وتارەکەی سەدر ئاوێکی بە ئاگرەکەی ناوچەی سەوزدا کرد و کازمیش پێشوازیی لێدەکات

2 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی


موقته‌دا سه‌در، رێبه‌ر ره‌وتی سه‌در له‌ كۆنفرانسێكی رۆژنامه‌وانیدا رایگه‌یاند، ئه‌گه‌ر لایه‌نگرانی سه‌در له‌ ناوچه‌ی سه‌وز نه‌كشێنه‌وه‌، ئه‌وا به‌شێك نین له‌ ره‌وتی سه‌در، مستەفا کازمی سەرۆکوەزیرانیش ڕایگەیاند گوتارەکەی سەدر هەموو بەرپرسیارێتییەکی ئەخلاقی و نەتەوەیی تێدایە، هاوکات دوای وتارەکەی سەدریش ناوچەی سەوز بەرەوچۆڵبوون دەچێت لەلایەن خۆپیشاندەرانەوە.

موقته‌دا سه‌در، رێبه‌ری ره‌وتی سه‌در ئەمڕۆ سێشەممە لە كۆنفرانسێكی رۆژنامه‌وانیدا داوای له‌ لایه‌نگرانی كرد له‌ماوه‌ی 60 خوله‌كی داهاتوودا بكێشنه‌وه‌، ئه‌گه‌ر نه‌كشێننه‌وه‌، ئه‌وانه‌ به‌شێك نین له‌ ره‌وتی سه‌در.

هاوکات وتیشی: داوای لێبووردن له‌ گه‌لی عێراق ده‌كه‌م، چونكه‌ ئه‌وان زه‌ره‌رمه‌ندی یه‌كه‌من. له‌باره‌ی خۆپیشاندانه‌كانه‌وه‌، سه‌در ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد، بكوژ و كوژراوانی نێو خۆپیشاندانه‌كان هه‌ردووكیان ده‌چنه‌ نێو دۆزه‌خه‌وه‌.

موقته‌دا سه‌در له‌ به‌رده‌وامی قسه‌كانیدا وتی، " نیشتیمانم بووه‌ته‌ دیلی گه‌نده‌ڵی، داوام نه‌كردبوو خوێن بڕژێت و شه‌ڕ و رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ رووبده‌ن، به‌ڵكوو داوام كردبوو خۆپیشاندانێكی ئاشتییانه‌ رێكبخرێت، به‌مه‌به‌ستی نه‌هێشتنی گه‌نده‌ڵی، ئه‌وه‌ی ئێستا رووده‌دات من وه‌ك شۆڕه‌ش نایببینم".

موقته‌دا سه‌در سوپاسی هێزه‌ ئه‌منییه‌كان و حه‌شدی شه‌عبی ده‌كات و رایگه‌یاند، حه‌شدی شه‌عبی نه‌بووه‌ چه‌كی به‌كارهێناوه‌، به‌ڵكوو سه‌ركرده‌كانیان بوونه‌، ئه‌وانیان هانداوه‌. ده‌شڵێت، " نه‌وه‌كانی محه‌ممه‌د سه‌در هه‌رگیز باوه‌ڕیان به‌ خوێن رشتن نییه، چونكه‌ رشتنی خوێنی عێراقیه‌كان حه‌رامه‌، هه‌ندێك میلیشیات هه‌ن توندووتیژن".

ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، جارێكی دیكه‌ كاری سیاسی ناكات، به‌ڵكوو وه‌ك هاونیشتیمانییه‌كی عێراقی ده‌مێنێته‌وه‌، داواش له‌ هه‌موو لایه‌نه‌كان ده‌كات به‌یه‌كه‌وه‌ هه‌وڵی چاره‌سه‌ركردنی ئه‌م دۆخه‌ی عێراق بده‌ن‌.

لەلایەن خۆیەوە مستەفا کازمی سەرۆکوەزیرانی عێراق پشتگیری لەوتارەکەی سەدر کرد و ڕایگەیاند وتارەکەی سەدر هەموو بەپرسیارێتییەکی ئەخلاقی و نەتەوەیی تێدایە.
کازمی لەتویتێکدا وتی: وتارەکەی سەدر هەموو بەرپرسیارێتییەکی ئەخلاقی و نەتەوەیی تێدایە بۆ رێگە گرتن لە پەرەسەندنی تووندوتیژییەکان و دەستپێکردنی دیالۆگێکی نیشتمانیی بەرهەمدار بۆ چارەسەرکردنی قەیرانەکان.

دوابەدوای وتارەکەی سەدریش، بەپێی هەواڵی میدیا عێراقییەکان زۆرینەی خۆپیشاندەران لەناوچەی سەوزی بەغدا دەستیانکردووە بەکشانەوەو وردە وردە ناوچەکە چۆڵدەکەن.

هاوکات فه‌رمانده‌ی ئۆپه‌راسیۆنه‌ هاوبه‌شه‌كانی عێراق، بڕیاریدا قەدەغەی هاتوچۆ لە تەواوی پارێزگاکانی عێراق هەڵبگیرێت کە لەدوێنێوە ڕایگەیاندبوو.

بەگوێرەی زانیارییەکانیش لەشەڕو ئاڵۆزییەکاندا زیاتر لە 30 کەس کوژران و دەیان کەسی دیکەش برینداربوون.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار