ڕوانگه‌ی سوری: مانۆڕە سەربازییە هاوبەشەکانی نێوان هاوپەیمانان و هێزە کوردەکانی سووریا زیادی کردووە

2 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی


له‌ڕاپۆرتێکدا ڕوانگەی مافی مرۆڤی سووریا باس لە زیاتر بوونی مانۆڕە سەربازییە هاوبەشەکانی نێوان هاوپەیمانان و هێزەکانی سووریای دیموکرات دەکات ئەوەش هاوکات لەگەڵ زیاتر بوونی گرژییەکانی نێوان کوردەکان و تورکیا.

 لە راپۆرته‌که‌دا ئاماژەی بە ئەنجامەکانی پەرەسەندنی گرژیی نێوان هێزە کوردیەکان و سوپای تورکیا و سەربزیوانی سەربەو وڵاتە لە باکووری سووریا کردووە. لەم ڕاپۆرتەدا جەخت لەوە دەکرێتەوە کە یەکێک لە دەرئەنجامەکانی پەرەسەندنی گرژیی نێوان کورد و تورکیا، زیادبوونی چالاکییە سەربازییەکانی ئەکتەرەکانی دیکەیە، بە تایبەت هاوپەیمانی دژی داعش و ڕووسیا و ئەمریکا.

بە پێی ئەم ڕاپۆرتە لە ماوەی یەک مانگی ڕابردوودا کە گرژی و ئاڵۆزییەکانی نێوان تورکیا و کوردەکانی سووریا زیاتر بووەتەوە، لانیکەم ٥ مانۆڕی هاوبەش لە نێوان هێزەکانی هاوپەیمانان بە سەرۆکایەتی ئەمریکا و هێزەکانی سووریای دیموکرات بە سەرۆکایەتی کوردەکان ئەنجام دراوە. بەپێی راپۆرتی روانگەی مافی مرۆڤی سووریا، لەم مانۆڕانەدا تەقەمەنی جەنگی بەکارهاتووە.

ئەم ڕێکخراوەیە کە چاودێری ڕەوشی سووریا دەکات، هەروەها باس لە زیاتر بوونی گواستنەوەی چەک و لۆجستیک لەلایەن هاوپەیمانانەوە بۆ سووریا دەکات. هەر بەم پێیە، لە ماوەی یەک مانگی رابردوودا، هاوپەیمانی دژ بە داعش سێ کاروان کە پێکهاتوون لە 130 بارهەڵگر کەرەستەی پێویستی لە هەرێمی کوردستانەوە هێناوەتە ئەو ناوچانەی کە لە ژێر کۆنترۆڵی کوردانی سووریادان.

هەروەها ئاماژە بە پەرەسەندنی هێرشەکان بۆ سەر بنکەکانی ئەمریکا دەکرێت. لەماوەی 10 رۆژی رابردوودا لانیکەم سێ هێرشی مووشەکی کراوەتە سەر سێ بنکەی ئەمریکی لە کێڵگەی نەوتی «العمر» و کێڵگەی غازی کۆنیکۆ و بنکەی «تەنەف» لە سنووری سووریا لەگەڵ عێراق و ئوردن. ئەمریکاش لە وەڵامی ئەم هێرشانەدا چەند ناوچەیەکی بۆردوومان کردووە.

لەماوەی یەک مانگی ڕابردوودا کە ٩٥ەمین مانگی ئامادەبوونی هێزەکانی هاوپەیمانان بوو لە سووریا، سێ ئۆپەراسیۆنی هاوبەشی هێزەکانی هاوپەیمانان لە دژی چەکدارانی داعش لە حەسەکە، دێرەزور و ڕەقە ئەنجام دراوە، کە تێیدا ژمارەیەکی بەرچاو لەو کەسانە دەستگیر کراون کە گومانیان لێدەکرێت ئەندامی داعش بووبن.

هه‌روه‌ها باس له‌وه‌ كراوه‌ كه‌ هێزه‌كانی ئه‌مریكا، له‌ هه‌نگاوێكی ده‌گمه‌ندا، كه‌ره‌سته‌ سه‌ربازی و لۆجستیكییان له‌ ڕێگه‌ی ئوردنه‌وه‌ گواستۆته‌وه‌ بۆ بنكه‌ی ته‌نه‌ف.

لە راپۆرتەکەی ڕوانگەی مافی مرۆڤی سووریادا، جەخت لەوە کراوەتەوە کە نە هێزەکانی سوپای تورکیا و نە هێزەکانی هاوپەیمانی دژ بە داعش، لە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانیاندا لە ناو خاکی سووریا گرنگییان بە گیانی خەڵکی سڤیل نەداوە. دەرئەنجامی ئەم خەمساردییە کوژرانی سەدان هاوڵاتیی مەدەنی بووە.

ڕوانگه‌ی سوری بۆ مافه‌کانی مرۆڤ ڕێکخراوێکی تایبه‌ته‌ به‌ بواره‌کانی مافی مرۆڤ له‌سوریا و باره‌گای سه‌ره‌کی ڕێکخراوه‌که‌ له‌له‌نده‌نی پایته‌ختی به‌ریتانیایه‌.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار