بهغدا: سێ بەرپرسی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەی عێراق بە شەش ساڵ زیندانی سزادران
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
لهڕاگهیهندراوێکدا دەستەی دەستپاکیی عێراق رایگەیاند، سزای شەش ساڵ زیندانیکردن بۆ سێ بەرپرسی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن و شارەوانییەکانی عێراق دەرچوو.
لهو ڕاگهیهندراوهدا که ئهمڕۆ چوارشەممە دهرچووه فەرمانگەی لێکۆڵینەوەکان لە دەستەی دەستپاکیی فیدراڵی بڵاویکردەوە، دادگەی ناوەندی تاوانەکانی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی، سزای شەش ساڵ زیندانیکردنی بەسەر هەریەک لە بریکاری وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن و شارەوانییەکان، پشکێنەری گشتی لە وەزارەت و بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی پلادانان و بەدواداچووندا سەپاند.
ئەو سێ بەرپرسەی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەی عێراق کە لە راگەیێندراوەکەی دەستەی دەستپاکی ناویان نەهاتووە، بەپێی ماددەی 340 لە یاسای سزادانی عێراقی، سزادراون. ئەوان تۆمەتی ئەوەیان دراوەتە پاڵ کە بە پێچەوانەی یاسا، کاتی زیاتریان داوەتەوە کۆمپانیای جێبەجێکاری پڕۆژەی نوێکردنەوەی دیزاینی بنەڕەتی شاری نەجەف.
فەرمانگەی لێکۆڵینەوەکان لە دەستەی دەستپاکیی فیدراڵی دەڵێت، دادگە دوای سەیرکردنی بەڵگە و سەلماندنەکانی تایبەت بەو دۆسیە، گەیشتە بڕوای تەواو کە ئەوانە "تاوانبارن"، بۆیە بە شەش ساڵ زیندانیکردن سزای داون.
بەپێی ماددەی (340) لە یاسای سزادانی عێراقی، هەر فەرمانبەر یان هەر راسپێردراوێك بە خزمەتی گشتی بە ئەنقەست زیان بە سامان و بەرژەوەندیی ئەو شوێنە بگەیێنێت كە كاری تێدا دەكات، ئەوە بە زیندانیکردن سزادەدرێت بە ماوەیەك کە لە حەوت ساڵ زیاتر نەبێت.
رۆژی 10-8-2022، عەلا جەواد، سەرۆکی دەستەی دەستپاکیی عێراق لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند: "لە دەستەی دەستپاکی 14 هەزار و 797 دۆسیەمان لایە، حەوت هەزار و 737 کەسیان تۆمەتبار کراون، سێ هەزار و 871 کەس دۆسییەکانیان براوەتە دادگە و دەبێت ئامادەبن بۆ لێکۆڵینەوە، هەروەها 731 فەرمانی دەستگیرکردنیش دەرچووە."