رۆژنامه‌ی العرب: سه‌در ناچار كرا خۆپیشانده‌ران بكشێنێته‌وه‌

2 ساڵ لەمەوپێش



هاووڵاتی


به‌گوێره‌ی ڕاپۆرتێكی ڕۆژنامه‌ی "العرب"، بانگه‌وازه‌كه‌ی موقته‌دا سه‌در بۆ ئه‌وه‌ی لایه‌نگرانی له‌ ناوچه‌ی سه‌وز و خۆپیشاندانه‌كان بكشێنه‌وه‌ به‌شێك نه‌بووه‌ له‌ پلانێكی پێشوه‌خته‌ پلان بۆ داڕێژراو، به‌ڵكوو هه‌نگاوێكی ناچاری بووه‌ دوای ئه‌وه‌ی ئێران هه‌ڕه‌شه‌ی لێكردووه‌. 
  
به‌پێی ڕاپۆرتی ڕۆژنامه‌كه‌ كه‌ له‌ چه‌ند سه‌رچاوه‌یه‌كی سیاسیی عێراقییه‌وه‌ (31ی ئابی 2022) ده‌ستی كه‌وتووه‌، په‌یامێك له‌ ئێرانه‌وه‌ گه‌یشتووه‌ به‌ سه‌در كه‌ پێویسته‌ ئه‌و ئاژاوه‌یه‌ بوه‌ستێنێت كه‌ ڕۆژی دووشه‌ممه‌ی ڕابردوو دوای وازهێنانی له‌سیاسه‌ت له‌ به‌غدا دروست بوو.  

ئه‌و سه‌رچاوانه‌ ده‌شڵێن، "ئێران، كه‌ له‌ ماوه‌ی ڕابردوودا وازی له‌ سه‌در هێناوه‌ و ڕووبه‌ڕووی نه‌بووه‌ته‌وه‌ به‌ ئومێدی ئه‌وه‌ی به‌خۆی و بژارده‌كانیدا بچێته‌وه‌، سه‌دری ئاگادار كردووه‌ته‌وه‌ كه‌ پێویسته‌ شیعه‌كان یه‌كگرتوو بن نه‌ك شیعه‌ی عه‌ره‌بی و شیعه‌ی وه‌لائی بۆ ئێران."  

ڕۆژنامه‌كه‌ ئاشكراشی كردووه‌ كه‌ "ئێران سه‌دری ئاگادار كردووه‌ته‌وه‌ كه‌ ده‌بێت گفتوگۆ له‌گه‌ڵ چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی بكات و ناكۆكییه‌ كۆنه‌كانیشی له‌گه‌ڵ نووری مالیكی، سه‌رۆكی ده‌وڵه‌تی یاسا له‌ بیر بكات."  

ئه‌و سه‌رچاوانه‌ ده‌شڵێن كه‌ "په‌یامه‌كه‌ی ئێران ئاماده‌یی ئه‌و وڵاته‌ی ده‌رخستووه‌ بۆ كوشتنی سه‌درییه‌كان ئه‌گه‌ر پێویست بكات بۆ ڕێگری له‌ دروستبوونی دووبه‌ره‌كی نێوان شیعه‌كان، ئه‌وه‌ش به‌ پێكدادانه‌كانی ڕۆژی دووشه‌ممه‌و سێشه‌ممه‌دا به‌ ڕوونی دیار بوو كه‌ زۆربه‌ی كوژراوه‌كان لایه‌نگرانی سه‌دری بوون."  

باسیان له‌وه‌ش كردووه‌ كه‌ ئه‌و په‌یامه‌ی ئێران، سه‌دری له‌نێوان دوو بژارده‌ی قورس داناوه‌، یان پێكدادان له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تی عێراقی و ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی سوپا، كه‌ ئه‌وه‌ش له‌ زیانیه‌تی، یان بژارده‌ی دووه‌م كه‌ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌یه‌ له‌گه‌ڵ چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی كه‌ هێزێكی ڕێكخراویان هه‌یه‌و له‌سه‌ر ڕاسپارده‌ی ئێران ده‌جووڵێنه‌وه‌.  
 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار