تەندروستیی جیهانی: ژمارەی گیانلەدەستدان بە کۆرۆنا لەمساڵدا ( ١ ) ملیۆن کەسی تێپەراند
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
لهلێدوانێکی ڕۆنامهنوسیدا بەڕێوەبەری گشتیی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی (WHO) ڕایگهیاند لە کۆتایی ساڵی ٢٠١٩وە کە ڤایرۆسی کۆرۆنا سەریهەڵدا تاکو ئێستا شەش ملیۆن ٤٥٠ هەزار کەس بەهۆی ڤایرۆسەکەوە گیانیان لەدەستداوە، ئاماژهشی بهوهکرد که لهم ههفتهیهدا، بە تێپەڕاندنی یەک ملیۆن گیانلەدەستدان بە هۆی ڤایرۆسەکە لەسەرەتای ساڵەوە تا ئێستا، قۆناغێکی خەمناکمان تێپەڕاند.
بەڕێوەبەری گشتیی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی (WHO)، تێدرۆس ئەدهانۆم گێبرێیسوس جەختی لەوە کردەوە کە ئەو ژمارەی گیانلەدەستدانە سەرەڕای هەبوونی رێکارەکانی رێگرتن لە گیانلەدەستدان قبوڵکراو نییە و وتی: "داوا لە سەرجەم حکوومەتەکان دەکەین کە بە مەبەستی کوتانی لە سەدا ٧٠ی دانیشتووان ڤاکسین بە کارمەندانی تەندروستی، باساڵاچووان و ئەو کەسانەی کە لە گرووپی ژێر مەترسیدان، بدەن".
بەڕێوەبەری گشتیی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی باسی لەوەش کرد کە تاکو ئێستا ١٣٦ وڵات نەیانتوانیوە ئامانجی کوتانی لە سەدا ٧٠ی دانیشتووانیان تاکو کۆتایی مانگی حوزەیران بپێکنن و جەختی لەوەش کردەوە کە ٦٦ی ئەو وڵاتانە هێشتا نەیانتوانیوە تەنانەت لە سەدا ٤٠ی دانیشتووانەکانیان بکوتن.
گێبرێیسوس ئەوەشی خستەڕوو کە ئەو وڵاتانەی کە رێژەی کوتانی تێدا کەمە تادێت تواناکانی کوتانیان زیاد دەکەن و وتی: "دەبێت کاری زیاتر بکرێت. یەک لەسەر سێی دانیشتووانی جیهان، دوو لەسەر سێی کارمەندانی تەندروستی و سێ لەسەر چواری بەساڵاچووان هێشتا نەکوتراون".
تێدرۆس ئەدهانۆم گێبرێیسوس داواکاری بۆ وڵاتانی ئەندامی رێکخراوەکە نوێ کردەوە کە تواناکانیان لە پشکنین و رێکخستنەوەی جێنەتیک کەم نەکەنەوە.