ڕۆژنامهیهکی بهریتانی: ئەمەریکییەکان پێشبینی شەڕی ناوخۆ دەکەن
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
بە گوێرەی هەواڵێکی رۆژنامەی گاردیانی بەریتانی، پەرەسەندنی بێمتمانەیی بە دامەزراوە سیاسییەکانی ئەمەریکا ئاماژەیە بۆ ئەوەی، رەنگە ئەو وڵاتە لە لێواری ململانێیەکی نوێی ناوخۆییدا بێت.
(د.گارین وینتێموت) دامەزرێنەری سەنتەری کالیفۆرنیا بۆ لێکۆڵینەوە لە توندوتیژی چەك، بە رۆژنامەی گاردیانی راگەیاند،لە ئەنجامی راپرسییەکی سەنتەرەکە کە لە مانگی تەمووزدا کراوە دەرکەوتووە لە سەدا 50ـی ئەمەریکییەکان پێشبینی شەڕی ناوخۆ دەکەن لە چەند ساڵی داهاتوودا و، لە هەر پێنج هاووڵاتییەکی ئەمەریکا یەکێکیان پێیوایە توندوتیژی سیاسی لە هەندێک بارودۆخدا رەوایە.
د.گارین وتیشی: 40%ی ئەمریکییەکان پێیانوایە هەبوونی سەرکردەیەکی بەهێز بۆ وڵاتەکە لە مانەوەی دیموکراسی گرنگترە. هەروەها هەڵکووتانە سەر ماڵی سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا، دۆناڵد ترەمپ لەلایەن (ئێف بی ئای)ـەوە، بەهۆکارێك بۆ هاندانی زیاتری توندوتیژی دەزانێت.
لە ئەنجامی ئەمانەدا راشیل کلانفید، توێژەر و پسپۆڕی ململانێی مەدەنی، باسی لەوەکرد، سیستەمی سیاسی لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا گەرەنتی ئەوە نادات کە هیچ ململانێیەکی توندوتیژ لەو وڵاتەدا روونەدات. کلانفید جەختیشیکردەوە لەوەی، "ئەگەر دامەزراوەکانمان لاواز ببن، دەشێت مێژوو جیاواز بێت".
ئەو توێژەرە وتیشی: دەبینیت سێ بۆ پێنج ملیۆن ئەمەریکی هەن کە ئامادەن ئازاری ئەمەریکییەکانی دیکە بدەن بەهۆی بیروباوەڕی سیاسییانەوە، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی، خەڵکی ئەمەریکا زۆر نائومێدن لە دیموکراسی "
جێگەی باسه کە فرۆشتنی چەک بەشێوەیەکی بەرچاو لە ناوخۆی ئەمەریکا زیادی کردووە.