سیستانی ... ئەو مەرجەعەی لەدوایین ساتدا فریای شیعەكان دەكەوێت

2 ساڵ لەمەوپێش



هێمن مەحموود

 

پیاوێكی ئاینی تەمەن ٩٢ ساڵە، تاك و تەرا وێنەی هەیە، بەدەگمەن قسە دەكات، لێدوان بۆ هیچ میدیا و شوێنێك نادات، سیاسییەكان نابینێت و هەڵوێستی لایەنگرانەی بۆ هیچ حزبێكی سیاسی نییە، تەنانەت شوێنكەوتوانیشی بەكەمی دەیبینن، لەشوێنی نیشتەجێبوونی خۆی ناجوڵێت و بەشداری هیچ مەراسیم و بۆنەو یادكردنەوەیەكی ئاینی و تەنانەت مەزهەبیش ناكات، بەڵام سەرەڕای هەموو ئەمانە لەگەڵ پاپای فاتیكان كۆدەبێتەوە و سیاسییە بیانییەكانی نەتەوەیەكگرتووەكان دەبینێت و بۆچوونی تایبەتی لەسەر پرۆسەی سیاسی عێراق هەیەو هەمیشە لەدوایین ساتدا دەستوەردان دەكات و بڕیاری گرنگ دەدات و چارەنووسی دۆخەكە بەلایەكدا دەخات، قسەو بۆچوونەكانی لەلایەن كوردو سوونەكانیشەوە رێزلێگیراوەو شوێنی تایبەتی هەیە. ئەو پیاوە مەرجەعی گەورەی شیعەكان (عەلی سیستانی)یە.

عەلی حوسێنی سیستانی، لەساڵی ١٩٣٠ لەشاری مەشهەدی ئێران لەدایكبووە، ئێستا لەشاری نەجەف دەژی و لەدوای مردنی (ئەبولقاسم خوئی) مەرجەعییەی زانستی ئایینی حەوزەی نەجەفی گرتەدەست. لەدوای داگیركردنی عێراقیش لەساڵی ٢٠٠٣ لەلایەن ئەمریكاوە رۆڵە مێژوویی و سیاسییەكەی بەدیاركەوت و لەوكاتەوە تائێستا هەڵوێست و فەتواكانی بەبێ مشتومڕ لەلایەن شوێنكەوتوانییەوە جێبەجێدەكرێت.

فەتواكانی سیستانی كاریگەرییەكی گەورەیان كردۆتەسەر دۆخی عێراق، بۆ نموونە لەساڵی ٢٠٠٣ فەتوای دا كەس شەڕ لەگەڵ هێزەكانی ئەمریكاو بەریتانیا نەكات، هاوكات لەگەڵ سەرەتاكانی هەڵبژاردنیشدا لەدوای ٢٠٠٣ەوە فەتوایدا لەهەڵبژاردنەكاندا پێویستە شیعەكان دەنگ بەهاوپەیمانێتی شیعەكان بدەن، بەڵام لەچەند هەڵبژاردنی رابووردوودا پشتگیری هیچ لایەنێكی نەكردو خۆی بەدوورگرت لەهەڵبژاردنەكان، لەگرنگترین فەتواشی ئەو كاتە بوو كە خەریكبوو رێكخراوی تیرۆریستی داعش دەگەیشتە بەغدا لەساڵی ٢٠١٤، هەر بۆیە فەتوای جیهادی دەركردو بەو هۆیەشەوە (حەشدی شەعبی) درووستكرا، كە شیعەكان توانیان بەهۆیەوە عێراق كۆنترۆڵ بكەنەوەو نەهێڵن دەسەڵاتیان لەدەست دەربچێ.

وەنەبێت هەمیشە سەد لەسەد بۆچوونەكانی سیستانی لەناو كۆمەڵگای شیعەدا شوێنی خۆیان گرتبێت، بەتایبەت لەبارودۆخە سیاسییەكەدا، بەڵكو هەندێكجار بۆچوونەكانی نەیانپێكاوەو جەماوەریان لەدەوری خۆی كۆنەكردۆتەوە، بەتایبەت لەدوایین هەڵوێستیدا لەهەڵبژاردنی پێشوەختەی ساڵی رابووردوودا مەرجەعیەت داوایكرد خەڵكی بەشداری دەنگدان بكەن، كەچی بەپێچەوانەوە خەڵكێكی كەم بەشداریان كرد و ێژەی بەشداری نەگەیشتە لەسەدا ٣٥، كە ئەمەش بەشكستێك بۆ هەڵوێستەكانی سیستانی دانرا.

بەپێی بۆچوونی زۆرینەی ئەوانەی كەچاودێری بارودۆخی عێراق و هەڵوێستی مەرجەعیەتی باڵای شیعەكان بەتایبەت (سیستانی) دەكەن بەتایبەت لەچەند ڕۆژی رابووردودا ئەوەبوو كە رێگەی لەهەڵگیرسانی جەنگی ناوخۆیی شیعەكان گرت و ئاوێكی بەو ئاگرەدا كرد كە لەناوچەی سەوز لەنێوان لایەنگرانی موقتەدا سەدرو حكومەت و چوارچێوەی هەماهەنگیدا هەڵگیرسابوو، كە بەهۆی ئەو شەڕەوە زیاتر لە ٣٠ كەس كوژران و سەدانی دیكەش برینداربوون.

لەو بارەیەوە ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز لەراپۆرتێكدا بەناونیشانی» چۆن پیاوێكی ئایینی تەمەن ٩٢ ساڵ جارێكی دیكە رێگری كردەوە لەخلیسكانی عێراق بۆ ناو شەڕێكی خوێناوی؟»، نامەیەكی سیستانی بۆ سەدر ئاشكرا دەكات و نهێنی پشتەوەی راگرتنی پێكدادانەكانی ناوچەی سەوز ئاشكرا دەكات و ئاماژە بەوەدەكات بەرپرسێكی چوارچێوەی هەماهەنگی بەئاژانسەكەی راگەیاندووە ئەگەر نوسینگەی سیستانی نەبوایە، موقتەدا سەدر كۆنفرانسە رۆژنامەوانییەكەی بۆ راگرتنی شەڕەكە نەدەكرد.

بەپێی راپۆرتەكە « كاتێك لێدوانێك لە لایەن پیاوێكی ئایینی عێراقی لەئێران كازم حائیری» دۆخەكەی گەیاندە لێواری جەنگ، تەنیا یەك كەس هەبوو بتوانێت ئەوە بوەستێنێت، ئەو كەسەش پیاوێكی ئایینیی شیعەی تەمەن ٩٢ ساڵ بوو كە جارێكی دیكە سەلماندی بەهێزترین پیاوە لەوڵاتەكەی».

رۆیتەرز ئاماژەی بەوەشكردووە: « ئایەتوڵڵا عەلی سیستانی بەئاشكرا هیچ قسەیەكی لەسەر گرژی و پێكدادانەكانی ئەم دواییەی عێراق نەكردووە، بەڵام بەرپرسانی حكومی ئاماژەیان بەوەكردووە هەڵوێستی سیستانی رێگریكرد كەدۆخەكە لەدەست دەربچێت».

هاوكات بەرپرسێكی حكومەتی عێراقی دەڵێت: « سیستانی نامەیەكی بۆ موقتەدا سەدر ناردووە و تێیدا ئاماژەی بەوەكردووە، ئەگەر تووندوتیژییەكان نەوەستێندرێن ئەوا خۆی بەیاننامەیەك دەردەكات و داوای راگرتنی پێكدادانەكان دەكات، ئەمەش وایدەكرد سەدر لاواز دەربكەوێت، لەگەڵ ئەوەشدا وەها دەردەكەوت كە ئەوە موقتەدا سەدرە ئەو خوێنڕێژییەی لە عێراق دەستپێكردووە». هاوكات بەرپرسێكی لایەنەكانی نزیك لە ئێران ڕاگەیاندووە، ئەگەر نووسینگەی سیستانی نەبوایە، «موقتەدا سەدر كۆنفرانسە رۆژنامەوانییەكەی بۆ راگرتنی شەڕەكە نەدەكرد».

هەردوابەدوای پێكدادانەكان، نوێنەری سیستانی سەردانی پرسەی كوژراوەكانی كردو رایگەیاند عەلی سیستانی لەم دۆخە نیگەران و دڵتەنگە، ئیدانەی ئەم ڕەفتارە ناشیرینەدەكات و پرسەو سەرەخۆشی خۆی ئاراستەی كوژراوەكان دەكات.

ئەم هەڵوێستەی سیستانی ئیدی هەموو ئەگەرەكانی لەبارەی قسەنەكردنی سیستانییەوە لەسەر رووداوەكان یەكلاكردەوەو سەلماندی كە سیستانی دژی جەنگ و دووبەرەكییە.

دەستوەردانی سیستانی لەدواین ساتدا جارێكی دیكەش ئەوەی سەلماندەوە هەرچەندە سیاسییە شیعەكانی عێراق مەرجەعیەتەكانیان جیاوازبێت، بەڵام دواجار ناتوانن لەقسەی ئەو پیاوە ٩٢ ساڵە دەرچن كە بەبێدەنگی لەكونجێكی كۆڵانەكانی نەجەفدا ژیان بەسەردەبات و وەك ئەو درووشمەی بەرزی كردۆتەوە ئارامی و ئاسایشی عێراق بەگشتی و ناوچە شیعەنشینەكان بەتایبەتی لەلایەن ئەوەوە هێڵی سوورەو نابێت تێكبدرێت.

ئەوەی جێگای ئاماژەیە زۆرینەی سەدرییەكان پەیڕەویان لەحائیری نەكردووە كەوازهێنانی خۆی لەمەرجەعیەت هێناو داوایكرد شوێنكەوتوانی پەیڕەوی عەلی خامنەیی رابەری شۆڕشی ئێران بكەن، هەر ئەمەش موقتەدا سەدری توڕەكرد و وازهێنانی خۆی لەسیاسەت راگەیاند، بەڵكو پەیڕەوییان لە عەلی سیستانی كردووەو هەمیشە بەوە تەماشایان كردووە كەئەم مەرجەعیەتە خوێنی عێراقییانەی تیادایە تاوەكو ئەو مەرجەعانەی دیكە كە داوادەكەن پەیڕەوی لەمەرجەعە ئێرانییەكان بكەن، هەر ئەمەش وادەكات زۆرینەی شیعەكان بەگوێی حائیری نەكەن و بەدوای خامنەیی نەكەون، بەڵكو بەدوای سیستانی بكەون.

بەبڕوای زۆرێك لەچاودێران هەرچەندە دەستوەردانی سیستانی رێگەی لەڕشتنی خوێنی عێراقییەكان گرت لەكاتی ئێستادا، بەڵام ئەمە چارەسەری ئەو گرفتە ناكات كە ئێستا لەئارادایە و ناتوانێت هێمنی ئەو كۆمەڵگایە تاسەر بپارێزێت كە زۆرینەی گرووپەكانی چەكیان بەدەستەو دەوڵەت و هێزی دەوڵەت تیایدا لاوازەو دەسەڵات لەدەرەوەی دەوڵەتەوەیەو بەدەستی ئەو پیاوە ئاینیانەوەیە كەزیاتر مەیلیان بۆ ئێران هەیە.

هاوكات بەهۆی هەڵكشانی تەمەن و ئەگەری مردنی تائێستا هیچ جێگرەوەیەك بۆ سیستانی نییەو مەترسی ئەوە دەكرێت كە دوای ئەو كەسایەتییەكی وەها نەبێت زۆرینەی زۆری شیعەكان و تەنانەت مەزهەب و نەتەوەكانی دیكە رێزی بگرن و بەگوێی بكەن، بۆیە هەمیشە ئەگەری پێكدادان و تەقینەوەی ناكۆكییەكان لەئارادایە.

بەڵام ئەوەی جێگەی سەرنجە لەپەیوەندی نێوان سیستانی و موقتەدا سەدر ئەوەیە كە هەمیشە مەرجەعیەتی نەجەف بەتایبەتیش سیستانی بەلای سەدرەوە جێگای رێزبووە، هەرچەندە سەدر بەپێچەوانەی مەرجەعیەتەوە سیاسەتكردنی هەڵبژاردووە، بەڵام هێشتا پەیوەندیی بەهێزی لەگەڵ سیستانی هەیە، بەجۆرێك لەكاتێكدا مەرجەعیەت دەرگای بەڕووی سیاسییەكاندا داخستووە، كەچی سیستانی بەچاوپۆشین لەبۆنەی سەردانەكانی پێشوازی لەموقتەدا سەدر كردووە.

ئێستا كە ئیدی چەكەكان خاوبوونەتەوەو فەتواو دەستوەردانی پیاوە ئاینییەكان شیعەكانیان كۆنترۆڵكردووە، هەموو چاوەكان لەسەر قۆناغی داهاتووی عێراقن كەئایا ململانێكان بەكوێ دەگەن و سیاسییەكان ئەوە تێكدەدەن كە مەرجەعەكان بونیاتیان ناوە یاخود بەگوێیان دەكەن و حكومەتی نوێ و دەوڵەتێكی نوێ بونیات دەنێن.

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار