عێراق: قۆناغی حەوتەمی ئۆپەراسیۆنی "ئیرادەی پۆڵایین"ی دەستپێکرد

2 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

شانه‌ی ڕاگه‌یاندنی ئه‌منی سوپای عێراق دەستپێکردنی قۆناغی حەوتەمی ئۆپەراسیۆنی "ئیرادەی پۆڵایین"ی لە دژی پاشماوەکانی رێکخراوی تیرۆریستی داعش راگەیاند.

لەو راگەیەندراوەی کە لە شانەی راگەیاندنی ئەمنی سەربە نووسینگەی فەرماندەی گشتیی ھێزە چەکدارەکانی عێراقەوە بڵاوکراوەتەوە، ئەوە خراوەتەڕوو، کە بە سەرپەرشتی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان، بەیانی ئەمڕۆ شەممە یەکەکانی سەربە هەریەک لە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی، سەڵاحەددین، دیالە و سامەڕا، بە پشتیوانی ھێزی ئاسمانیی عێراق، قۆناغی حەوتەمی ئۆپەراسیۆنی "ئیرادەی پۆڵایین" دەستی پێکرد.

وەک لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، ئامانجی ئۆپەراسیۆنەکە راوەدوونانی پاشماوەکانی داعش و ئەنجامدانی هەڵمەتی گەڕان و کێوماڵکردنە لە ناوچەی حاوی عوزێم کە سنووری جیاکردنەوەی چالاکی ئەو فەرماندەییانەیە کە بەشدارییان لە ئۆپەراسیۆنەکەدا کردووە.

بەپێی راگەیەندراوەکە، دەستپێکردنی قۆناعی حەوتەمی ئۆپەراسیۆنی ئیرادەی پۆڵایین، هاوکاتە لەگەڵ بەردەوامی قۆناغی شەشەمی ئۆپەراسیۆنەکە کە لە ٢٧ی ئابی رابردوو لە پارێزگای کەرکووک دەستی پێکرد.

لە ماوەکانی رابردوودا، ھێزە ئەمنییەکانی عێراق و ھێزەکانی حەشدی شەعبی قۆناغەکانی دیکەی ئۆپەراسیۆنی "ئیرادەی پۆڵایین"یان بە ئامانجی راوەدوونانی پاشماوەکانی داعش لە ناوچە جیاجیاکانی سنووری پارێزگاکانی نەینەوا، کەرکووک، دیالە، سەڵاحەددین و ئەنبار، ئەنجام دا.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار