ئەڵمانیا کارئاسانی بۆ وەرگرتنی کۆچبەران دەکات
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
بە مەبەستی پڕکردنەوەو زیاد کردنی دەستی کار لە ئەڵمانیادا بەرپرسانی ئەو وڵاتە ئاسانکاری بۆ کۆچبەری کارزان دەکەن، وچوار مەرجی سەرەکی دادەنێن، هەر کۆچبەرێک ئەو چوار مەرجەی تێدا بێت مافی پەنابەرێتی لەو وڵاتە پێدەبەخشن.
هوبێرتوس هەیل، وەزیری کاری ئەڵمانیا بە میدیای وڵاتەکەی راگەیاندووە پلانیان هەیە بە پێی سیستەمی پۆینت کار ئاسانی بۆ ئەو کەسانە بکرێت کە دەیانەوێت بچنە ئەڵمانیا و لەو وڵاتە کار بکەن بە مەبەستی زیاد کردنی دەستی کار لەو وڵاتەدا. چاوەڕوانیش دەکرێت لە پاییزی ئەمساڵ یاسایەکی نوێی کۆچکردن بخاتەڕوو.
هەروەها وتیشی :کارتێکی دەرفەت بە سیستمێکی خاڵبەندیی شەفاف دەخەنەڕوو بۆئەوەی ئەو خەڵکەی وڵاتەکەیان پێویستی پێیانە ئاسانتر بچنە وڵاتەکەوە.
لە کۆتایدا وەزیری کاری ئەڵمانیا بە میدیای وڵاتەکەی راگەیاندووە کە دەیانەوێت دەستی کار لەنێو ژناندا زیاد بکەن. بەگوێرەی وەزارەتی کاری ئەو وڵاتە، ٧٢%ی ژنان لە وڵاتەکەدا کار دەکەن، ئەوەش بەراورد بە پیاوان ٧% کەمترە. بۆ پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییەش، وەزیرەکەی ئەڵمانیا دەڵێت، پێویستیان بە ٩٠٠ هەزار کارمەندە.
بەگوێرەی میدیای ئەڵمانیا، سیستمی "پۆینت" چوار پێوەر لەخۆدەگرێت کە بریتین لە: بڕوانامەیەک، ئەزموونی پیشەیی کەمتر نەبێت لە سێ ساڵ، بەهرەی زمانی هەبێت یان پێشتر لە ئەڵمانیا ژیابێت و چوارەمیش تەمەنی لەژێر ٣٥ ساڵدا بێت. ئەو کەسانەی لە کۆی ئەم چوار خاڵە، سێ خاڵیان تێدا بێت، کارتی دەرفەتیان پێدەدرێت.
لە هەمان کاتدا حکومەت کاتێکی دیاریکراو بۆ پەناخوازان دادەنێت تاوەکو لەو کاتەدا بتوانن بژێویی ژیانیان دابین بکەن.و بەم شێوەیە دەتوانن لە وڵاتەکەیاندا بمێننەوە.