گۆڤارێکی بهریتانی: زیاتر لە 30 بنکەی سەربازیی سوپا و میتی تورکیا لە خاکی هەرێمدا ههیه
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
بهپێی ڕاپۆرتێکی گۆڤاری فایننشیاڵ تایمزی بهریتانی کە لەسەر پەرەسەندنی پیشەسازیی فڕۆکە بێفڕۆکەوانە سەربازییەکانی تورکیا بڵاوی کردووەتەوە، بەشێک لە کاریگەرییەکانی ئەم پیشەسازییە لەسەر شەڕی دژی پەکەکە و نفووزی تورکیای لە وڵاتانی دیکە لەوان لە عێراق تاوتوێ کردووە و ئاماژەی کردووه به بوونی زیاتر لە 30 بنکەی سەربازیی سوپا و میتی تورکیا لە خاکی هەرێمی کوردستانی عێراق و خەمساردیی هەولێر و بەغدا لەمەڕ هێرشی فڕۆکە بێ فڕۆکەوانەکانی ئەو وڵاتە و هۆشداریی داوە لە فراوانبوونی نفووزی تورکیا لە هەرێمی کوردستانی عێراق.
گۆڤارەکه باس لە زیادبوونی پشتبەستنی تورکیا بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی سەربازی بۆ بەرەنگاربوونەوەی پەکەکە لە هەرێمی کوردستان دەکات، بەجۆرێک کە لە ئێستادا زۆربەی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی تورکیا لە دژی پارتی کرێکارانی کوردستانی تورکیا یان پەکەکە بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی سەربازیی جۆری ئاڵاداری B2 ئەنجام دەدرێن.
ئەم گۆڤارە لە زاری فوئاد حوسێن وەزیری کوردی دەرەوەی عێراقەوە دەڵێت کە تورکیا لە ئێستادا 33 بنکەی سەربازی و هەواڵگری لە ناوخۆی عێراق و هەرێمی کوردستاندا هەیە و لانیکەم 4000 هێزی سەربازی ئەم وڵاتە لە عێراق جێگیر کراون.
بەرپرسێكی دیكەی سیاسیی عێراق كە نەیویست ناوی ئاشكرا بكرێت، ئاماژە بەوە دەكات كە توركیا لە سەرتاسەری خاكی عێراقدا نفووزی هەیە، بەڵام دەسەڵاتدارانی عێراق نەیانتوانیوە كاردانەوەیەكی دروست نیشان بدەن بەرامبەر بە نفووزی بەرفراوانی توركیا لە عێراق و هەرێمی كوردستان ئەوەش بەهۆی ئەو ئاژاوە و بنبەستە سیاسییەی کە لە ئەنجامی ناکۆکییە ناوخۆییەکانی عێراق سەری هەڵداوە. کاربەدەستانی کورد و حکوومەتی ناوەندی ڕایانگەیاندووە کە تورکیا پێش هێرشە ئاسمانییەکان بە دەگمەن بەرپرسە عێراقییەکان لەو هێرشانە ئاگادار دەکاتەوە.
بابەتی هەرە گرنگ ئەوەیە کە زۆربەی قوربانیانی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی تورکیا لە خاکی هەرێمی کوردستان خەڵکی مەدەنین. بەپێی راپۆرتی فایننشیاڵ تایمز، لە ماوەی 15 ساڵی رابردوودا، تەنیا لە شارۆچکەی شیلادزێی هەرێمی کوردستان، لانیکەم 51 کەس بەهۆی هێرشەکانی تورکیاوە گیانیان لەدەست داوە کە تەنیا 7 کەسیان ئەندامی پەکەکە بوون.
دانیشتوانی دەڤەری شیلادزی بە فایننشیاڵ تایمزیان راگەیاندووە، زۆربەی کات، لە ترسی هێرشی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی تورکیا ناوێرن لە ماڵ بێنە دەر، هەروەها بەشێک لە جووتیارانی ناوچەکەش لە ترسی هێرشی تورکیا کێڵگەکانیان بەجێهێشتووە.
جێگای ئاماژهیه چهند ساڵێکه تورکیا بهفڕۆکهی بێفڕۆکهوان هێرشدهکاته سهر هاوڵاتیان و کادیرو گهریلاکانی پهکهکه لهباشوری کوردستان و تا ئێستا بهو هۆیهوه ژمارهیهک هاوڵاتی و گهریلا شههیدبوون.