"ناشناڵ ئینتریست": شەڕی نێوان ئەمریكا و روسیا واتای كۆتایی جیهانە
2 ساڵ لەمەوپێش
رۆژنامەی "ناشناڵ ئینتریست"ی ئەمریكی بڵاویكردووەتەوە، ئەگەر شەڕ لە نێوان ئەمریكا و روسیا بەرپا ببێت، تەنها جەنگی جیهانی سێیەم نابێت، بەڵكو واتای جەنگی كۆتایی جیهانە.
رۆژنامەكە وتارێكی "جەیسن دیڤیدسن" مامۆستایی زانستە سیاسیەكانی زانكۆی "ماری واشنتن"ی بڵاوكردووەتەوە و تێیدا هاتووە، زۆركەس لەوە دەترسن سیاسەتەكانی جۆ بایدن سەرۆكی ئەمریكا لە ئۆكرانیا ببێتە هۆی گرژی زیاتر، بەشێوەیەك لە كۆتاییدا ببێتە هۆی جەنگی جیهانی.
رونیشیكردووەتەوە، لە سەدەی بیستەم تێڕوانینەكان بۆ بوونی هەڕەشە ئەمریكای هاندا بۆ تێوەگلان لە شەڕ، تاكە شتێك كە بەسەر دودڵی سیاسیەكاندا زاڵبوو بۆ ئەوەی تێچووی شەڕ دابین بكەن ئەوەبوو، هەستیان بەوە كردبوو كە ئەڵمانیای نازی و ئیمپراتۆریەتی ئەڵمانی هەڕەشەبوون لەسەر بەرژەوەندییەكانی ئەمریكا.
نوسەر پێشی وایە، روسیا هیچ رێوشوێنێكی لە ئۆكرانیا نەگرتووەتە بەر كە هەڕەشەبێت بۆ سەر بەرژەوەندییەكانی ئەمریكا، بۆیە ئەمریكا هۆكاری ئەوەی بەدەستەوە نییە كە سەركێشی بكات، دڵنیایە لەوەی كە واشنتن دژی روسیا جوڵە ناكات لە ئۆكرانیا.
بەپێی وتارەكەی هەمان نوسەر، ئەمڕۆ شەڕ لەگەڵ روسیا تەنها سەركێشی نییە، بەڵكو واتای "شەڕی كۆتایی جیهان"ە، ئەوەش پێویستی بە پلەیەكی باڵای هۆشیارییە.