەمریکا و چین. بەم جۆرە نانسی پێلۆسی بووە یەکەمین سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا کە دوای ٢٥ ساڵ سەردانی ئەو دوورگەیە بکات. پێشتر لە ١٩٩٧ کاتێک نەوت گرینگیچ ئەو پۆستەی هەبوو سەردانی تایوانی کرد.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار