گۆچانە شکاوەکەی دەستی ئەردۆغان و چوار سیناریۆ!
2 ساڵ لەمەوپێش
شوان حهمه
هەفتەی ڕابردوو، وەزارەتی خەزێنەی ئەمریکی، بەهۆشدارینامەیەک، وەزارەتی دەرەوەی تورکیا و یەکێتی سەرمایەداران و پیشەسازکارانی تورکی (موسیاد)ی ئاگادار کردەوە، کە پابەندی ئەو سزایانە بن، بەسەر کۆمپیانیا ڕووسییەکاندا سەپێندراون، ئەگەر نا، ئەوانیش دەخرێنە لیستی سزای ئەمریکی ـ ئەورپپییەوە. ئەم هۆشدارییەی ئەمریکا بۆ تورکیا لە کاتێکدایە کە هەڵئاواسانی ئابووری تورکیا، سەدا هەشتای تێپەڕاندووە. کورتهێنانی بودجە لە نێوان ساڵی پار و چاوەڕوانییەکانی کۆتایی ئەمساڵ، لە دووسەد ملیار لیرەوە، باز دەدات بۆ زیاتر لە پێنج سەد ملیار لیرە. لیرەی تورکی لەماوەی یەکساڵدا زیاتر لە نیوەی بەهای خۆی لەدەست داوە. هەڵبژاردنەوەی ئەردۆغان بۆ خوولێکی نوێی سەرۆکایەتی، تا ئاستێکی زۆر پەیوەستە بە دۆخی ئابووری دەنگدەرانی حیزبەکەی و هاوپەیمانییەکانییەوە. بە تەنیشت پرسی ئابوورییەوە، ئەردۆغان ڕووبەڕووی چەند قەیرانتر بووەتەوە، کە دیارترینیان قەیرانی نەبوونی ئازادی و دیموکراسییە. بە گوێرەی نوێترین ڕاپۆرتی ئینستوتی V-Demی سویدی بۆ ساڵی ٢٠٢٢، لە کۆی ١٧٩ وڵات، تورکیا بە ژمارە ١٤٧ ڕیزبەند کراوە، بەجۆڕێک کە دیموکراسی و مافی مرۆڤ لە تورکیا، لە ئێران و جیبوتی و بەنگلادش خراپترە. هۆشداری ئەمریکا بۆ تورکیا، ئەگەر لە دیوە ئاشکراکەیدا هۆکاری جەنگی ڕوسیا ئۆکرانیا بێت، لە دیوە شاراوەکەیدا، ناڕازیبونی ئیدارەی جۆو بایدنە لە سیاسەت و هەڵوێستەکانی ئەردۆغان. بە واتایەکیتر، ئەمریکا نایەوێت بۆ خولێکی نوێی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی تورکیا، کە بڕیارە هاوینی ساڵی داهاتوو ئەنجام بدرێت، پشتیوانی رەجەب تەیب ئەردۆغان بکات. ئایا ئەردۆغان بە ئاسانی دەسەڵات ڕادەست دەکات؟ ئەردۆغان لەوە تێگەیشتووە کە ماشێنی پڕوپاگەندەی سەرکەوتنی ئابووری، نە بێزاری دەنگدەران کەم دەکاتەوە، نە باری لاری لیرە ڕاست دەکاتەوە. هەموو ئەنجام و ئاماژە نوێکانیش دەیسەلمێن، لە نۆ مانگی داهاتوودا، ئەگەر دۆخی ئابووری تورکیا خراپ تر نەبیت، باشتر نابێت. لە دۆخێکی وادا، پێشبینی دەکرێت، بەر لەهەڵبژاردنەکان، ئەردۆغان پەنا بۆ درووستکردنی سیناریۆی جیاواز ببات، تا لە ڕێگەی سیانریۆیەکەوە باز بەسەر قەیرانی ئابووریدا بدات و لە ژێر دروشمی پاراستنی تورکیا، متمانەی دەنگدەران بەدەست بێنێتەوە. سیناریۆی یەکەم: هێرشکردنە سەر ڕۆژئاوای کوردستان و داگیرکردنی کۆبانێ و چەند ناوچەیتر، بە مەبەستی جێگیرکردنی نزیکەی سێ ملیۆن و شەش سەد هەزار پەنابەری سوری. ئەم سیناریۆیە لە چەند مانگی ڕابردوودا کاری بۆ کرا، بەڵام لە چەند هەفتەی ڕابردوو، ئاماژەکانی سەرنەکەوتنی سیناریۆکە دەرکەوتن. ئەگەری دووبارە بوونەوەی ئەم سیناریۆیە تا هەڵبژاردنەکانی هاوینی ساڵی داهاتوو، ئەگەرێکی لاوازە. سیناریۆی دووەم: سەرکەوتنێکی گەورە بەسەر پەکەکە و دەستگیرکردن یان کوشتنی سەرکردەکانی وەک موراد قەرەیلان و جەمیل بایەک. یان داگیرکردنی بنکە سەرەکیی و گشتییەکانی پەکەکە و ڕاونانی سەرکردەکانی. ئەم سیناریۆیە بە ئاشکرا، ماوەی چوار مانگە خراوەتە بواری جێبەجێکردنەوە، بەڵام تا ئێستا هیچ ئاماژەیەکی بەهێز نییە، سەرکەوتنی ئەم سیناریۆیە لە ڕاستی نزیک بکاتەوە. سیناریۆی سێیەم: توندکردنەوەی گرژییەکان دژی یۆنان و لکاندنی بەشی داگیرکراوی قوبرس بە کۆماری تورکیاوە. ئەم سیناریۆیە ئەگەر ڕووبدات، هیچ ئامانجێکی ستراتیجی نابێت، بێجگە لە هەڵبژارندەوەی ئەردۆغان. لە ئەگەری هەنگاوێکی وادا، پەرچەکرداری ئەوروپی و ئەمریکییەکان بەهێز دەبن، ڕەنگە بگاتە ئاستی بڕیارەکانی ئەنجومەنی ئاسایش و نەتەوە یەکگرتووەکان، کە لە درێژماوەدا زیانی گەورە بە تورکیا دەگەیەنێت. سیناریۆی چوارەم. هەوڵی کۆدێتای سەربازی یان هەوڵی کوشتنی ئەردۆغان. ئەم سیناریۆیە بەهێزترینە، چونکە کەرەستەکانی سیناریۆکە لەبەر دەستی ئەردۆغاندان. لە ئەگەری سیناریۆیەکی وادا، دوور نییە ئەردۆغان پەنا بۆ شەقام ببات و پشێوی و خۆپیشاندانی تودوتیژ دروست بکات. مەترسی ئەم سیناریۆیە لەوەدایە ئەردۆغان هەڵبژاردنەکان دوا بخات بۆ کاتی نادیار، تا دڕێژە بە دەسەڵاتی خۆی بدات.