ئه‌مریکا و به‌ریتانیا بۆ عێراقییه‌کان: دۆخه‌که‌ ئاسایی بکه‌نه‌وه‌

2 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە عیراق هانی لایەنە سیاسیەكان دەدات گفتوگۆ بكەن بۆ چارەسەركردنی ناكۆكیەكانیان و نیگەرانی دەربڕی لە پشێوییەكانی بەغدادی پایتەخت، هاوکات
رێكخه‌ری كاروباری باڵیۆزخانه‌ی به‌ریتانیا له‌ به‌غدا، راگه‌یه‌ندراوێكی له‌ باره‌ی ره‌وشی ئه‌مڕۆی به‌غدا بڵاوكرده‌وه‌و ڕایگه‌یاندووه‌ به‌ریتانیا زۆر نیگه‌رانی ئه‌و رووداوانه‌یه‌.

لە راگەیەنراوێكدا باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە بەغدا رایگەیاندوە، ئەو راپۆرتانەی باس لە ئاڵۆزیەكانی عیراق دەكەن جێی نیگەرانیە بەوەی رێگە نادرێت دامەزراوەكان كاری خۆیان بكەن، ئەمریكا هەست بە نیگەرانی دەكات لەبارەی پەرەسەندنی گرژییەكان و هانی هەموو لایەنەكان دەدات بەردەوامبن لە ئاشتەوایی و رێگە بگرن لە كارێك كە ببێتە هۆكاری بەردەوامی و توندوتیژی لێبكەوێتەوە.

باڵیۆزخانەی ئەمریكا ئاماژەشیكردوە، ئێستا كاتی گفتوگۆ و چارەسەركردنی ناكۆكییەكانە، لە دیموكراسیدا مافی ناڕەزایەتی ئاشتیانە رەگەزێكی سەرەكییە، بەڵام پێویستە لەسەر خۆپیشاندەران رێز لە دامەزراوەكان و موڵكی گشتی بگرن كە هی گەل و عیراقەو خزمەتیان دەكات، پێویستیشە رێگە بدەن دامەزراوەكان بەكاری خۆیان هەڵبستن.

له‌لایه‌کی تره‌وه‌ جێمس داونه‌ر، رێكخه‌ری كاروباری باڵیۆزخانه‌ی به‌ریتانیا له‌ به‌غدا، راگه‌یه‌ندراوێكی له‌ باره‌ی ره‌وشی ئه‌مڕۆی به‌غدا بڵاوكرده‌وه‌و ڕایگه‌یاندووه‌ به‌ریتانیا زۆر نیگه‌رانی ئه‌و رووداوانه‌یه‌، ئه‌مڕۆ له‌ به‌غدا روویاندا، به‌ تایبه‌تی هه‌واڵی بوونی قوربانی، وتیشی ئێمه‌ هانی ئه‌وانه‌ ده‌ده‌ین، كه‌ له‌ گۆڕه‌پانه‌ گشتییه‌كاندان، خۆیان له‌ توندوتیژی به‌ دوور بگرن. پێویسته‌ خۆپیشاندانیان ئاشتییانه‌ بێت، ئاماژه‌به‌وه‌شکراوه‌ راكێشانی وڵات به‌ ئاراسته‌ی توندوتیژی، شتێكه‌ شیاوی گه‌لی عێراق نییه‌ رووبه‌ڕووی ببێته‌وه‌.

جێمس داونه‌ر، ئه‌وه‌یشی نووسیوه‌، گه‌لی عێراق پێویستی به‌ دامه‌زراوه‌ كاراكانییه‌تی بۆ ئه‌وه‌ی رووبه‌ڕووی ئاڵنگارییه‌كان ببنه‌وه‌ و خزمه‌تگوزارییان پێشكه‌ش بكه‌ن.ده‌شڵێت هانی خۆپیشانده‌ران ده‌ده‌ین له‌ بینا حكومییه‌كان بكشێنه‌وه‌ و هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی سه‌ر به‌ ده‌وڵه‌تیش به‌رپرسیاری یه‌كه‌من له‌وه‌ی ئاسایشی خۆپیشاندانه‌كان بپارێزن و پارێزگاریش له‌ موڵك و ماڵی گشتیی و بینا حكومییه‌كان بكه‌ن.

له‌ كۆتایی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌شیدا، رێكخه‌ری كاروباری باڵیۆزخانه‌ی به‌ریتانیا له‌ به‌غدا ئاماژه‌ی به‌وه‌داوه‌، كه‌  هانی هێزه‌ ئه‌منییه‌كان ده‌ده‌ین، رێكاری گونجاو له‌گه‌ڵ رووداوه‌كان بگرنه‌ به‌ر و بانگه‌وازیش له‌ هه‌موو لایه‌نه‌كان ده‌كه‌ین، گفتوگۆ بكه‌نه‌ پێشینه‌ بۆ گه‌یشتن به‌ چاره‌سه‌ری ئاشتییانه‌ و یاساییانه‌ی ئه‌وتۆ كه‌ هه‌مووان بگرێته‌وه‌ و له‌ به‌رژه‌وه‌ندی گه‌لی عێراقدا بێت. 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار