سەرۆکایەتییەکانی عێراق پەیامێک ئاڕاستەی لایەنەکان دەکەن
2 ساڵ لەمەوپێش
د. بەرهەم ساڵح، سەرۆک کۆماری عێراق ئەمڕۆ دووشەممە 29ی ئابی 2022 میوانداری کۆبوونەوەیەکی کرد بە ئامادەبوونی مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیران و محەممەد حەلبوسی، سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران و دادوەر فایەق زێدان، سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەری و تاوتوێی دوا پێشهات و گۆڕانکارییەکان وڵات کرا.
هەروەها ئامادەبووانی كۆبوونەوەكە دووپاتیانکردەوە كە پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری و کاروانی دیموکراسی و دەستووری ئەركی هەموو عێراقییەكانە، هەروەک ئەرکی دامەزراوەكانی دەوڵەت و هێزە سیاسییە نیشتمانییەكانە، هاوکات جەختکرایەوە گفتوگۆ و دانوستانی بونیادنەر تاكە بژاردەیە بۆ كۆتایی هێنان بە سەرجەم ناكۆكییەكان.
لەمیانی كۆبوونەوەكەدا ئامادەبووان پشتیوانی خۆیان بۆ دەستپێشخەرییەكەی مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیران دەربڕی لەوەی لەم هەفتەیەدا گەڕێكی تازەی گفتوگۆی نیشتمانی دەستپێبكاتەوە بە مەبەستی تاوتوێكردنی سەرجەم ئەو بیرۆكە و دەستپێشخەرییانەی پەیوەستن بە چارەسەركردنی قەیرانی سیاسی، هەروەها جارێکی دیکە داوا لە رەوتی سەدر کرا ئامادەی كۆبوونەوەکانی گفتوگۆی نیشتمانی بن.
هەر لەمیانی كۆبوونەوەكەدا ئامادەبووان دووپاتیانكردەوە كە سەرجەم هەوڵەكان بۆ چاكسازی و پەرەپێدانی دامەزراوە جۆراوجۆرەكانی وڵات بەرز دەنرخێنن لەپێناو بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی، هاوكات بە پێویستی دەزانن كە گفتوگۆ و دانوستانی نیشتمانی هەموو ئەو بابەتانە لەخۆ بگرێت كە پەیوەستن بە بەرجەستەكردنی داوا رەواکانی خەڵک بۆ ژیانێکی باشتر لەسەر ئەرزی واقع.
ئامادەبووانی كۆبوونەوەكە ئاماژەشیان بەوەدا كە پێویستە سەرجەم هێزە سیاسییە نیشتمانییەكان لە ئاست بەرپرسیاریەتی قۆناغەكەدابن بەوەی لە هەموو روویەكەوە دۆخی وڵات بەرەو هێوركردنەوە بەرن و بارگرژییەكان خاوبكەنەوە و بەر بە ئاڵۆزییە سیاسییەكان بگرن، بەشێوەیەك ژینگەیەكی گونجاو و لەبار بۆ گفتوگۆ و دانوستان بێتەئاراوە و چارەسەری گونجاویش بۆ كێشە جۆراوجۆرەكان بدۆزرێتەوە، هەروەها بە تێروتەسەلیش تاوتوێی بارودۆخی گشتی وڵات بكرێت لەسەر بنەمای پاراستنی بەرژەوەندییە نیشتمانییەکان و ئەنجامدانی چاكسازی راستەقینە، هاوکات بەگرنگییەوە باس لە لێكنزیككردنەوەی دید و بۆچوونی لایەنە سیاسییەكان کرا.
هەر لەو كۆبوونەوەیەدا ئامادەبووان داوایان كرد هەرچی زووە شەڕی راگەیاندن بوەستێنرێت كە زیانێكی گەورە بە بەرژەوەندی و سەقامگیری وڵات و ئاسایش و ئاشتەوایی نێوان هاووڵاتییان دەگەیەنێت.
لە کۆتاییدا ئامەدەبوانی كۆبوونەوەكە سوپاس و ستایشیی خۆیان ئاڕاستەی سەرجەم چالاكییە كۆمەڵایەتی و مەدەنی و رۆشنبیرییەکان كرد كە بە مەبەستی پاڵپشتیكردن لە گفتوگۆ و دانوستانی نیشتمانی و هێوركردنەوەی دۆخەكە و دۆزینەوەی چارەسەر و تەبایی و یەكڕیزی نیشتمانی نێوان رۆڵەكانی گەلی عێراق ئەنجامدراون.