حوكمداریمان دەوێت!
2 ساڵ لەمەوپێش
لە باشوری كوردستان لەبیست ساڵی رابوردودا وەرچەرخانێكی گەورەی هەمەلایەنە روویداوە، كەدۆخێكی وەهایان بەرهەمهێناوە، خەڵك داوای حوكمداریی بكات. لێرەدا دەمەوێت چەمكی حوكمداریی لەبەرامبەر governanceدا بەكاربهێنم. حوكمداریی هەموو كارو ئەركەكانی حوكمەت لەخۆی دەگرێت. ئەمە تەنها پرۆسەیەكی كۆكردنەوە یان فرەیی نیە، بەڵكو دیدێكی نوێیە بۆ پێكەوەگردان و هەماهەنگیی و بەڕێوەبردن و بەكاربردن.
حوكمداریی تاڕادەیەك نوێیە لەهەشتاكانەوە زیاتر برەوی هەیە. لێكۆڵەرێكی وەك مارك بیڤیر لە زانكۆی بێركلی كەسێكی دیارە لەمبارەدا.
ئارگومێنتی من بەم جۆرەیە. كورد لەناوچەكە لەمێژووی چەند هەزار ساڵەیدا خەڵكانێك بوون لە دەرەوە یان پەراوێزی حكومەتەكان. بەگشتی یان حوكم نەكراون یان نەیانویستوە حوكم بكرێن. بەڵام لەچەند دەیەی رابوردودا كۆمەڵێك گۆڕانكاری لەواقیعی كۆمەڵگادا روویداوە كە خەڵك داوا دەكات حوكم بكرێن یان لەهەناو پرۆسەیەكی حوكمدارییدابن. لەمبارەوە ئێمە هەم تێگەیشتنمان بۆ واقیعمان لاوازەو هەم لەئاستی تیورەیدا.
كورد لەمێژوویدا بەهۆی سەختی و شاخاویی بوونی ناوچەكەی، نەبوونی شاری گەورە، نیشتەجێبون لەپەراوێزی ئیمپراتۆریەتەكاندا، هەمیشە لەبری حوكمداری لەپرۆسەی حوكمنەداریدا ژیاوە. دەكرێت لێرەدا سود لەبیرمەندی گەورەی ئەناركیست جەیمس سكۆت وەربگرین كە باس لەدەوڵەت و دژە دەوڵەت دەكات و هەروەها كۆمەڵگاكانی دەرەوەی دەوڵەت وەها دەبینێت كە بەرگرییان تیادایە بۆ ئەوەی حوكم نەكرێن. ئەو ئەمە ناودەنێت هونەری ئەوەی چۆن حوكم نەكرێیت.
James C. Scott.The Art of Not Being Governed
دیارە سكۆت كاریگەری نیە لەسەر دونیای ئێمە. ئەوەی كەڕەنگە لەبازنەیەكی تەسكدا كاریگەری هەیبێت فۆكۆیە. فۆكۆ وەها ناساندراوە كە دژە یان رەخنەگری حوكمدارییە. بەڵام لەڕاستیدا وەهانیە. كرۆكی فەلسەفەی فۆكۆ دەكرێت لەئەوەدا كورت بكرێتەوە كە چۆن حوكم نەكرێیت وەك ئەوەی ئەوانیتر دەیانەوێت. (فۆكۆ دەسەڵات یەكسان دەكات بەحوكمداریی، یان پیادەكردن) دیارە حوكمداری، یانی پرۆسەیەكی بەڕێوەبردن لەدەرەوەی كەسەكان و ئاراستەكردنیان. ئەمە مۆدێلی زۆر زۆر جیاوازی هەیە.
كۆمەڵگای كوردی لەباشور بەشێوەیەكی زۆرینە بووە بەشاری یان نیشتەجێی شار بووە. ئەم پرۆسەیە هەتا بێت بەخێرایی پەرە دەسێنێت. ئەو هەموو هەڵایەی لەسەر زەوی و دەستبەسەراگرتنی و فرۆشتنی و پارە پەیداكردنی خێرا، نیشانەی ئەوەیە كەشارەكان، بەتایبەتی شارە گەورەكان لەماوەی كەمی داهاتوودا زۆر بەخێرایی گەورەتر دەبن. لەسەر ئەم بنەمایە دەتوانین بڵێین ئێمە چیدی ئەو خەڵكانە نین كە لەلادێ بچكۆلە دابڕاوە دوورە دەستەكانی ناو هەردوو چیا و یاڵەكاندا دەژیاین. لەڕاستیدا گەورەترین هۆكاری مانەوەی كورد وەك كورد، ئەو گوندێتی و شاخاوییە بوو، ئەمە چیدی وەها نابێت. [بۆ نمونە؛ كاتێك برسێتی رووی كردە ئایرلەندا بەهۆكاری نەخۆشكەوتنی پەتاتە، ئایرلەندییەكان ناچاربوون بێن بۆ شار یان كۆچ بكەن، یەكێك لەدەرئەنجامەكانی ئەمە ئەوەبوو كە زمانی ئایرلەندی لەناوچوو]. بەڵكو بەخێراییەكی زۆر لەپانتاییەكی بچووكی شاردا كۆدەبینەوە. گەورەبوونی خێرای شار خۆی چەمكێكی ناو زانستی شارناسییە. گەورەبوونی خێرا وەها دەبینرێت كەنەرێنییەو دۆخێكی تایبەت و ئاڵۆز دروستدەكات.
لەڕاستیدا دەكرێت شار یان بەشاربوون بەشێوەیەكی تریش ببینین، شاریی تەنها ئەو كەسە نیە كە لەشار نیشتەجێیە، بەڵكو ئەو كەسەیە كە دەخوازێت شاریانە بژی، لەهەركوێ بێت. ئەم وەرچەرخانە ئاگاییە، گەرچی رەنگە بەبێ ئاگایی بێت، لەزۆرێك لەدانیشتواندا روویداوە.
لێرەوە بنەمای دیدەكەم زیاتر روون دەبێتەوە. كەسێك كە نیشتەجێی شارە یان كەسێك كە دەیەوێت شاریی بژی، كەسێكە كە داوادەكات حوكم بكرێت یان ببێتە بەشێك لەپرۆسەی حوكمداریی. ئایا ئەم كەسەی كە شاریی بووەو دەیەوێت حوكم بكرێت خاوەن چ دونیابینی و ترس و خەم و دڵەڕاوكێی و حەز و چێژێكە؟ زانینی هەموو ئەمانە گرنگن بۆ حوكمداری ئەم كەسە. ئێمە لەبەرئەوەی خاوەن هیچ ناوەندێكی مەعریفی راستەقینە نین، هەرچەندە زانكۆو ژمارەی دكتۆرا، كێبڕكێی ژمارەی شوقەكان دەكات لەخێرایی و زۆریدا، بەڵام بێسودو بێبەرهەمن.
بەم پێیە یەكەم خاڵی لاوازی حوكمداری ئێمە نەبوونی مەعریفەیە دەربارەی حوكمداریی و هەروەها نەبوونی توانای بەرهەمهێنانی مەعریفەیە بۆ حوكمداریی، لەسەرووی هەمویەوە نەبوونی ئاگایی و هەروەها نەبوونی تواناشە بۆ بەرهەمهێنانی مەعریفە.
بۆ نموونە بەخێرایی: بۆ ئەوەی حوكم بكەیت، دەبێت تێڕوانینێكت هەبێت بەرامبەر بەوەی كە ئایا خەڵك چۆن خۆیان لەدونیادا دەبینن. ئایا خۆیان وەها دەبینن بەشێكن لەكۆمەڵگاو یەكەیەكی گەورەتر؟ ئەوا چۆن پرۆسەی پێكەوەگرێدانی تاك و ئەم یەكە گەورەیە مەیسەر بكەین؟ تیۆرە كلاسیكەكانی حوكمداری پێویستبوونی یەكەیەكی گشتگیری بەهێند وەردەگرن. من هێشتا لەسەر ئەو دیدەم كەكۆمەڵگای ئێمە دەبێت بواری گشتی تیایدا بەرهەم بێت، لەهەردوو ئاستی عەقڵی و كرداریی. بەبێی بوونی گشت، مەحاڵە حوكمداری بەڕێوەبچێت. بوارەكانی وەك وزە، هەوا، رێگاوبان، پانتایی، سەوزایی، ژینگە بەگشتی، ئاو، تەندروستی، ئاسایش، بگرە هەموو بوارەكان بەبێ بوونی گشت یان پەبلیك ناتوانرێت بەتەنها بەڕێوەبچێت. بەرهەمهێنانی گشت پرۆسەیەكی ئاڵۆزە لەكۆمەڵگایەكی وەك كۆمەڵگای ئێمەدا. بوونی گەندەڵییەكی زۆر مانای ئەوەیە خەڵك دەیەوێت گشت بۆ خۆی بەرێت. گەندەڵی یانی نەهێشتنی گشت.
هەركە بۆخۆی یان وەك لە فۆلكلۆری كوردیدا دەڵێن: ئۆخەی، ئۆخەی هەركەس بۆ خۆی، دەكرێت وەها ببینرێت كە نزیكە لەتیورەی بژاردەی عەقڵییەوە. تیورەی بژاردەی عەقڵی یان راشناڵ چۆیس، لەسەر ئەو بنەمایە بونیادنراوە كەهەموو كەس خەم و هەڵپەیەتی بۆ خۆی. عەقڵانیەتیش یانی چۆن دەستكەوتەكانی خۆت زیاتر دەكەیت. ئەم تیورەیە یان ئەم دیدە، لایەنی باش و خراپی هەیە. ئەگەر هەموو كەسێك هەوڵبدات بۆ ئەوەی دۆخی خۆی باش بكات، ئەوا ئەركی حوكمداری ئەوەیە كەچۆن ئەم ململانێیە لەچوارچێوەی یاسادابێت و لەزیانگەیاندن بەدووری بخات. لایەنی خراپی ئەوەیە كاتێك كە یاسا و حوكمداری لەئارادانیە، ئەوا ئەوانەی دەتوانن خۆیان دروستبكەن، وەك دەربڕینە كوردەیەكە دەڵێت، براوە دەبن و ئەوانی تریش كە رێگەیان نادرێت یان دەرفەرتیان نیە، یان بەو جۆرە دونیا نابینن، سەرنەكوتوو و پەراوێزو توڕە دەبن. ئەركی حوكمداریی ئەوەیە كە چۆن ڕێگریی لەئەم دۆخە بكات.
تیورەیەكی تر، كەزۆر لەلایەن خەڵكی دەرەكییەوە بۆ كوردستان بەكاردەهێنرێت تیورەی نیولیبرالە یان بازاڕ. لەم جۆرە حوكمدارییەكدا حكومەت خزمەتگوزارییەكانی وەك كاڵا پێشكەش بەكڕیاران یان خەڵكی دەكات، بەم پێیە پەیوەندییەكی فەراهەمكەرو بەرخۆر دروست دەبێت. سودی ئەم جۆرە حوكمدارییە ئەوەیە رەنگە كوالێی خزمەتگوزاری باش بكات، بەڵام زیانی زۆرە، بەتایبەتی بۆ كۆمەڵگایەكی وەك كۆمەڵگای كوردی لەباشور كە لەسەرەتای حوكمداریدایە. بازاڕ بونیادنەرو لە خۆگرنیە.
مرۆڤی شاریی مرۆڤێكی هەمیشە ترساوە. مرۆڤێكە، بەپێچەوانەی گوندییەوە، بۆ دابینكردنی بچووكترین پێداویستیەكانی ناتوانێت پشت بەخۆی ببەستێت. هەبوونی خواستێكی زۆر بۆ بەڕێوەبردنی ژیانێكی جەنجاڵ، ئەم مرۆڤە وەها لێدەكات كەهەمیشە ناسەقامگیربێت. لەهەمانكاتدا مرۆڤی شاری لەدۆخە نەگۆڕەكەی گوندەوە دەگۆڕێت بۆ ژیار لەدۆخێكی شلدا، كە جگە لەناسەقامگیری خەون و تەماحی زۆری بۆ دروستدەكات. شاریی جۆرێكە لەشۆڕشگێڕ، ئەگەر ماركسیانە بیبینن، چونكە دەیەوێت بەردەوام گۆڕانكاری بكات. ئەوەی روونە، كە خواست بۆ حوكمرانی هەتابێت زیاتر دەبێت و ئەگەر ئاگایی نەبێت بەرامبەری لەداهاتوودا رەنگە مەحاڵ بێت. ئەگەر ئاسانە گوندێك پشتگوێ بخرێت، ئەوا ئێجگار ترسناكە شارێك پشتگوێ بخرێت. شار لانكەی بەریەككەوتن و ئایدیاو جوڵەیە، كۆمارێكی دابڕاوی نەگۆڕنیە، وەك گوند.
ئەمە پرۆژەیەكە لەهەوڵی ئەوەدام كاری زیاتری لەسەربكەم. بەڵام وەك پوختەیەك دەكرێت بڵێین، جۆرێك لەپەیوندی لێكنەگەیشتن یان خراپ لەیەكگەیشتن یان نەبوونی توانای لەیەك گەیشتن لەنێوان كۆمەڵگای گۆڕاوی كوردی و دەستبەژێری حوكمداریی كوردیدا بوونی هەیە. نە خەڵك بەباشی دەزانن چۆن خواستەكانی خۆیان دەربڕن و لەپێناویدا خۆیان رێكبخەن و فشاربكەن لەپێناویدا، نە نوخبەی حوكمڕانی هەست دەكەن كەگۆڕانكارییەكی پارادایمی لەدونیای كوردیدا روویداوە.